ئەم پەیامە لە گەرمەی سەرکوتکردنی دروزەکانی سەحنایا و جەرمانای دیمەشقدا و لە دەیان ڤیدیۆی ریکۆرد کراودا لەلایەن چەکدارە عاڕەبە سوننەکانی سوریاوە لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا بڵاوکراونەتەوە و بوونەتە ترێندی سۆشیال میدیای عاڕەبە سوننەکان.
پێشتریش لەکاتی قەتڵوعامی عەلەویەکاندا هەمان پەیامی فاشیستانەی ئاگرین و هەڕەشە ئامێزیان یەک لەدوای یەک بۆ کورد دەنارد.
ئەم پەیامە خوێناویانە دژی کورد پێوانەیەکە بۆ تێگەییشتن لەوەی کۆمەڵگای عاڕەبە سوننەکان بە چ ئاقارێکدا دەڕوات.
جڤاکی عاڕەبە سوننەکان ئێستا کت و مت لەو قۆناغە دان کە کۆمەڵگای شیعەکان لە ئێرانی دوای روخانی شا پێیدا تێپەڕین، بەتایبەتیش لە نێوان شوبات و دیسەمبەر (مانگی ١٢)ی ١٩٧٩ دا.
لەم قۆناغەدا فاشیزمی عاڕەبە سوننەکان لە پرۆسەیەکی راگوزەر دایە کە تێیدا فاشیزم دەبێتە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و دەچیتە سەر شەقام و ناو ماڵەکان و دەکرێت بە خێراترین و فراوانترین پرۆسەی بە جەماوەریکردنی فاشیزم و تەکفیر و تیرۆر ناوبنرێت.
لەم قۆناغە راگوزەرییەدا فاشیزم و توندرەوی و تەکفیر و تیرۆر لە کۆنترۆڵی دامەزراوەکان دەردەچێت و لە قاڵبی موئەسەساتی دەوڵەتی و حیزبی دێتە دەر و دەگەنە ناو شەقام و ماڵەکان.
ئەمە قۆناغە هەرە مەترسیدارەکەی فاشیزم و تەکفیرە و مومارەسە کردنی چیتر سنووردار و رێکخراو و مەرجدار نییە، بەڵکو دەستی کراوەیە و گورزەکانی عەشوایی و چاوەڕوان نەکراو و بێ قەید و شەرتن و بێ شەرت و کۆنترۆڵ نەکراون.
ئێستا کۆمەڵگای عارەبی سوننە سیخناخە بەو جۆرە فاشیزم و تەکفیریزمە جەماوەری و کۆنترۆڵ نەکراوە و تینووی کوشتار و سڕینەوەی کورد و عەلەوی و دروز و کریستیانەکانە.
هەموو فاشیزمێک و تەکفیرییەک شەڕەنگێز و مەترسیدارە، بەڵام ئەم فۆرمە فاشیزمەی کە لەم قۆناغە راگوزەرییەی سوریا پێیدا تێپەڕ دەبێت کە فاشیزم و هێزە تەکفیریەکان بە میللی کراون و لە کۆنترۆڵ دەرچوون، لە فۆڕمە هەرە شەڕەنگێز و مەترسیدارەکانە.
دەبێت کورد لە رۆژاڤا ئەو راستییە تاڵە بزانێت کە زۆرینەی جینۆسایدەکان لەم قۆناغە راگوزەرە و بە جەماوەری بوون و لە دەرەوەی موئەسەساتبوونی فاشیزمدا ئەنجام دراون.
بۆ نموونە، لەم قۆناغەدا بوو کە تورکەکان ملیۆن و نیوێک ئەرمەنییان جینۆساید کرد، لە رەواندە هوتوەکان ملیۆنێک توتسیان قەتڵ و عام کرد و خومەینییەکانیش لە ئێران دەیان هەزار کەسیان لە چەپ و لیبراڵ و موجاهید و کورد قەتڵ و عام کرد.
ئەوەی ئەم فاشیزم و تەکفیریزمەی عاڕەبە سوننەکانی هەندێک لغاو کردووە، رژێمەکەی جۆلانی نییە.
جۆلانی زادەی ئەو زەلکاوەی فاشیزم و تەکفیریزمە و مانەوەی بەندە بە گەشەسەندن و ریشەداکوتانی ئەم فاشیزمە و شەپۆلە تەکفیرییەکانی عاڕەبە سوننەکان.
ئەوەی عارەبە سوننە فاشیست و تەکفیرییەکان لە چاوەڕوانی هەڵکێشانی شمشێرەکانیاندا هێشتۆتەوە بوون و هەژموونی هێزگەلی وەک ئەمریکا و روسیا و ئیسڕائیلە لەسەر خاکی سوریا وە گیرۆدە بوونی ئەو وڵاتەیە بە ئەمبارگۆی ئابووری و سیاسی نێودەوڵەتی.
دەبێت ئەوش بزانین کە فاشیزم نامۆ نییە بە سوریا و تەمەنی نزیکەی سەدەیەکە.
لانی کەم لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو بەدواوە، فاشیزم و توندرەوی سیمای هەرە دیاری کۆمەڵگای عاڕەبەکانی سوریا بووە و بەردەوام توانای خۆ بەرهەم هێنان و ئاراییشدانەوەی هەبووە.
بەعس و رژێمە فاشیستەکەی لە هەناوی ئەم کۆمەڵگە توندرەوەدا لەدایک بوون و هەر ئەو تەوژمە فاشیەش بوو کە نیو سەدە بەعسی کردە حوکمڕانی سوریا.
بەلام ئەم فاشیزمەی ئێستا چەندان قات مەترسیدارتر و شەڕانگێزترە لەو فاشیزمەی کە بەعسی بەرهەم هێنا و کردییە حاکمی شەست ساڵەی ئەم وڵاتە.
مەترسیداری فاشیزمەکەی عارەبە سوننەکانی سەردەمی جۆلانی لەوەدایە کە لەلایەکەەوە شەرعییەت و قودسیەت و هەقیقەتی رەها لە توراسی هەزار ساڵەی مەزهەبی سوننە وەردەگرێت و لەو روانگەیەشەوە وشیارانە و لێزانانە خۆیان بە نەوەی ئومەوییەکان دەناسێنن.
لەلایەکی تریشەوە، هێشتا فاشیزمی عاڕەبی سوننە خۆی لە حیزب و موئەسەساتی دەوڵەتیدا رێک نەخستووە.
لەهەمووشی گرنگتر، ئەم فاشیزمە چەندە شۆڕ بۆتەوە ناو کۆمەڵگا هێندەش کۆمەڵگای کردۆتە کۆمەڵگایەکی میلیتانتی (چەکداری).
ئێستا کۆمەڵگای سوننەی سوریا میلتیانترین کۆمەڵگای سەر ئەم زەمینەن.
کورد لە رۆژاڤا لەگەڵ ئەم کۆمەڵگا سیخناخە بە فاشیزم، تەکفیرییەت و میلیتانتییە دەرگیرە.
لەسەر ئەم بنەمایەش دەکرێت بڵێین کە ئەم قۆناغەی کورد پێدا تێپەڕ دەبێت مەترسیدارترین و هەستیارترین قۆناغە.
لەهەر چرکەیەکدا دەبێت رۆژاڤا چاوەڕوانی هێرشی سەدان هەزار چەکداری تەکفیری خوێن رێژ و نارێکخراو و کۆنترۆڵ نەکراو بێت.
هێرشی باندگەلی نارێکخراو و کۆنترۆڵ نەکراو کە شەڕی کورد بە شەڕی کوفر و ئیلحاد و تاکی کوردیش بە سەگ و بەرازەکانی قەندیل دەبینێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی