ئەزموون‌و کورسی‌و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی

04/09/2024

سۆزان حەمەتاتە

لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکان، کەچی هێشتا ئەزموونی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان شایان بەوەیە بەئاراستەی چاکسازیی بیبەین نەک بەرەو تونێلە تاریکەکە و لەبەر یەکهەڵوەشاندنەوەی کە ئەوە خواست و سیاسەت و پیلانی دوژمنە بۆ ئەوەی بەگەڕێینەوە  چوار گۆشەی یەکەم و خاوەنی هیچ نەبین، بۆیە رێگرتن لە جێبەجێکردنی ئەو پیلانە ی دوژمن ئەرکێکی گرنگە و دەبێت خەمی هەموومان بێت.

ئێستا لەهەر کات زیاتر ئاراستە و رێڕەوی فەرمانڕەوایی لە کوردستان ڕوو  لە تێکچوونە، سەیربکەن ململانێیی نێوان هێزە سیاسییەکانی بەرپرسیار لە هەرێمی کوردستان و عیراقیش گەیشتووەتە مریشکەڕەشە و قۆڵبادانی یەکتر لەبری سازکردنی گفتوگۆی نیشتمانی بۆ گەیشتنە دەرچەی چارەسەر هەرچی ئەو کێشانەیە کەوا هەن.

ئەوەی بارودۆخەکەی زیاتر بە ئاراستەی ئاڵۆزبوون بردووە، نزیکبوونەوەیە لە بانگەشە و رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، دەبینین هەرچی هێزی سیاسییە رۆژ لەدوای رۆژ بەزمانی زبر گوتار و بانگەشەی تووند دەکات و بیری ئەوەی نییە هەر چەند رۆژێک دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان و پەسندکردنی، لەسەریان پێویستە لەگەڵ یەکتر دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بکەن، کە هەر دەشبێ دابنیشن و گفتوگۆ بکەن.

هێزی سیاسی جگە لە بەرنامە سیاسی و رەچەتەی هەڵبژاردن، بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بیربوونی لە داهاتوو ی پێویستە، کورسی کەم و زۆر دەکات و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن جێگۆڕکێ دەکەن، بەڵام کوردستان بۆ هەمووانە و دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە مەترسیی گەورە هەیە و پیلانی زۆر گەورەو جدی بۆ تێکدان و بچووکردنەوەی کوردستان لەئارادایە، نابێت هیچ هێزی سیاسی خۆی بە گەورە بزانێ، بەڵکو کوردستان ماڵ و ئامانجی گەورەی هەموومانە و پاراستنیشی لەپێشترین ئەرکە.

کورسیی پەرلەمان بۆ حوکمڕانی گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە بەرانبەر خاک و نەتەوە و هاوڵاتییانی، هێنانەکایەی دادپەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەرکی هێزی سیاسیی بەرپرسیارە، هەر هێزێک ئەوە بکات ئەوە کورسی و دەنگ و رەنگیشی زیاد دەکات و دەتوانێ ببێتە جێی متمانەی خەڵک، کە روونیشە هەر خەڵکە سەرچاوەی شەرعیەت و پرۆسەی سیاسییە.

هەڵبژاردن قۆناغێکە دێت و دەڕوا و چەندیش دوا بکەوێ هەر لەدەست ناچێ، بەڵام کوردستان هەر یەکە و لەدەست دەربچێ ئاسان دەستناکەوێتەوە، ئیتر با (زمان تووندی، خۆبەزلزانیی سیاسی، رق و کینەی ڕابوردوو وەلا بنرێن تەنها لەپێناو کوردستان و خەڵکەکەی، ئاشکرایە مەترسییەکان زۆر زۆر گەورەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی