ئەرستۆ لە (الخگابه)دا دەڵێت: "کارێکی قورس نییە لە ئەسیناوە ستایشی ئەسینییەکان بکەین، گرنگ ئەوەیە لە ئەسپارتەوە ستایشی ئەسینییەکان بکەین". لەلای ئەفلاتون و ئەرستۆ، دووانەی ئەخلاق و سیاسەت لە یەکدی جیاناکرێنەوە، تەنانەت ئامانجی زانستی سیاسەت لەلای ئەرستۆ بریتییە لە چاکەی مرۆڤ.
لە کۆمەڵگەی سیاسی تورکیدا، بێگومان گرنگە کورد بیت و داکۆکی لە پرسی ناسنامەی کوردبوون، پرسی ماف و ئازادی کورد بکەیت، بەڵام لەوە قورستر و گرنگتر ئەوەیە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە فاشیزم داگیریکردووە، تورک بیت و پشتیوانی دۆزی گەلی کورد، ئازادی، مافی مرۆڤ و دیموکراسی بیت. سری سورەیا ئۆندەر، سەر بە دنیای ئەم جۆرە لە مرۆڤی دەگمەنی نێو کۆمەڵگەی تورکی بوو.
پرسی ئازادی و ماف، پرسێک نییە بخرێتە بەردەم هەڵبژاردنەوە، تا گروپێک بڕیاربدات تۆ ئازادیت یان نا، بەڵکو بابەتێکە دەچێتە چوارچێوەی مافەوە، مافیش بابەتێک نییە لە تەرازووی حوکمی زۆرینە و کەمینەدا بڕیاری لەبارەوە بدرێت و یەکلابکرێتەوە. دەوڵەت لە تورکیا زیاد لە سەد ساڵە پرسی ماف و ئازادی گەلی کوردی لە ڕێی یاسای بنەڕەتی وڵات و زۆرینە و کەمینەوە وەک بابەتێکی ئاسایی لە وێنەی قانونی باج و بازرگانی و ... تادوایی، مامەڵە کردووە. زیاد لە سەد ساڵە، فاشیزم زمانی زاڵ و کاریگەری دەوڵەتە دەرهەق بە کورد، فاشیزمێک بە بەرنامە کاری بۆ شۆڕکردنەوەی کۆی مانا و ڕەفتارە فاشیستییەکان بۆ نێو ناوەندی کۆمەڵایەتی، دامەزراوەکانی کۆمەڵگە و دەوڵەت لە تورکیا کردووە. لە کۆمەڵگەیەکی سیاسی وەهادا، مرۆڤی وەک ئۆندەر، بە دەنگی بەرز و لە ناوەندی یاسایی و کاری سیاسیدا، نەک هێزی ئەو کۆنتڕۆڵی فاشیزمە تێدەپەڕێنێت، بەڵکو دەبێتە پشتیوانێکی ڕاستگۆی ئەو پرەنسیپ و مانا مرۆیی و ئەخلاقیانەی، دەتوانێت ڕووبەرەکانی بەیەکەوەژیان، ئازادی، ڕێزگرتن لە بوون و مانای مرۆیی مرۆڤەکان، کارکردنی بەیەکەوەیی نەژاد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بە تەنیشت یەکدییەوە، گەورەتر و ئاسایی بکاتەوە.
ئۆندەر، لە نمونەی ئەو سیاسییانەیە، کە پرەنسیپ و ئەخلاقی سیاسی، لە کۆمەڵگەیەکی تەنراو بە فیکری فاشیزم، دەرفەتی ئەوەی پێنادەن لە ئاستی بوونی جیاوازییە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان چاو دابخات و، نەژادی باڵا و فیکری ڕاسیزم، کۆمەڵگەی یەکڕەنگی سەپێنراوی لەلا بکەن بە نمونەی باڵا.
ئەو کوردانە چەند ناشیرینن، کە بۆ مەبەستی شەخسی و دەستکەوتی تایبەت، پەلاماردانی ماف و ئازادی نەتەوە و کولتوری نەتەوەکەی، وەک بابەتێکی ئاسایی ڕۆژانە دەبینێت، هێندەش گەورە و جوانن، ئەو مرۆڤانەی لە ناوەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی تورکیدا، بە ڕەگەز تورکن، بەڵام دۆزی ڕەوای گەلێکی ستەملێکراوی وەک کورد، ماف و ئازادی و پرەنسیپی مرۆیی، دەیکات بە بەشێک لە گوتاری سیاسی ئەو نەتەوەیە و، لەپێناو دیموکراسی و بەیەکەوەژیاندا، دژ بە ستەم و بێدادی دەوەستێتەوە.
ئۆندەر، هەر بە تەنها سیناریست، دەرهێنەر و ڕۆژنامەنوس نەبوو، بەڵکو تێکۆشەرێکی گەورەی ڕێگەی ئازادی و بەیەکەوەژیانی گەلان و دیموکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی بوو لە تورکیا. ئەو بۆی گرنگ نەبوو ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی ستەمکار، یان ستەملێکراو چییە، سەر بە کام چینی کۆمەڵایەتی و کام دنیای سیاسییە، بەڵکو وەک مرۆڤێکی ئازادیخواز، تێکۆشانی دژ بە ستەم و ستەمکاری وەک پرەنسیپێکی ئەخلاقی دەبینی. ئەو وەک سیاسییەکی بە ئەزموون، بەردەوام لە سەنگەری ستەملێکراواندا بوو، ئیدی بەلایەوە گرنگ نەبوو ئەگەر ستەملێکراو کورد و، ستەمکاریش پیاوانی نێو نەتەوە و تەلاری هاوزمانەکانی خۆی.
سوپاس بۆ گەورەیی و مرۆڤدۆستی سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەو مرۆڤەی لە سیاسییەک گەورەتر، ئەو مرۆڤەی هەرگیز پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی لە سیاسەت و کاری سیاسیدا فەرامۆش نەکرد، ئەو مرۆڤەی بۆ هەمیشە لە ویژدان و مێژووی سیاسی ئێمە و کۆی ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستاندا، بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی