لە چەند دەیەی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە
لە زۆربەی بوارەکاندا، بەڵام دڕن و کەلێنێکی گەورە هێشتا لە بواری ڕاگەیاندنی پیشەیی
و سەنگیندا بەدی دەکرێت. چونکە ئەمڕۆ، سەرەڕای بوونی دەیان کەناڵی میدیایی، زۆربەی
هەرە زۆریان لە ژێر کاریگەری حیزب، ڕەوت یان کەسایەتییە سیاسییەکاندان، کە ئەمەش کاریگەرییەکی
نەرێنی لەسەر متمانەی جەماوەر و ڕۆڵی ڕاستەقینەی میدیا دروست کردووە.
میدیای جیدی و پیشەیی یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی باوەڕپێکردن لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.
کاتێک میدیا سەنگین و جیدی بێت، هەواڵ و ڕاپۆرت و شیکردنەوەکانی بە شێوەیەکی بابەتی
و دوور لە هەڵچوون پێشکەش دەکات، کە لە ئەنجامدا خەڵک دەتوانن متمانەی پێ بکەن و وەک
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەیری بکەن.
میدیای جیدی ڕۆڵێکی بنەڕەتیشی هەیە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە سەبارەت بە مافەکانیان،
ئەویش لە ڕێگەی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و دەرخستنی کەموکوڕییەکان، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ گۆڕانکاری
و چاکسازی خۆش بکات. بەڵام کاتێک میدیا دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئاڕاستە سیاسییەکانەوە،
ناتوانێت ڕاستییەکان وەک خۆی پیشان بدات و دەبێتە ئامڕازێک بۆ پەیڕەوکردنی بەرژەوەندی
تایبەت.
لە هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە پرسە نەتەوەییەکان، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێویستیان
بە چارەسەری دروست هەیە، بۆیە پێویستە میدیای سەنگین و جیدی لە دەرەوەی ملمڵانێی سیاسی
و حیزبی بیر لە بەهاکان و نەتەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵگە بکاتەوە. هەروەک
میدیای جیددی و پیشەیی دەتوانێت وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی پێشکەوتووانە، کۆمەڵگە ڕابهێنێت
لەسەر گوێگرتن لە بیروڕای جیاواز و قبوڵکردنی پێکەوەژیان، کە ئەمەش بەرەو دەوڵەمەندکردنی
ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەنگاو دەنێت.
میدیای جیدی و پیشەیی، بێگومان یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی دیموکراسی، چونکە
دەبێتە چاودێری دەسەڵات و لە کاتی پێویستدا بە ڕەخنە و هەڵوێستی دروست، دەتوانێت کاریگەری
ئەرێنی لەسەر بڕیاردان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە هەبێت. هاوکات، میدیای جیدی و سەنگین
دەتوانێت وەک چەترێک کار بکات بۆ کۆکردنەوەی ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، لێکۆڵەرەوان
و پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان لە دەوری یەکتر، بۆ دەوڵەمەندکردنی گوتاری کوردی و دروستکردنی
بنچینەیەکی فیکری و هزری پتەو لە هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان، وەک ناوچەیەکی هەستیار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستی بە
میدیای سەنگین و جیدی هەیە، کە بتوانێت پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بە قووڵی و
دوور لە هەڵچوون شیکار بکات، بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و گەل لەبەرچاو بگرێت و
ببێتە هۆکارێک بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە. بەم شێوەیە، بۆشاییە گەورەکەی بواری میدیا لە کوردستان
پڕ دەکرێتەوە و مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی سپی دەکاتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی