نمرەی پۆلی 12، ستایشی کۆشش بکەین یان ئەنجام؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا زێڕە

ساڵانە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی ١٢ هەموو چاوەکان دەچنە سەر ئەو فێرخوازانەی کە بەرزترین نمرەیان هێناوە، لەسەر ئاستی باڵا، ڕاگەیاندنی تیڤی و بڵاوکراوەکان. ستایشکردنی ئەو کەسانە بە کارێکی نەگونجاو نازانم، ئەمما ئەوەی گرفتەکەیە بریتییە لە؛ ستایشکردنی ئەنجامی فێرخوازەکان نەک ستایشی هەوڵەکانیان، ئەوان لە ڕووی توانستی لەبەرکردنەوە یەکجار توانادار و بەهرەمەندن، پێویستە سود لەم توانستە ببیندرێت و بە فۆڕمی جیاواز کارییان لەگەڵ بکرێت. لە ڕووی زانستی پەروەردەیی سەردەمەوە ئەم بابەتە تەواو دژە لەگەڵ ئامانجە باڵاکانی بارهێنانی تاکێکی خۆمتمانە و زانستخواز.

لەوەیە بپرسن بۆ ستایشی هەوڵەکان بکەین؟ کاتێک ستایشی هەوڵەکان دەکەین، فێرخواز تێدەگات کە زیرەکی و توانا شتێکی جێگیر نین، ئەمما بە ڕاهێنان و هەوڵدان گەشە دەکەن. ئەوەی ستایشی هەوڵەکانی دەکرێت لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی شکست یاخود بەدەستهێنانی نمرەیەکی نزم، کۆڵ نادەن و دەزانن کە ئەمە کۆتایی ڕێگاکە نییە و پێویستە ستراتیژی جیاواز بدۆزنەوە.

کاتێک فێرخوازێک تەواوی تەرکیزی لەسەرە بەدەستهێنانی (١٠٠)ـە، ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێ و قەلەقییەکی زۆر دەبێتەوە. چونکە نایەوێت ئەو وێنایەی لەلای من و تۆ هەیە کە زیرەکە بشێوێت و بڵێین بۆ (٩٩)ـت هێناوە! کاتێک فێرخوازێک ستایشی هەوڵ و ماندوبونەکانی دەکرێت زیاتر توانستی ڕووبەڕووبونەوە و سەرکێشی لەلا درووستدەبێت، ئەمەش بنچینەی بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە. ئەوان هەوڵیانداوە بۆیە فێربوون، کەواتا پێوداونگی ئەم نمرانە هەوڵدانە نەک زیرەکی، ژیری و بیرتیژی فێرخوازان. کاتێک هەموو سەرنجەکان دەچنە سەر ئەنجام، دەستخۆشی و ستایش ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە زۆر هەوڵیانداوە و ئەنجامەکەیان زۆر بەرز و سەرنجبەر نەبووە، ئەو کات مۆرانە لێدانە لە ئاستی زیرەکی و ژیری تاکەکان. بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا هەنووکە ستایشی ئەنجام دەکەن نەک هەوڵ، ماندووبون و کۆششی فێرخوازان، بۆیە بیرکردنەوەی تاک خراوەتە دۆخێکی جێگیر. لە کۆتایدا دەڵێم: گرینگە لە پاڵ ئەوەی دەستخۆشی لە نمرە بەرزەکان دەکەین، پێزانین و هاندانمان هەبێت بۆ ئەو فێرخوازانەی کە لە وەرزی یەکەم و دووەم بە کۆنمرەی ٦٠ دەرچوون ئێستا کردوویانە بە ٧٠، ئەوەی لە بیرکاری ٤٠ هەبووە ئێستا بووە بە ٥٥ هتد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی