لە 1920 بهریتانیەکان سەرپەرشتی سەرژمێری گشتیان کرد لەعێراق، پاشان لە1934، 1927، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، 1997 سەرژمێری گشتی ئەنجامدراوە، لە1997 شارەکانی کوردستان جگە لەکەرکوک بەشداریی ئەم پرۆسەیان نەکرد، بۆیە پرۆسەکە بەناتەواو سەیرکراو پەسەندنەبوو. لەهەموو ئەو پرۆسانە بۆ سەرژمێری 1957 وەک باوەڕپێکراوترین پرۆسە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەتایبەتی بۆ کەرکوکو ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان.
دوای 25 ساڵ عێراق بەرنامەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی داڕشتوە، لەسەرەتای مانگى پێنجى ساڵى 2024وه دەست بەڕاهێنانو ئامادەکاریی کردەیی کرا. لیژنەی ئامارو سیستەمی زانیاریە جوگرافیەکان ڕۆژی 1ى 9ى 2024 دیاریکرد بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی بەستەکردنو ژمارەکردن (الحصر والترقیم) کە دوو مانگ دەخایەنێ، ئەم پرۆسە پێشوەختەیە ئامادەکاریەکە بۆ سەرژمێریی گشتی دانیشتوانو ماڵەکان، بڕیارە لە 20ى 11ى 2024 ئەنجامبدرێت.
بەڵێ ڕاستە دەوترێت "وڵاتیک خاوەن داتایەکی دروستنەبێت وەک ئەوکەسە وایە هەم چاوی نوقاندبێت، هەم لەشەوێکی تارێکدا ڕێگە بکات"، بەڵام ئەم قسەیە بۆ وڵاتێکە کێشەی خاکو نەتەوەو دەستوری نەبێت. نەک وڵاتێکی وەک عێراق لە2005 دەستورێکی هەمیشەیی هەیە، کەچى حکومەتەکەی زۆرێک لەمادەکانی جێبەجێنەکردوە، دوو پێکهاتەی گرنگی وەک کوردو تورکمان بەدرێژایی 35 ساڵی حوکمی بەعس ستەمیان بەرامبەر کراوەو مافیان زەوتکراوە، ئەم حکومەتەی ئێستا بەگوێرەی دەستوریش مافە زەوتکراوەکانیانی نەگەڕاندۆتەوە. لەکەرکوکو تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان هێشتا ئاسەواری بەعس نەک نەسڕاوەتەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی تر بەردەوامی هەیە.
مادەی 140ى دەستور:
1- ئاساییکردنەوە 2- سەرژمێری 3- ڕاپرسی، هیچ یەکێ لەم سێ قۆناغە وەک خۆی جێبەجێنەکراوە، ئەوەی کراوە قەرەبوکردنەوەیە، هێشتا تەواویش نەبوە.
ئێستای کەرکوک:
لەدوای شەڕی تایەفیو دوای هاتنی داعش عەرەبێکی زۆر لەناوچەکانی ڕومادی، سەڵاحهدین، دیالەو موسڵ ڕویانکردە کەرکوکو هەرێمی کوردستان، ئەمانە ناوی نازحیان لێنرا، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر کەیسی نازحەکان داخرا، لەوکاتە ڕاکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک نوسراوی فەرمی ئاراستەی دامەزراوەکانی حکومەت کرد، کە هەمو ئەو ئاوارانەی لەناو شارو قەزاو ناحیەکانو گوندەکان نیشتەجێن بەخەڵکی کەرکوک هەژماردەکرێن، موخان نە حزبێکی کوردی نە حکومەتی هەرێم نەهاتنە دەنگ، کەسێک ئەم هەنگاوەی نا لەدەرئەنجامی ناکۆکی نێوان پارتیو یەکێتی هەڵتۆقی.
نێشتەجێکردنی عەرەب دوای 2017 لەکەرکوک:
یەکەم: دروستکردنی گوندەکانی وەک ئالبودێر، ئەلعیزەو ئەلزەهرا لەسەر شاڕێگەی دوبز-کەرکوکو دەستبەسەرداگرتنی هەزاران دۆنم زەوی کورد.
دوەم: دروستکردنی کێشە بۆ کوردەکانی ناوچەی سەرگەڕان، داقوقو لەیلان.
سێیەم: هاوردنی سەدان خێزانی عەرەبو نیشتەجێکردنیان لەکەرکوک، نمونە: له 5ى 5ى 2019، بەکتابی ژمارە 28336، بەئیمزای لیوا ڕیاز جندی عبدالکازم. ئاراستەی دائیرەی باری کەسێتیو جەوازاتو نیشتەجێ کەرکوک کراوە.
چوارەم: سیمای ناوبازاڕ بەتەواوی گۆڕانی پێوەدیارە، زۆری هاوڵاتی عەرەب، تاکسیو ئۆتۆمبێلی ژمارە دیالەو سهڵاحهدین، بونی کەسانێک لەدورەوە هەستی پێدەکرێت کە نامۆیە بەکەلتوری کەرکوکیان.
لەڕوی سەربازیشەوە، هەمان ئەو شوێنانەی پێش 2003 سوپای عێراقی لێبوە سەرباز بۆی گەڕاوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو شوێنانە هیچ مەترسیەکی ئەمنی لەسەرنییەو 100% کوردنشینە.
حکومەتی هەرێمو پرۆسەی سەرژمێریی:
ئەوەی زانراوە حکومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە و هەریم بەشداری پرۆسەکە دەکات. نازندرێت چۆن رازی بوە؟ چۆن متمانەی بە کەسانیک کردوە کە پابەندی جێبەجێکردنی دەستور نەبوە، یان بە وتەی حکومەت خۆی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ موچەخۆرانی هەریم دەکات. بەڕاستی متمانەکردن بە بەڵێنی ئەم جۆرە کەسانە جگە لە خۆشباوەڕی سیاسی هیچی تر نیە. یان متمانەکە لەوەوە هاتوە لە ئیستمارەی سەرژمێری باسی نەتەوە نەکراوە، ئەمە رێگر نابێت لە سەپاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کەرکوک هەیە. دواڕۆژ منی کەرکوکی باجەکەی دەدەم، وەک چۆن ئێستا باجی هەڵەی سیاسی ئەم حیزبانە دەدەم.
منی کەرکوکی:
بەکورتی، ئەوەی بەندە و سەدان رۆشنبیری کەرکوک قسەمان لەسەر کردوە، درکی پێدەکەین و بە چاو دەیبینین و رۆژانە لەگەڵی دەژین ئەم پرۆسەیە زیان بە پێگەی پێکهاتەی کورد دەگەیەنێ لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی