رۆژ لە دوای ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار دەچێ، ئەم ململانێیە جگە لەوەی پێگەی هەردوو حزبی لە ناو خەڵکدا لاواز کردوە و خەڵک تا دێ متمانەیان پێ نامێنێت، لە سەر ئاستی سەر ناوخۆی عێراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتیشدا پێگەی کوردی تا رادەیەکی زۆر لاواز کردوە.
ساڵانێکی زۆرە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانی لەژێر رەحمەتی ململانێ و کێبڕکێی دوو لایەنی سەرەکی یەکێتی و پارتی دایە. ئەم ململانێیە کە ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی لە مێژینەی ئایدیۆلۆژی و ئەو دوو حیزبە، لە ئێستادا رەنگێکی بنەماڵەیی لە خۆ گرتووە و هەردوو بنەماڵەکە جگە لەوەی شەڕیانە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەکانیان لە زۆنەکانی خۆیاندا، لە هەوڵی سڕینەوەی یەکتردان بۆ دەست بەسەراگرتنی هەرێمەکە بەتەواوەتی. بەڵام ئەم ناکۆکییانە چەند لێکەوتەیەکیان بۆ سەر کۆمەڵگای کوردی هەیە و لێرەدا بە کورتی دەیانخەینەڕوو.
کاریگەرییەکانی لەسەر ناوخۆیی
لە ناوخۆدا ململانێی نێوان ئەو دوو حزبە کۆمەڵگەی کوردیی بەسەر چەندین ئاراستەی دژ بەیەکدا دابەشکردوە و بەهۆی تەشەنەسەندنی گەندەڵی و بێ متمانەیی خەڵک بە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و ئەدای بەرپرسانی پارێزگا و قەزا و ناحییەکان، تا رادەیەکی زۆر یەکێتی ریزەکانی کۆمەڵگەی لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە، بەرەی ناوخۆی لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکاندا لاواز کردوە. لەم سەردەمەدا کە بارودۆخی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، کەچی بەهۆی کێبڕکێی حیزبی و بنەماڵەییەوە، حکومەتی هەرێمی بە تەواوەتی لە بەرامبەر تەحەددییە ناوخۆییەکاندا دۆش داماوە و رۆڵی نەماوە.
کاریگەرییەکانی لە سەر ئاستی عێراق
دابەشبوون و ململانێیی یەکێتی و پارتی بووە هۆی سفربوونەوەی نفوزی کورد لە بەغدا. لەبری ئەوەی ئەو دوو لایەنە کار بۆ یەکخستنی ڕیزەکانیان بکەن بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەلکی کوردستان، بەڵام بەرژەوەندییە حزبییەکانی هەردوولایان و ململانێ سیاسییەکانیان توانای دانوستانی کوردی لە پێش حکومەتی عێراق بەڕادیەک لاواز کردوە وەزیرێک دەتوانێ یاری بە موقەدەراتی میللەتێک بکات، بگرە ئەم ناکۆکییە ناوخۆییانەی یەکێتی و پارتی دەرفەتی بۆ هەندێ لایەنی سیاسی لە بەغدا ڕەخساند کە هەوڵی سنووردارکردنی دەستکەوتەکانی کورد بدەن و لەمەشدا هەندێ پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی کوردستان هاوکاریانن.
کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتیی
ململانێی نێوان ئەو دوو لایەنە، یان راست تر بڵێین ئەو دوو بنەماڵەیە، لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی، بە فاکتەرێکی کاریگەر دادەنرێت بۆ کەم کردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کورد. ئەم ململانێیە وەک نیشاندەرێک بۆ ناسەقامگیری سیاسی لە ناو ناوچەکەدا سەیر دەکرێت، ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە وڵاتانی هاوپەیمان بە وریاییەوە بیر لە پشتیوانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
هەروەها ئەم دۆخە، ڕێگەی بە وڵاتانی دراوسێ خۆشکردوە، دابەشبوونی یەکێتی و پارتی بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ستراتیژی و ناچارکردنی هەردوو لایەن بە ئەنجامدانی هەندێ کار کە رەنگە لە حاڵەتی یەک ڕیزیدا ئەو خواستەیان نەبێ، وەک ئەوە دەبینین تورکیا و ئێران ناکۆکی ناوخۆیی هەردوولایان قۆستووەتەوە بۆ بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆیان لە کوردستان و وەدەرنانی کوردی بەشەکانی دیکە، بە شێوەیەک ئێستا بۆ کوردی باکور و رۆژەهەڵات و رۆژئاوا، هەرێمی کوردستان نەک هەر ناوچەیەکی نییە بۆ داڵدە و پەناگا، بگرە ئەو مەترسییەی لە هەرێم لە سەریانە لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەش هێندە مەترسیدار نییە. ئەوە جگە لەوەی لە رێگەی دروست کردنی لۆبی و کەسانی سەربەخۆیان، شەوڕۆژ خەریکی نانەوەی ئاژاوە و دووبەری و دروستکردنی پشێوین.
دیارە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەموو ئاستەکاندا کاریگەری نەرێنی هەیە. ئەگەر هەردوولا نەتوانن بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵبن و پێکەوە کاربکەن بۆ بەرژەوەندی هاوبەش، ڕەنگە ئایندەی کورد نەک هەر لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورەتر و ئاڵۆزتر ببێتەوە. بۆ گەیشتن بە یەک ڕیزیی کورد و گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بە هێزەوە، پێویستە سەرکردە سیاسییەکان حیکمەت و دیدگای ستراتیژییان هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی و کارکردن بۆ ئایندەیەکی هاوبەش. ئایا ئەم حیکمەتە لەم سەرکردانەدا هەیە؟!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی