دونیا چەندە سەیرە… ئێستا یەکێتی لەخۆمان پارتی ترە…!

27/08/2024

ئاری محەمەد هەرسین

ئەم گوتارە وەڵامێکی سادەو ڕاگوزاریە بۆ پەیامێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەسەر باڵباڵێنی ناو پارتی‌و لەهەمانکاتدا هێرشێکی ناڕەوایە بۆ سەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەمەبەستی داپۆشینی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی یەکێتی لەئیدارەدانی شارو پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان‌و ڕاپەڕین.

لەسیاسەتا غیرەت چییە؟… ئایا مەبدەئی داپڵۆسین، تیرۆر، دەمکوتکردنی کەسانی ئازادیخواز، بەرتەسک کردنەوەی ئازادی گوتار، قۆرخکردنی بازاڕو قۆڵبەستکردنی سەرمایەداران‌و بەتاڵانبردنی داهاتی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان‌و ڕاپەڕین، نمایشی غیرەت‌و ئازایەتییە؟

ئەڵێن بەشێک لەهاوڵاتیانی ئەمدیو دێگەڵە بەشداریی لەپڕۆسەی هەڵبژاردنى په‌رلەمانی کوردستان ناکەن، بایکۆت ئەکەن‌و دەنگ نادەن، چونکە لەئەدای حکومەت توڕەن، ئەم مەوقیفەی هاوڵاتیان مافێکی سروشتیانە، بەڵام ئایا لەکام حکومەت توڕەن؟… لەو ماڵە باجێنەیەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەدەڤەری ئێمە (سلێمانی) دروستیکردوە کە وێنای حکومەتێکی کارتۆنی، بێئەزمون ئەکات، کە نە ئیلتیزامی تەواو بەڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێم ئەکات‌و نە خۆجێیشە؟

کابینەکانی پێش کابینەی (9) کە زۆربەیان لەلایەن بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانیەوه‌ سەرکردایەتی کراون. سیاسەتی پارتی لەو قۆناغانەدا زیاتر ئیدارەدانی فەشەلە یەک لەدوای یەکەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (فەشەلی ناوخۆیی‌و سیاسەتی دەرەوە) بون، ئەویش لەپێناو پاراستنی یەکڕیزیی ناو ماڵی خۆمان، بەڵام ئایا قەدردانی سەرانی یەکێتی بەرامبەر ئەم نیاز پاکیەی پارتی‌و کاک نێچیرڤان چی لێ بەرهەمهات؟… یەکێتی لەڕێگه‌ی کارەساتی (16)ى ئۆکتۆبەر، سیاسەتی خۆ چەماندنەوە بۆ بەغدا (لەڕێگه‌ی سپاردنی موچەوە)و خۆ بچوککردنەوە لەئاست حەشدی شەعبیەوە زیانی گەورەی بەقەوارەی هەرێمی کوردستان گەیاند، مەخابن ئێستاش پاش تێپەڕینی زیاد لە(48)ساڵ لەدامەزراندنی یەکێتی، لەئێستادا گوتارو کرداری پۆپۆلیستی شوێنگرەوەی چەپکە گوڵەکەی مام جەلالە.

یەکێتی باسی باڵباڵێنی ناو پارتی ئەکات، هەڤاڵ مەسرور بارزانی کاندیدی ئێمە بوە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەناو پارتیدا یەک هێڵی ئیدۆلۆژی ڕون‌و ڕەوان هەیە، ئەو هێڵە بریتیە لەڕێبازی مەلا مستەفای بارزان کە سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، کاتێک لەڕەوتێکی سیاسیدا باڵباڵێن دروستدەبێت ئەگەر گومان لەڕابەرایەتی سەرۆکی ئەو ڕەوتە بکرێت‌و پێگەی لەق بێت، عەجەبا پێگەی کاک مەسعود لەق بوە؟… کەس لەحزبی ئێمەدا هەیە گومانی لەڕابەرایەتی کاک مەسعود هەبێت؟… یەکێتی بەخەیاڵێکی خۆشەوە ئەژی کە بەزمانی ئینگلیزی پێی ئەڵێن (wishfull thinking).

یەکێتی ئەڵێت پارتی بوە بەحزبێکی لۆکاڵ، زۆر پێویستە خەڵکی کوردستان لەخۆیان بپرسن ئایا کێ حزبی لۆکاڵە؟، چونکە لەو زۆنەی کە برادەرانی یەکێتی ئەڵێن بەدەست پارتیەوەیە، هەرچی جموجۆڵی سیاسی‌و دیپلۆماسی لەهەرێمی کوردستان هەیە لەهەولێرو لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی (ڕابەری نەتەوەیی)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی (سەرۆکی هەرێم)و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کاک مەسرور بارزانیدا چڕبوه‌تەوە، ئەم سێ بەڕێزەش لەدەرەوەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانیان ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانن‌و ژمارەیەکی دیارن لەمەیدانی سیاستی ناوچەکەو بگرە جیهانیشدا، ئایا ئەمەیە لۆکاڵی بونی پارتی؟

لەوەتەی مەسرور بارزانی بوەتە سەرۆکی حکومەت، بەردەوامیەکی باشی بەپڕۆسەی چاکسازیداوە کە لەقوڵایی کابینەکانی کاک نێچیرڤانەوە ئیلهام وەردەگرێت، بەڵام ئەوەی لەهەموی سەیرترە، یەکێتی لەبری ئەوەی مونافەسەمان بکات‌و خواخوای بێت ئێمە لەناوەوە تێکبشکێین، کەچی بەخەڵکی کوردستان ئەڵێت:‘'له‌و ساته‌وه‌خته‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی‌ ده‌سه‌ڵاتی گرتۆتە ده‌ست، ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ساڵ به‌ساڵ كه‌وتونه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌و ته‌نانه‌ت شیرازه‌ی ناوخۆیی پارتیشی تێكداوه"، دیارە یەکێتی زۆر دڵی بەئێمە ئەسوتێت‌و لەخۆمان پارتی ترە…!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی