زمانی کوردی و ناسنامەی لۆکاڵییەکان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرەیدون سامان


ئەم سەدەیە، هزری ناسیۆنالیستی، یان هزری ئایینی وەک ئایدۆلۆژیا و دیاردەیەکی "توندڕەو" لە کۆمەڵگەکاندا سەریهەڵدا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە چەندان نەتەوە و ئیتنیک و ئایین و ئایینزایان هەیە، واتە کۆمەڵگەیەکی فرەیی و پلۆرالیزمن، زۆرجار ئەم هزرە توندڕۆیە لەلایەن دەوڵەتە ناوەندە شکستخواردووەکان بەڕێوەدەبرێن، لە ئەنجامدا توندوتیژی و تیرۆر بەرهەمی دەوڵەتێکی توندڕۆی نەتەوەیی یان فەندەمەنتالیزمە، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکیی "شکستی ناسنامە"یە، کە لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی شکستی گوتاری ئایینی یان نەتەوەیی سەرهەڵدەدات، و بوونەتە "بۆمبی کاتی" ئامادەن لە هەر ساتێکدا بتەقنەوە. بۆ نموونە ئەو ململانێ و شەڕە ناوخۆیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، لە چەند ناوچەی دیکەی جیهاندا و  بەتایبەتیش لە کوردستاندا شاهیدی ئەوە تەنگژەی ڕووداوانەن، کە تێیدا هەمووان کۆمەڵکوژ دەکەن، لە ئەنجامی شکستی کارەساتبارانەی شوناسە لەسەر چەند ئاستێک، نە ناسنامەیەکی گەورە توانی ناسنامەی بچووک، نە ناسنامە لە سەرەوە بۆ خوارەوە توانی ئەویدی ڕەت بکاتەوە، تەنها ناسنامەیەک هەیە نەک وەک چەکێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی شوناسەکانی تر، بەڵکو وەک گوتارێک بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ شوناسەکانی تر و ئەویش پێکەوەژیانە لەگەڵ یەکتردا، دواجار ئامانجی نەتەوەی سەردەست لە ناساندنی ناسنامەی ئەم پێکهاتە ڕەسەنانەی کورد وەک زمان و نەتەوەی جیاواز لە گەلی کورد، پاکتاوی نەژادی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بووە لە خاکی نیشتمان و دەستگرتن بووە بەسەر سامانی سرووستی و مرۆیی کوردستاندا.
ئەمڕۆ لەسەردەمی گلۆبلیزە و تەکنەلۆژیای زانیاری ڕەوشەکە جیاوازە و هیچ ناسنامەیەک نییە بە ناوی "من" بەبێ ناسنامەیەک بە ناوی  ئەویتر، "ئەوان/ئەو/تۆ". ناسنامەی "من" هیچ واتایێکی نییە بە بێ ناسنامەی ئەویتر. ئازادی بۆ یەکێک بەبێ ئازادی ئەوی تر نییە. شوناس بە تەنیا ناژی، دابڕاو نییە لە دونیادا، بەڵکو لە جیهاندا، لە ڕێگەی جیهانەوە و لەگەڵ جیهاندا دەژی. یەکسان نییە بە یەک کەس، بەڵکو مرۆڤ وەک فرەیی یەکسان دەکات.
گەلی کورد لە چەندان پێکهاتەی ئیتنیکی و زمانەوانی- زارەکان پێکهاتووە، جگە لە کوردی مسوڵمانی سونە و شیعە، پێکهاتەکانی ئێزیدی و شەبەک و کاکەیی-یارسان، هەروەها زارەکانی کورمانجی بە ژوورو و ژێرییەوە، لەگەڵ زاری گۆران بە هەورامی و زازاکییەوە، زارەکانی کوردی خوارین وەک لەک و لوڕ و کەڵهورو بنزارەکانی، بێگومان هەریەک لەم پێکهاتانە سەر بە نەتەوەی مەزنی کوردن، نەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردستان و نەبوونی یەکێتییەکی نەتەوەیی و جیاوازی ئایینی و ئایینزاییان، وێڕای جیاوازی زار و بنزارەکانیان، هەروەها دووری شوێنی جوگرافی ئەم پێکهاتانە لە یەکتر، جۆرێک لە لێکترازانی بۆ درووست کردوون، بۆیە ئاساییە کاتێکی کوردێکی لوڕ، زازاکی یان هەورامی، یان هەر گرووپێکی تری ئەم پێکهاتانە جەخت لە زارەکەیان وەک زمان دەکەنەوە و هەندێجاریش خۆیان وەک زمان دەناسێنن، ناسنامە لۆکاڵییەکەیان دەخەنە پێش ناسنامە نەتەوەییەکەیان، واتە بەر لەوەی بڵێن ئێمە کوردین، دەڵێن لوڕین، زازاکین، هەورامین، ئێزیدین، شەبەکین، کە هەرهەموویان گوزارشت لە ناسنامە لۆکاڵییەکەی خۆیان دەکەن و هاوکات کوردبوونی خۆیشیان ڕەت ناکەنەوە، کەواتە شوناس هەڵبژاردن، مافێکی سرووشتی هەر گرووپێکە، مافێکە کە لە هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا مسۆگەر کراوە، بەڵام ناسنامە جێگیر نییە؛ واتە بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێت، چونکە ناسنامە بە "لەدایکبوون" وەک شتێکی ڕێکەوت دیار ناکرێت، بەڵکو وەک "شێوازی ژیان" دیار دەکرێت، کەسێکی ئەورووپی یان ئەفریکی کە هەڵگری ناسنامەیەکە، ئەمە هەڵبژاردنی خواست و ویستی خۆی نییە، بەڵکو ناسنامەیەکی بۆماوەییە کە بەسەریدا سەپێنراوە و هەڵیدەگرێت. هەمان شتی بۆ تاکێکی ئێزیدی یان هەورامییەک، زۆرجار لە ئەنجامی پەراوێزخستنی ناسنامەی لۆکاڵی ئەم پێکهاتانە، وەک پەرچەکردارێک جەخت لە سەربەخۆیی ناسنامە لۆکاڵییەکەی خۆیان دەکەنەوە، ئەگینا ناکرێت پێکهاتەیەکی گرنگی وەک هەورامییەکان کە زمانی پیرۆزی ئایینی یارسان(سەرەنجام)ی بە زاری ئەوان  نووسرابێت و تەنانەت زمانی دەسەڵاتی نزیکەی حەوتسەدەی میرنشینی ئەردەڵان بووبێت، کە هەر بەو زارە کوردییە بووە. کەسانێک هەبن حاشا لە کوردبوونی خۆیان بکەن.
 ئەمڕۆ کەسانێک بیانەوێ ناسنامە لۆکاڵییەکەیان بە پێش ناسنامە نەتەوەییەکەیان بخەن، واتە خۆیان لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد دابڕێنن، نەک هەر هەڵەیەکی گەورە دەکەن، بەڵکو خزمەت بەو ئەجیندایە دەکەن کە سەدەیەک پترە دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەر بە پلان و بەرنامەی تایبەت کاری بۆ دەکەن، هەڵبەتە ئەم بۆچوونە بۆ کوردانی ئێزیدی و شەبەک و لەک و لوڕیش هەر ڕاستە، وەک ئاماژەم پێکرد ماوەی سەدەیەک پترە نەتەوەی سەردەستی تورک و فارس و عەرەب بە دامەزراوەی تایبەت بە ناوی ناوەندی توێژینەوەی زانستی و ساختەکردنی بەڵگەی مێژووی نەتەوەیەکی ڕەسەن بە تەرخانکردنی سەدان ملیۆن دۆڵار بۆ ئەم مەبەستە، هەوڵی جوداکرنەوە ئەو پێکهاتە ڕەسەنانەی گەلی کوردستانیان داوە، تا ڕادەیەکیش کاریگەرییان بەسەر هزر و هەستی کەسانێک هەبووە، کە بەداخەوە دەبن بە زمانحاڵی داگیرکەران و دووپاتی دەکەنەوە کورد نەتەوە نییە یان زمانی کوردی بوونی نییەو کورد کۆمەڵە زمانێکە، یان زارەکانی زمانی سەربەخۆن.
بێگومان هەر مرۆڤێک، هەر گرووپێک مافی ئەوەی هەیە ئەو ناسنامەیەی کە ئارەزووی دەکات و ئەو نەتەوەیەی کە شانازی پێوە دەکات، لە باوەش بگرێت، بە مەرجێک بە ناسنامەی خۆی شوناسەکانی دیکە ڕەت نەکاتەوە، و سووکایەتی  بە پیرۆزییەکانی نەتەوەیەکی دیکە نەکات و هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەکانی دیکەش بدات.
سەبارەت بە داگیرکردنی کوردستان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووری، کورد بە ملیۆنانی لەناوچوون و لەناو کۆمەڵگەی نەتەوە سەردەستەکاندا توانەوە، بوون بە عەرەب و تورک و فارس، بۆ نموونە تەنیا سێ ملیۆن کورد لە کوردستانی سووردا لەناوچوون، بەڵام سەد هەزار ئێزیدی لە سایەی پیرۆزی باوەڕەکەیان، زمانی کوردی کە زمانی جیلوە و مەسحەفا ڕەشە بۆ ئەوان هێشتا زیندووە، چونکە لە باوەڕی ئێزیدیدا زمانی کوردی زمانی خودێیە، هەر تەنیا زمانی کوردی ئەو زمانەیە کە لە ڕێگەیەوە پەیوەندی و نزیکبوونەوەی لە خودا و تاووسێ مەلەک  و زەوی و ئاسمان هەیە، هەموو پێکهاتەکانی کوردێنی لە ڕۆحی ئێزیدیدا، لە باوەڕی سروشتییەکەیدا، فەلسەفە خۆر-زاگرۆسیەکەیدا دەبینرێنەوە، تەنانەت خاکی کوردستانیش بۆ ئەوان پیرۆزترین خاکی سەر ڕووی زەوینە، جا ئەگەر سەردانی هەر ماڵێکی ئێزیدی بکەیت، خودانییەک دەبینیتەوە، ماڵی خودان، ماڵێک بە دیواری ماڵەکەیەوە هەڵواسراوە، ڕووخساری بە خۆرەوەیە. ئەم خودانییە پێی دەگوترێت بارات و لەناو ئەودا خاکی لالش و ئاوی لالش و شیری دایکی کوردە، فەلسەفەکەی بریتییە لە بەستنەوەی ڕۆحی ئێزیدییەکان بە خاکەکەیانەوە لە هەر شوێنێک کۆچیان کردبێت و لە هەر شوێنێک نیشتەجێ بووبن.
 گەلی ئێزیدی بەنداوێک و شاخێک و بەربەستێکە ڕێگری لە دەستدان و لەناوچوونی گەلی کورد دەکات، بەڵکو پارێزەری زمان و میرات و مێژوو و مۆسیقا و زمان و جل و بەرگ و سەما و سروشتی کوردستانن، تەنانەت وتە و پێشینەکانی گەلی ئێزیدیش، ستایشی سروشت و شاخ و دۆڵەکانی کوردستانیان تێدا دەبینیتەوە، ڕۆحی تاکی ئێزیدی هەر لە لە دایکبوونەوە تا دوا ڕۆژی ناشتنی، هەر بە زمانی کوردی و ئاوازەکەیەوە گرێدراوە، کە بە ئاوازی دەف و شمشاڵ و مۆسیقای کوردی بە خاک دەسپێردرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی