ئاوارەبوونێکی بەختەوەرانە...

13 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەدی مەلا

بە رواڵەت دەستەواژەیەکی پەرادۆکسە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا وا نییە. لەسەدەی نۆزدەمەوە تاکو سەدەی بیستەم، کورد لە قۆناغی جیاوازدا ناچاربووە زێد و نیشتیمانی خۆی جێبهێڵێت ؛ هاندەری یەکەم سیاسەت یا جەنگ بووە.
پێویست بە بەسەرکردنەوەی مێژوویی ناکات، لە زۆر شوێن و لە لایەن نووسەرانی جیاوازەوە، قۆناغەکانی ئەم ئاواربوونە بەسەرکراونەتەوە، هەر نووسەر و بە شێوەی جیاواز و بە مێتۆد و خوێندنەوەی جیاواز ئەم قۆناغانەیان تاوتوێ کردووە و ئەنجامی جیاوازیان لێهەڵهێنجاون.
ئاوارەبوونی نەوەی ئێمە لە دەسپێکی جەنگی نێوان ئێران و عێراقەوە دەستپێدەکات، ئاواروبوونێکی زۆرەملێی بوو، بەڵام چەند بژاردەیەکت لەپێش بوو...
ئەگەر ئاوڕ لەم چل ساڵەی دوایی بدەینەوە، هەست دەکەین، ئەم ئاوارەبوونە ئاواربوونێکی بەختەوەرانە بوو، لە دۆزەخی کۆمەڵگایەکی نغرۆی شەڕ و کاولبوون لە لایەک، لە دە لایەنی دیکەوە، کۆمەڵگەیەکی سوننەتی داخراو، دابڕاو، دوور و دژوار، دوورکەوتینەوە.
ئەم ئاوارەبوونە بە زۆر شت ئاشنای کردین : کەلتور و زمان و نەریتی جیاواز و ئەقڵییەتی دیکە، هەڵسوکەوت و فەزایەکی زەینی دیکە، لەسەر هەمووشییەوە، لە ئەوروپای ئەو سەردەمە دەرفەتی هەمەچەشنە لە ئارادا بوو بۆ ئاشنابوون بە زانکۆ و کۆلێژی هەمەجۆر کە بە بێ ئامانج پەردەی لەسەر ئەقڵییەتێک هەڵدایەوە کە فێربوون و پەروەردەی لای ئێمە شەرمەزار دەکرد. هەمیشە، دوو دنیامان بەراورد دەکرد، دنیایەک کە نوقمی نۆرم و رێسای نەنووسراو بوو، لەگەڵ دنیایەک کە نۆرم و یاساکان نووسراون، مرۆڤ وابەستەی ئەوی دیکە نییە، کۆیلایەتی کۆمەڵایەتی دەمێک بوو، دیمەنە ئارکاییەکانی جێهێشتبوو. هەژموونی ئاین و بارستاییەکانی ئەو چەپۆکە نەبوون کۆمەڵگە داپڵۆسێنێنن،  بەڵکو ئاین بژاردەیەکی تاکەکەسە وەکو گەڕانێکی رۆحانی سەیر دەکرا...
ئیدی کتێب ئەو بابەتە یەساغە نەبوو کە نەتواندرێت بخوێندرێتەوە، شانۆ و نمایشەکان لە ئاستیکی هونەریی باڵادا، لە راسین و مۆلییەرەوە تاکو برێخت دیمەنە رابردووەکەی بوو، سیحری سینەمای فێلینی و ریالیسمی ئیتالی و سینەمای رەشوسپی فەڕەنسی بەشێک بوون لە دیمەنە هونەرییەکان.
دەرگەی کتێبخانەکان کراوە بوون، مێدێاتێک و هۆڵەکانی سینەمای تایبەت، بە نرخی رەمزی فلیمە لەدەستچووەکانیان نمایش دەکرد.
ئاشنابوون بە بەها نوێ و پەیوەندییە جیاوازەکان، سەفەر و هاتوچۆی نێوان شاران و وڵاتان ئاوەڵا، سێ دەیە زیاتر بوو ئەوروپا ماڵاوایی لە دوو جەنگی گەورە کردبوو، کۆمەڵگەی بەرخۆر لە ئەوپەڕی جۆشوخرۆشییدا بوو، هیوا لە چاوی خەڵک بەدی دەکرا.
هەموو ئاوارەبوونێک شتێکت لێ دەسەنێتەوە، بەڵام شتێکی دیکەت دەداتێ، لێرە هەڵسەنگاندی بەهاکان مەرجی پێشوەخت نییە، گرنگ نییە ئەوەی لەدەستتداوە لەوەی بەدەستتهێناوە چاکترە یا خراپترە، بەڵکو دەبێ بە سانتێزێکی نوێ...ئەمە بەرهەمێکی تەندروستە و مایەی خۆشحاڵییە.
رەنگە ئاوارەبوونی ئەم نەوەیە لە هەموو نەوەکانی پێشخۆی بەختەوەرتر بێ!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی