ڕەنگە هەزاران جار گۆیبیستی ئەو قسە شکێنەرو هیواکوژانە
بووبم کە لەساڵی ٢٠١١ ەوە بێدەنگ نابن و دەوترێنەوە: "کوردانی ڕۆژئاواش تەواو
بوون، شکان، فەوتان دەستەمۆ بوون فرۆشران، تەسلیم بوون، بەگورگان خواردوو دران لەوەش
بێ ماناتر بەشوودران!" بەڵام خۆشبەختانە مێژووی تێکۆشانیان پێچەوانەکەی سەلماندووە؛
ئەوان نەک نەفەوتان، بەڵکو لە شوێنێک شکست بهێنن لەشوێنێکی دی بەهێزتر و بە ئیرادەی
زیاترەوە لە قۆناغی جیاوازدا دەردەکەونەوە. ئەو تێگەیشتنە نێرسالاریی نایەوێ لەوە
تێبگات کە ئەوان میگەل نین بۆ کڕین و فرۆشتن دەست بدەن، زۆربەی شەڕڤان و سیاسەتمەداریان
ژنن بۆیە شوودەکەن و هاوسەرگیری دەکەن و بەشوونادرێن.
ئەوەم باشە بەدوای هەرای عەوام و قەرەباڵغی ناکەوم، بەڵکو
پێشئەوەی زارهەڵهێنمەوە کەمێک سەبر دەگرم و تێدەفکرم و بیری لێدەکەمەوە؛ نەکم یادی
بەخێر هەمووجارێک پێی دەگوتم "ڕۆڵە قسە وەک پاروو وایە باش بیجوو ئینجا قوتی
بدە، قسەش باش بیجو ئینجا فڕێی بدە" بەڵام بەداخەوە ئێستا قسە فڕیدان بەبێ هیچ
بەرپرسیارێتیەک بووەتە باشترین شوناسی کەسەکان عەیبە مرۆڤ قسە بکات و دوایش لێی نەپرسێتەوە.
ئەم ڕێز لەخۆنەگرتن و خۆبەکەمزانییە دەردێکی فرەکوشندەیەو چارەسەریشی حیکمەت و حەکیمی
دەوێ .
با لەباسەکەمان دورنەکەومەوە، هەمیشە بڕوای تەواوم
وابووە کە ڕۆژئاوا هەم هونەری جەنگ دەزانێت و هەم زانستی سیاسەت؛ هەم جەنگاوەری
باشن و هەم سیاسی باش بۆیە متمانەیەکی زۆرم بە ئیرادەی ژنان و پیاوانی ئەو پارچەیەی
دڵی کوردستان هەیە کە ناکەون، بەڵکو بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن.
ئەوەش ڕوونە کە پێوەری ڕاستییەکان تەنیا حەز و ئارەزووەکانی
من نین؛ مەرج نییە ئەوەی لەگەڵ ڕوانینی مندا نەگونجێت هەڵە بێت، چونکە مرۆڤ هەندێکجار
لە لێکدانەوە و تێگەیشتنەکانی خۆیدا تووشی هەڵە دەبێت. بەکورتی مەرج نییە ئەوەی من
بەدڵم نەبوو خراپ بێت ڕەنگە لێکدانەوەکەی من خراپ بێت، ئەمە فەلسەفە و تێڕوانینی
منە بۆ ژیان و سیاسەت؛ تێگەیشتنێکە لەسەر بنەمای واقیعبینی و ڕێزگرتن لە خەبات.
مێژوو بە قسەی سەرپێیی و زێدەڕۆیی تۆمارناکرێ و دروست
ناکرێ رەنگە بەدرۆ بنوسرێتەوە بەڵام بەدرۆ دروستناکرێت، تەنانەت بە قوربانیدانی زۆریش
مەرج نییە بەڵکو بە حیکمەت و سیاسەت و
دانایی ساز دەبێت.
هەتا
ئێستا ڕۆژئاوا سەلماندوویەتی کە تەسلیم نابێت لەکن وان تەسلیم نەبوون بووەتە باوەڕ
خۆڕاگری تەنیا دروشم نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە لە تێکۆشین و فێربوون،
گونجاندن و بونیادنانەوەیە لەناو جەرگەی ئاگردا. دەی خۆئازا ئەوانە نین کە لە نوتەکدا
جنێۆ بە تاریکی دەدەن بەڵکو ئەوانەن کە مۆمێکی بەڕوودا دادەگیرسێنن. ئەوەی ئەم ئەزموونە
دەپارێزێت تێکەڵکردنی حیکمەتی سیاسەتە لەگەڵ ئازایەتی مەیدان، بۆیە ئەو بڕوایەی من
بە ئایندەی ئەوان هەمە، لە خۆزگەوە نەهاتووە، بەڵکو لە خوێندنەوەی خۆم بۆ واقیع و
باوەڕبوون بە ئیرادەی مرۆڤی سەرڕاستە.
ماوەتەوە بڵێم وا گریمان دووربا ئەوان شکستیان هێنا
ئایا دەبێت ئەوان سەرکۆنە بکەم یان داعش و تیرۆرست و دەوڵەتداری فاشست؟ باشە ئەوە
چ لۆژیکێکە من بەڕشتنی تۆوی بێ هیوایی خزمەت بەفاشیزم و تیرۆرستان و ستەمکاران بکەم
..؟ گرنگە دڵسۆزبین بەڵام بەچی دەچێت دڵسۆزێکی ساویلکەو نەزان بین.
رەخنە و موهاتەرات تێکەڵ مەکە، چونکە ڕەخنە ئەرک و
مافەو پێموانییە ئەوانیش ریز لە ڕەخنە نەگرن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی