جەنابی كاك هۆشار ڕاست نیيە

8 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

پیاهەڵدانی دوژمنەسەرسەختەكەی گەلەكەت لەكەناڵێكی بەناوبانگ‌و بەڵگە فیلمێكی بایەخداردا بەوەی دوژمن لەبرا میهرەبانترە ئەوپەڕی بێویژدانی و بێئاوەزیە، خۆزگە ئەوە قسەی سەردەمی زێباری نەبوایە نەك قسەی دڵی كە من لەخوێندنەوەی دەم‌و چاویدا ئەوەم بەدیكرد كە ئەوە قسەی دڵێتی، چەند شەرم‌و شورەیی‌و كێماسیە دوژمن هاتبێتە نێو ماڵەكەت، دەستی بۆ هەموو شتێكی تۆ بردبێت، سوكایەتیت پێبكات، گەنج‌و پیرت ئازار بدات، بەناوی نیشتمانەكەیشت قەڵس بێتئەسڵەن هەر ڕقی لەوشەی كوردستان بێت، بەڵام تۆ بێی بەشان‌و باڵیدا هەڵبدەیت‌و هەموو ئەو مێژوە نەخوێنیتەوە كە مێژوی ستەمی ئەوە لەتۆ.

جا نازانم خوێنەواری هەیە یان هەر نیەتی، چونكە وێنەیەكیم لایە كاتی خۆی ئەو نامیلكەیەی سەرو خوار گرتوەگە سەیری دەكات، سوپای توركیا بەئارەزوی خۆی بارگەو بنەو بارەگاو خاڵی پشكنین لەناو ماڵەكەتا دادەنێت، چەند ڕۆژ لەمەوبەر بەتەنیشت بارەگایەكی سوپای داگیركەری توركیادا تێپەڕیم لەبەردەم ئامێدی نامەیەك بۆ مۆبایلەكەم هات، بۆ هێڵی ئاسیا "بەخێر بێی بۆ توركیا، بەئومێدی مانەوەیەكی خۆش" ئەمە بەعەرەبی نوسرابوو، لەسەرەتا وتم لەسەر ئاسیا دەنوسم‌و نامەیەكی كراوە بۆ "كاك فاروقی مەلا مستەفا " دەنێرم ئاخر من لەئامێدیم توركیای چی، ئێ تۆ بڵێی ئەو بارەگایە ئەو ناوچەیەیان بەئەرزو بەرزەوە كڕیبێت‌و مۆری توركیایان پێوەنابێت، ئەمە بۆ مۆبایلەكەی خۆم هات، لەگەڕانەوەشدا كە بەشیلادزێدا گەڕاینەوە ماوەیەكی زۆر تەنانەت لەبلەو بارزانیش هێڵی ئاسیا هەر نەبوو، ئەمەیانم پێ‌ ئاسایی بوو، لێ‌ جەنابی كاك هۆشیار خێرە من لەئامێدی بم دەوڵەتی تورك وەك خاكی خۆی مامەڵەم لەگەڵ بكات‌و هەموو ڕۆژێك پەیتا پەیتا تۆپ‌و ناپاڵم‌و بۆمبای یاساغ بنێت بەشاخ و داخمەوەودارو درەخت و مەل و باڵدارو ئاژەڵ‌و پەلەوەرم بسوتێنێ‌‌و ئەو لەبراكەم بەبەزەیی تر بێت؟!!.

برادەر تۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی، بەخێرێ‌ لەعێراقی ستەم‌و چەوسانەوەشدا ماوەیەكی زۆر وەزیرو شالیاری دەوڵەت بووی، پیاوی دیدارو گفتوگۆو دانوستانیشی توركیا چ حسابێك بۆ ئەو قسەیەی تۆ دەكات جگەلەوەی وەك لۆمپەنێك سەیرت بكات، توركیا كام كورد وەك كورد دەبینێت، ڕیفراندۆمت بیر چوو هێندەی نەمابوو چوار پەلی حوكمڕانیەكەت ببڕێتەوە، بەتكاو پاڕانەوە فڕگەی هەولێرو ڕێگای برایم خەلیلی دانەخست خۆ ئەوكەسەی پەنای بۆ ئەردۆغان برد تا ئەوە نەكات هێشتان زرپ‌و زیندوە، توخوا شەرم نییە ئامادەكاریی دیدارەكەبە سەرسامیەوە سەیرت بكات‌و ڕاستەو خۆیش بتخاتە درۆوە ، وەك ئەوەی پێت دەڵێت بەڵام خەڵكەكە واناڵێن، تۆش هەڵیدەپێكی، ئێ‌ برادەرخۆ توركیای عەلمانی و ئیخوانی لەسێ‌ پارچەی كوردستان خوێنی كوردیان ڕشتوەو حزبەكەی تۆیش لەو چوارچێوەیەدا خوێنی ڕژاوە ، ئەدی لۆ ئەوەی نابینی.

ئێستاش نەمیت ، نەسوپای توركیا ، نەسەرۆكی ئەو وڵاتە ، نەكوردی توركێنراوی نێو ئاكەپەو تۆرانی ئامادە نین ناوی حزبەكەی تۆ وەك ئەوە بڵێن كە هەیە " پارتی دیموكراتی كوردستان " ئەوان بە هیچ جۆرێك دان بە كوردستانەكەدا نانێن، تا ئێستاش لەسەر وشەی كوردستان سزای خەڵك دەدەن، من ئەمە لە خۆمەوەو بێبەڵگە ناڵێم برازایەكم ناوی كوردستانەو لە گەرمەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورك و پارتی كرێكارانی كوردستاندا گێچەڵیان بە ناوەكەی دەكرد، تۆش ئەوانت پێ‌ میهرەبانترە ، وەك ئەوەی شێخ عەبدولسەلام پەكەكە كوشتبێتی نەك توركیا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی