ئازادی ڕۆژنامەگەری لەکوردستان هەیە!

19 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرمان سادق

کاتێک کە باس لە ئازادی رۆژنامەگەری دەکەین و دەمانەوێت دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەڵسەنگاندنێکی بۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین لەکوێین، بێگومان دەبێت پشت بە کۆمەڵێک پێوەر و بنەمای نێودەوڵەتی ببەستین.

لە دونیادا سێ ناوەند هەن کە پێوەر و بنەمایان هەیە، ئەوانیش یۆنسکۆ، ئازادی رۆژنامەگەری نێودەوڵەتی و فریدەم هاوس. بنەما و پێوەرەکانی یۆنسکۆ پشتدەبەستێت بە پێنج خاڵ کە پێوەرەکانی گەشەپێدانی میدیایی ناسراون، ئەوانیش؛ سیستەمێکی یاسایی کە پشتیوانی ئازادی رادەربڕین و فرەیی میدیایی بکات، فرەیی میدیا و فرەچەشنی و سەربەخۆیی، چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی کە پشتگیری لە میدیا دەکات، بنیاتنانی توانای دامەزراوەیی و سەرچاوە مرۆییەکان، ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پاڵپشتیکردنی دیموکراسی و حوکمڕانی باش.

ئەگەرچی بەراورد بە ٢٠٢٣، بۆ ساڵی ٢٠٢٤ عێراق کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی، ١٤ پلە لە پۆلێن و ریزبەندی جیهانی بۆ ئازادی رۆژنامەگەری هاتۆتە پێشەوە، ئێستا لەکۆی ١٨٠ وڵات لە ریزبەندی ١٥٥ـەین دایە.

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هێشتا ئاستەنگی زۆر لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری لە کوردستان و عێراق هەیە، لە سەرووی هەموویانەوە سانسۆرکردنی خودی لەترسی تۆڵەسەندنەوەی سیاسی کە ئاسانترینیان بۆ دەسەڵات خستنە بڵاک لیستی ئەو رۆژنامەنووس و دەنگە ئازادانەن کە بە ئیمتیازات بۆیان ناکڕدرێن، دەیانخەنە بڵاک لیست لەوەی لە کەناڵەکانی خۆیان و ئەوانەی کاریگەرییان بەسەریانەوە هەیە کاریان پێنادەن، ئەمە کاریگەری دروستکردووە لەسەر کوالێتی سەربەخۆیی رووماڵکردنی میدیاکانی دیکەش!

ئازادی ڕۆژنامەگەری بەپێی پێوەر و بنەمای پەیامنێرانی بێ سنوور (Reporters Without Borders) کە ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ ١٨٠ وڵات دەکات، فرەیی میدیای جیاواز، سەربەخۆیی میدیا، ژینگەی میدیا و چوارچێوەی یاسایی، سەلامەتی و ئاسایش بۆ ڕۆژنامەنوسان، خۆسانسۆر و دەستوەردانی حکومەت، دیارترین پێوەرن بۆ نووسینی راپۆرتە ساڵانەییەکانی.

لەپاڵ پەیامنێرانی بێسنوور، ئەوا فریدەم هاوس هەیە کە ئەمیش رێکخراوێکی جیهانییە و سالی ١٩٤١ کە نیویۆرک دامەزراوە، ساڵانە راپۆرتی هەیە لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لەسەر بنەمای شیکاری ژینگەی یاسایی، سیاسی و ئابووری، ئازادی رۆژنامەگەری لە وڵاتان پۆلێنی سەر سێ ستوون دەکات، ستوونەکانی "ئازاد"، "نیمچە ئازاد" و "ئازاد نەبوون".

بەو پێیەی هێشتا عێراق لە بەندی پێنجەم و شەشەمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرنەهاتووە کە دوو بەندن پەیوەنداری راستەوخۆن بە ئازادییەکان، هەروەها ریزبەندی عێراق لە راپۆرتەکانی پەیامنێرانی بێسنوور و فریدەم هاوس، پێماندەڵێن هێشتا ئازادی رۆژنامەگەری لە کوردستان و عێراق بەرجەستە نەبووە!

بەڵگەش بۆ ئەمە، بەپێی ئاماری فەرمی یۆنسکۆ، سەرووی ٥٠٧ رۆژنامەنووس لەنێوان ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠٢٣ تیرۆرکراون، کە ئەمە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراقی پشتڕاستی دەکاتەوە.
بەڵام بەپێی مۆنۆمێنتی "پارێزەرانی حەقیقەت" کە پارساڵ لەناو پارکی ئازادی لە سلێمانی پەردەی لەسەر لادرا، ناوی ٥٥١ رۆژنامەنووسی تێدا تۆمار کراوە لە ٢٠٠٣ – بۆ ٢٠٢٣ لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تیرۆر کراوە.

مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە بکوژانی رۆژنامەنووسان و پێشێلکاران لە سزا بە ئاسانی دەرباز دەبن، دەتوانم بڵێم گەرەنتی ئەوەشیان کراوە کە سزا نادرێن بەرانبەر پێشێلکاری دەرهەق بە رۆژنامەنووسان.

پاڵپشت بۆ ئامارە نێودەوڵەتییەکان، بەپێی راپۆرتی سەنتەری میترۆ، پارساڵ ١٨٢ پێشێلکاری بەرانبەر بە ١٧٦ رۆژنامەوان ئەنجامدراوە و سێ رۆژنامەوان کوژراون. لەگەڵ ئەوەی بەراورد بەراپۆرتی هەمان سەنتەر بۆ ساڵی ٢٠٢٣، پێشێلکارییەکان بەڕێژەی ٢٢٪ کەمی کردووە کە ئەمە جێی دڵخۆشییە، بەڵام زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراو رێگرییە کە ئێستا لە کوردستان بەهێزترین چەکی دەسەڵاتە دژ بە رۆژنامەنووسانی ئازاد و سەربەخۆ.

بێگومان دۆخەکە لە عێراق باشتر نییە لە کوردستان، بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی عێراقی بۆ بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان پارساڵ ٤٥٧ پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدروان، پێنج رۆژنامەنووسیش تیرۆر کراون.

جگە لە راپۆرتەکانی سەنتەری میترۆ، و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە ٢٠٠٨ـەوە تاوەکو ئێستا ساڵانە راپۆرتی هەیە، بەپێی راپۆرتەکانی بێت پێشێلکاری بەرانبەر بە سەرووی هەزار و ٥٠٠ رۆژنامەنووس کراوە، هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە، ئا ئەمەیە ئاماژە مەترسیدارەکە!

ئێمە ئەمساڵیش ایدی رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری دەکەینەوە کە هێشتا رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئازاد نەکراوە و بە قسەی پارێزەرانی دۆسیەی بەرگری بێت، تەگەرە و لەمپەر دەخرێتە بەردەم ئازادبوونی.

هەروەها دوو رۆژی دیکە یادی ١٥ـەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەکەینەوە کە تاوەکو ئێستا بکوژانی نەبراونەتە بەردەم دادگا، نەک هەر تەنیا هی سەردەشت، هی سەرجەم بکوژانی رۆژنامەوانان لە کوردستان دۆسیەکانیان ناڕوونن و حکومەتی هەرێم لەمەدا وەڵامی یۆنسکۆی نەداوەتەوە کە ئایا دۆسیەکانیان لە دادگاکان داخراون یان نا!

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەسەر عێراق و کوردستان لە دیارترین هۆیەکانی دەربازبوون لە سزا، بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی دامەزراوەی دادوەری و سەربەخۆیی ئەو دامەزراوەیە کە بەردەوام رووبەڕووی گوشاری سیاسی دەبێتەوە کە ئەمەش وادەکات هەندێکجار نەتوانێت بڕیاری دادپەروەرانە بدات. جگە لەمە کاریگەری حزب و میلیشیا چەکدارەکانی دەرەوەی دامەزراوەی فەرمی هێزی چەکدار، کاتێک پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان دەکەن، دەستگیرکردن و سزادانیان زۆر قورسە.

فریدۆم هاوس دەڵێت؛ رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی عێراق بە کوردستانیشەوە بەردەوام رووبەڕووی گێچەڵ و هەڕەشە دەبنەوە، هەندێکجاریش توندتیژی جەستەیی و گرتن. (Freedom House) رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە و ساڵی ١٩٤١ لە نیویۆرک دامەزراوە و کار لەسەر برەودان بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات لەسەرانسەری جیهان.

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، بەردەوامی ئاستەنگەکان لەوانە تیرۆرکردنی رۆژنامەوان، دەستگیرکردن و هێرشکردنە سەر رۆژنامەوانان بەتایبەت لەکاتی رووماڵی خۆپیشاندانەکان یان پرسە سیاسییە هەستیارەکان، هەروەها خۆسانسۆرکردن بەهۆی ترسی تۆڵەسەندنەوە یان فشاری سیاسی و پابەندنەبوون بە یاسا پەیوەندارەکانی بە راگەیاندن و پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عێراقی دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی رۆژنامەگەرین لە عێراق و کوردستان، هاوشانی کۆنتڕۆڵکردنی میدیا لەلایەن هێزە سیاسییە حاکم و دەستڕۆیشتووەکان سەربەخۆیی رۆژنامەگەری سنووردار کردووە.

کەواتە؛ ئاماژەی روونن کە هێشتا ژینگەی یاسایی، ژینگەی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان، ژینگەی کاری رۆژنامەگەری بەپێوەری سەلامەتی، پاراستن و ئەمان کە سێ پێوەر و کۆڵەکەن بۆ کاری رۆژنامەوانی، وەک پێویست بوونی نییە، ئەمەش پێماندەڵێت لەگەڵ پێشوەچوونە رێژەییەکان هێشتا ئازادی رۆژنامەگەری لە کوردستان و عێراق نییە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی