سایکۆلۆژیای سیاسی سەرکردە گەنجەکانی حزبە سیاسیەکان‌و کاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی

07/09/2024

دکتۆر مەجيد ساڵح

لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو نەوەیەک لە گەنجی تازە نەفەس لە رێگەی کۆنگرەی  حزبەکانیانەوە  هەلی بوون بە سەرکردەیان بۆ رەخسا. لە دۆخێکی ئاساییدا هاتنی ئەم نەوە نوێیە لە سیاسەتمەداران کارێکی نۆرماڵ و بگرە پێویستیشە، چونکە مەفروز وایە ئەوانە کەسانی خوێندەوار و مۆدێرن و  خاوەن ئەزموونی جیاواز بن  بەبەراورد لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان، هیوایان لێ دەکرێ داهێنان و گۆڕانکاریی گەورە لەبواری سیاسیدا لەهەرێم دروستبکەن.

بەڵام بەداخەوە ئەزموونی ئەم یەک دوو ساڵە پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێ و تادێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم نوخبەیە زیاتر دەردەکەون و خەریکە دەبێتە دیاردە و  پرۆسەی سیاسی لە هەرێم خەریکە بەرەو تەقینەوە دەچێ و تا دێت  بێ متمانەیی خەڵک  بە ئەحزابی سیاسی و بەشداری سیاسی زیاترو زیاتر دەبێ.

سایکۆلۆژیای ئەو سەرکردە گەنجانە و شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتەکانیان  کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر رەوتی گەشەسەندن و سەقامگیری سیاسی هەرێم داناوە و رەنگە بکرێ سایکۆلۆژیەتی ئەوان لەم خاڵانەدا کورت بکەینەوە:

یەکەم:  متمانەی لەرادەبەدەر بەخۆبوون و نەبوونی ئەزموون:
زۆرجار سەرکردە گەنجەکان بە متمانەیەکی زۆرەوە دەچنە ناو سیاسەتەوە. ئەم متمانە بەخۆبوونە کە زیاتر هەڵقوڵاوی ستراکچەری کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی هێزی سەربازی و مادییە کە لە بنەماڵەکانیانەوە بۆیان ماوەتە، نەک مەعریفە و شارەزایی سیاسی، هەندێکجار دەبێتە هۆی ئەوەی گرنگی بە تێکچوون  ئاڵۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان نەدەن. چونکە لە بنەڕەتدا  لە بوارە هەستیارەکانی سیاسەتدا کەمی ئەزموونن، بۆیە بڕیاری بەپەلە و پێنەگەیشتوو دەدەن، کە دواجار ناسەقامگیریی لە پرۆسەی سیاسییدا دروست دەکات.

دووەم: حەزکردن لەکێبڕکێی توندو نەبوونی گیانی هاوکاریی:
سەرکردە گەنجەکان، هێندەی ئارەزووی کێبڕکێی توندی حزبی و خۆبەهێزکردن و  بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدەن،  ئەوەندە گرنگی بە کاری دەستەجەمعی نادەن. ئەم مەیلە بۆ کێبڕکێ، لەبری هاوکاری لەگەڵ حزب و گروپە سیاسییەکانی دیکەدا، بوەتە هۆی دووبەرەکی و نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان بڕیاردەرانی سیاسیدا. ئەم جۆرە ڕەفتارانە ڕێگری لە پەرەپێدان و جێبەجێکردنی سیاسەتی درێژخایەن و کاریگەر دەکات.

سێیەم: کاریگەريی فشارەکانی سۆشیال میدیا:
لەدونیای ئەمڕۆدا سەرکردە گەنجەکان بە هۆی بوونی چالاکی زۆری خەڵک لە سۆشیال میدیادا کەوتونەتە ژێر فشار و  کاریگەری  کۆمەڵایەتییەکانی و  فشاری ڕای گشتییان. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بڕیاردانی عاتیفی و ناجێگیر و هەڵەی گەورە. وای لێهاتووە گەنجانی سیاسەتمەدار، بەشێکی زۆری شەڕەکانیان هێناوەتە ناو سۆشیال و میدیا و لە ڕێگەی بڕیاری پۆپۆلیستییەوە بەدوای پشتیوانییەکی یەکسەردا دەگەڕێن.

چوارەم: بێتوانایی لەئیدارەدانی گرژيی و قەیرانەکان:
بەڕێوەبردنی قەیران و گرژییە سیاسییەکان پێویستی بە ئەزمون و لێهاتوویی تایبەت هەیە، بەداخەوە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا ئەمە لەنێو سەرکردە گەنجەکاندا بوونی نییە. له هه ڕێمی کوردستان که بەردەوام  لەدەوروبەرەوە ائاستەنگی سیاسی و ئەمنیی و ئابوری بۆ دروست دەکرێ، ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو دەری خستووە سەرکردە گەنجەکان بێ توانان له بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ئەمەش کاریگەری جیدی لەسەر ئایندەی هەرێم هەیە.

لەحەقیقتدا بوونی سەرکردە گەنجەکان لە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێ دەرفەت بۆ  داهێنان و گۆڕانکاری سیاسی گەورە دروست بکات. بەڵام سایکۆلۆژیای ئەم سەرکردانە و نەبوونی ئەزموونی سیاسیی کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێم داناوە. بۆ ڕێگریکردن لەم کاریگەرییە نەرێنیانە، پێویستە ئەم سەرکردە گەنجانە لەلایەن سەرکردەی بەئەزموونترەوە سەرپەرشتی و ئامۆژگاری بکرێن و سوودمەند بن لە هاوکاری و کارلێکی زیاتر لەگەڵ گروپە سیاسییە جیاوازەکان بۆ ئەوەی بتوانن لەبری کێبڕکێی تێکدەرانە بەشداری بکەن لە گەشەپێدان و سەقامگیری سیاسی لە هەرێم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی