لەڕوی شیكاریی سایكلۆژیوە عینادیكردن لەهەر پرسێكدا، بەرئەنجامی كەمی هۆشیارییو ڕۆشنبیرییە، هەندێكجار ڕادەی زۆری عینادی لەكەسێكدا سەردەكێشێت بۆ خراپی باری دەرەونیو پێویستە وەك نەخۆش مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەپێچەوانەی ئەم تێگەیشتنە زانستیەشەوە، هەندێكجار بەلۆژیكی لوتبەرزیی، یان بێئاگاییەوە عینادی دەخرێتە جێگەی شەهامەتیو ئازایەتیەوە.
تائێرە دەكرێت پرسی عینادیو لەڕوە كۆمەڵایەتیەكەوە تاڕاددەیەك وەك نەخۆشییەكی ئاسایی بونی لەهەر كۆمەڵگەیەك لێكبدرێتەوەو لەڕێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاكو پەروەردەوە چارەسەرێكی قۆناغبەندی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام گرفتو مەترسیەكە لەوێدایە كۆمەڵگەیەك لەسێبەری كەسایەتیەكدا ژیان بەڕێبكەن، كە دوجاری عینادی سیاسی بوەو جڵەوی وڵاتیشی كەوتوهتە دەست.
لە 30 ساڵی ڕابردودا ئەم ڕۆحیەتی عینادیكردنە سیاسییە، لەهەرێمی كوردستان لەكۆمەڵێك پرسی سیاسی چارەنووسسازدا زیانی زۆری بەخەڵكو تەنانەت بەناوو ناوبانگی كوردیش گەیاندوە، ڕەنگە ئێمە یەكێك لەو میللەتە دەگمەنانە بین كە نەمانتوانیوە سود لەئاراستەی ڕوداوەكانو مێژوی میللەتانی تر ببینین، بەڵام كارەساتەكە لەوێدایە، كە نەشمانتوانیوە سود لەمێژوی خۆشمان ببینینو بەچاوێكی ڕەخنەگرانەو ئەزمونگەراییەوە سەیری ئەو ڕابردوە بكەین كە بەهۆی عینادی سیاسییەوە توشمان بوە زیانی گەورەمان لێكردوە.
دیارە حوكمڕانیو وڵات بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن، بەعینادی سیاسی ناچێت بەڕێوە، هەروەها كۆمەڵگە بەعینادی سیاسیو ملهوڕییو زۆرەملێیى، جگە لەوەی توشی تەنگژەیی سیاسیو كۆمەڵایەتی دەكات، لەهەمانكاتیشدا توشی دابڕانی قوڵو پەرتەوازەیی دەكات، مێژوو لێوان لێوە لەكارەساتو شكست بەهۆی لوتبەرزییو عینادی سیاسی سەركردەكانەوە.
دیارە عینادی سیاسی زیاتر بەرئەنجامی دونیابینیەكی بەرتەسكو غیابی هۆشیاری سیاسییە، بڕوابونێكی قوڵە بەتاكڕەویو لوتبەرزییو نەبیستن، بەكەم سەیركردنی بەرامبەرەو بڕوانەبونە بەڕای جیاواز، بۆیە مەترسیدارترین پەتاو دەردی كۆمەڵگە ئەوكاتانەیە كە كەسانی عینادو لوتبەرز جڵەوی دەسەڵاتیان دەكەوێتە دەست، هەر كۆمەڵگەیەك كاتێك هەستیان بەوەكرد كە دەسەڵاتدارو حوكمڕانەكانیان عینادو لوتبەرزو نەبیستن، ئەركی ئانییان، دەبێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی لەوخاڵەوە دەستپێبكەن، چونكە بەپێچەوانەوە دەبێت چاوەڕێی ئایندەیەكی تاریكی وابكەن كە تەنها ناحاڵیەكان، دەربارەكان، عینادی سیاسیان بەشەهامەتو ئازایەتی پێ بفرۆشنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی