کاتێك لەگەڵ خەڵکدا لەسەر ئەوەی سەرەوە دەدوێت
ڕووبەڕوی دوو پرسیار یاخود دوو وەڵام دەبیتەوە. یەکەم: بۆیکۆت هیچ ناگۆڕێت و دەچێتە گیرفانی حیزبەکانەوە و لەو بارەشدا لایەنە
هەرە خراپەکە سوودمەند دەبێت . دووەم: ئەی ئەگەر بۆیکۆت بکرێت جێگرەوە چییە؟
بەڕای من ئەو بۆچوونانە هەردوکیان هەڵەن نە چارەیە
و نە گۆڕانکارییەکیش دەکات ، چونکە چارە ئەوە نییە کە ئێمە دەنگ بە لایەك بدەین ،
شەر لە بەتاڵی باشتر نییە، شەڕێك نییە یەخەی گرتبێتین و گەر نەیکەین تیادەچین و
زەرەرمەندی هەمیشەیی دەبین . لە ڕاستیدا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لە نێوان هەموو ئەو
بەربژێر و حیزبانەدا تەنها دوو بژاردەمان هەیە خراپ و خراپترین. لەو بارەشدا ئێمە دەنگ بە خراپەکە دەدەین تاکو خراپترینەکەمان
لە کۆڵ ببنەوە .
گومان لەوەدا نییە کە لەناو ئەو بەربژێرانەدا
کەسانی زۆر باش و دڵسۆزیان تێدایە بە
هەموو نێت و ئاوەزی خۆیانەوە وا هەست دەکەن کە ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن. بەداخەوە کە ئەو برادەرانە ئەوەند هۆشیاریان
نییە و قووڵ نەبوونەتەوە لە کێشە محەلییەکان و جیهانییەکاندا. ئەوان ئیدراکی ئەوە ناکەن کە تۆ هەر جۆرە
حکومەتێك دامەزرێنیت ناچاریت کە ببیتە
پاشکۆی ئەم سیستەمە ، پاشکۆی ئەوەی کە پێی دەلێن کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی . بۆیە لەو بارەدا دەبێت ئەوە بزانین ئەو کەسە
باشانەش کە خۆیان بەربژێر کردووە دەبنە پاشکۆ و سیستەمەکە زۆر بە باشی دەیانگۆڕێت
بەو جۆرەی کە پێویست بکات . ئەوان دەبنە برغویەکی سلاك، لەکار کەوتوو، کەبێ ئەو
برغوانەش پێچکەی عەرەبانەی سیستەمەکە لەڕۆیشتندایە . ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانیش دەبنە بەشێك لە
داپڵۆسەر و سەرکوتکەری ئەو چین توێژاڵانەی کە پێشتر داوای دەنگدانیان لێدەکەن و
گوایە 'ئەم و ئەمان' جیاواز دەبن لەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن .
بۆیکۆت هەڵوێستە ، لە ساتە وەختێکی ئاوادا هەڵوێست
و هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە کە بەرهەمی
دەبێت ، ڕسوایی و نابەدڵی و نادڵسۆزی و زوڵم و زۆری ئەنجامی پرۆسەکە و سیستەمەکە نیشان دەدات . بۆیکۆت هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕانکاری گەورە لە
سیستمەکەدا ، هەرگیز شۆڕش ڕوونادات بێ هەنگاوە بچووك و پێشەکییەکانی. هەرگیز
ساوایەك بێ نانی هەنگاوی زۆر بچوك فێر نابێت یا ڕانایەت لەسەر نانی هەنگاوی گەورە
و دواتریش ڕاکردن .
بۆیکۆت یانی پێشەوەچوونی هۆش و گۆشی خەڵکی کە
گەورەترین مەترسی لەسەر دەستەبژێر و حوکمڕانان دروست دەکات کە بە هۆش خۆیان
دەهێنێتەوە کە ئەوان ڕووبەری مەترسی گەورە بوونەتەوە .
ئێمە
خۆمان لە ناهۆشیاریمانەوە تەقدیری بۆیکۆت ناکەین بەڵام سیاسەتمەداران و
دەوڵەتمەداران زۆر باش دەیکەن ، ئەوان دەزانن چ مەترسییەك ڕووبەروویان دەبێتەوە . هەر
ئەمەشە کە بە ملیۆن پاوەند و دۆلار و یورۆ لەو هۆکارەدا سەرف دەکرێت کە بۆچی خەڵك
دەنگ نادات؟ ئەوان ناوەرۆك و حەقیقەتی بۆیکۆت تێدەگەن، ڕووکەشانە نایبینن ، یا
وەکو دیاردەیەکی ئاسایی هەڵوێستی دەنگدەر نایبینن ، ئەوان ئەو دیوی کارەساتەکان و
دیاردەدەکان دەخوێننەوە کە بۆیکۆت چەکەرەکردنی دەربڕینی چالاکی ناڕەزایەتی و
دروستبوونی هۆشیارییە ، دەزانن کە چ مەترسییەکە بۆیان ، مەترسیی بە هۆشهاتنەوەی جەماوەری ناڕازییە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی