١. بەگوێرەی ئەو
زانیاری و داتایانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی حورییەتی تورکی بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی ٤١
ساڵی خەباتی چەکداری پەکەکەدا، 14,902 کوژراوی فەرمی و مەدەنی و، بڕی دوو ترلیۆن دۆلاریش
زەرەری ئابوری لە دەوڵەتی تورکیا کەوتووە. لە بەرانبەردا، پەکەکە و کورد 46,276 گەریلا
و ئەندامی شەهیدبوون.ئەوە جگە لەو ژمارەیەی لە هەردوولا، زیانی دەروونیان بەرکەوتووە،
یان ئەندامێکی جەستەیان لە دەستداوە.
٢.ڕۆژی ٢٧ شوباتی
ئەمساڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ئیمراڵییەوە بانگەوازی
ئاشتی ڕاگەیاند و داوای هەڵوەشانەوە و چەکدانانی لە پەکەکە کرد، دوای بەستنی کۆنگرەی
نائاسایی، ئەمڕۆ ١٢ ئایار، پەکەکە ئەنجامنامەی کۆنگرەی ١٢ی خۆی ڕاگەیاند و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە
و چەکدانانی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پەیامی ٢٧ شوباتی ڕێبەرەکەیان، ڕاگەیاند.
٣.هەر مرۆڤێکی کەمێک
ئاگایی سیاسی بە دۆخی ناوچەکە و ململانێ نێودەوڵەتی و ناوەکییەکانی تورکیا هەبێت،
دەبێ ئەوە بزانێت، هەم بانگەوازەکەی ئۆجالان، هەم بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە،
لە فشاری ئەو ململانێیانە بەدەر نییە، ئەگەر ڕاستەوخۆش بڕیارەکان بەرهەمی ئەو فشارانە
نەبن، ئەوا لە کاریگەری و هێزی ئەو فشارانە بەدەرنین.
٤.ئۆجالان، دوای
فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، پاش ئەوەی دوا واژۆی دەستبەسەرکردن و تەسلیمکردنەوەی
بە تورکیا کرابوو، نە لە ئاسمان و، نە لەسەر زەوی، نە لە دنیای ڕۆژئاوا و، نە لە جیهانی
ئیسلامی، لانەیەکی دوو مەتریان پێ ڕەوا نەبینی تا وەک مرۆڤێک تێیدا بژی. ئایا زیندانیکردنی
ئۆجالان لە ناوەڕاستی (شوباتی ساڵی ١٩٩٩)ەوە بۆ ئێستا، لە ئێستاشدا هیچ گرەنتی و بەڵێنێک
نەک بۆ ئازادبوونی، بەڵکو بۆ سوودوەرگرتنی لە مافی هیواش نییە، یەکسان بوو بە
بارمتەگرتنی پەکەکە وەک هێزێک، لە ئاستی نێودەوڵەتی و، لە ئاستی ناوەوەی تورکیادا،
چونکە پەکەکە، هەرگیز لەو ماوە دوورودرێژەدا، نەک دەستبەرداری ڕێبەرایەتی ئۆجەلان
نەبوو، بەڵکو خاوەندارێتی لێکرد و نەچووە دەرەوەی بڕیار و بۆچوونە سیاسییەکانی ئەوەوە.
٥.پرۆسەی ئاشتی،
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، لەڕێی تەوقەیەکی ڕەمزی «دەوڵەت باخچەلی»، سەرۆکی
فاشیستترین حیزبی تورکیا، «مەهەپە»، دەستیپێکرد، ئایا ئەم تەوقەکردنە لە هیچ شوێنێکییەوە
بارگاوی بوو، بە ململانێی شاراوەی ئەردۆگان-باخچەلی؟ ئەمەش پرسیارێکە و دەکرێ ئایندە
دیوە تاریکەکانی بوونی ململانێیەکی لەم جۆرە، لە پشتی ئەم تەختی شانۆ سیاسییەدا ڕوونتر
بکاتەوە، هەرچەندە لەوانەیە ئەوە ئەگەرێکی دوور و بێ کاریگەری گرنگ بێت.
٦.ئەردۆگان، لەو
سیاسییانەی تورکیایە، هەرگیز ڕکابەری بەهێزی قبوڵ نەبووە، بۆ لێدان و دوورخستنەوەشیان
دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامرازی یەکلاکردنەوەی ململانێکان بە قازانجی خۆی بەکارهێناوە.
لە هەردوو دۆخی زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و ئەکرەم ئیمام ئوغڵو، ئەم خودئەڤینییەی
ئەردۆگان بۆ دەسەڵات هیچ تەم و تاریکییەکی نەهێشتووەتەوە. ئایا سەرکەوتنی پرۆسەکە
و کۆتایی قۆناغی خەباتی چەکداری پەکەکە، دەبێتە هۆکارێک بۆ کاڵکردنەوەی پاساوەکانی
ئەردۆگان و ئاکەپە بۆ بەتاڵکردنەوەی تۆمەتی تیرۆر بەسەر نەیارەکانیدا. ئایا ئەمریکا
و ئیسرائیل، بەشێکن لە فشار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و باخچەلی لە ناوەوەدا وەک کارەکتەرێکی
سیاسی، لەسەر ئەرزی واقیع پراکتیزەی کردووە.
٧.دەیان سیاسی و
فیگەری دیار و بەناوبانگی کورد، بە تۆمەتی پێشتر ئامادەکراوی تیرۆر بە بڕیاری ئەردۆگان،
نەک دادگا، لە زیندانەکانی تورکیا توندکراون، دەیان هەزار سیاسی و ئازادیخوازی
کورد و تورک، بە هەمان پاساوی پێشوەختە ئامادەکراو، براونەتە ژوورەکانی زیندان، ئایا
سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، ئەم تۆمەت و پاساوانەی دەستی ئەردۆگان و ئاکەپە، دەکات بە
کارتێکی سوتاو. ئەگەر پرۆسەکە بگۆڕێ بۆ ڕاستییەکی تەواو، ئایا بەڕاست ئەردۆگان، بە
بوونی پرۆسەیەکی وەها و سەرکەوتنی دڵخۆش دەبێت، یان لە تولەڕێکانەوە هەوڵی شاراوە
بۆ شکستپێهێنانی دەست پێدەکات.
٨.ئەوەی لە دیوە
ئاشکرا سیاسی و میدیاییەکەی ئەم پرۆسەیەدا دەگوزەرێ، گۆشەیەکی بچووکی دیمەنی جوڵە
و ڕووداوەکانە، دیوە گرنگ و بزوێنەرەکانی، ئەو بەشە گرنگەیەتی، کە جگە لە چەند سیاسی
و چەند دەزگایەکی هەواڵگری گەورە، ڕەنگە کەسی تر زانیاری پێویستی لەبارەوە نەبێت، بۆیە
هەر شیکاری و ڕاڤەیەکی سیاسی بۆ ڕووداوی سیاسی لەم جۆرە، کە ببێتە سەرەتای کۆتاییهێنان
بە مێژوویەک لە ڕق و خوێن، هەنگاوێک بەرەو پاککردنەوەی ڕووبەرێکی فراوانی خوێن و
برینی مێژوویی، چەند ئەگەری ئەوەی هەیە ڕاست دەرچێت، زۆر زیادتر لەبەردەم ئەگەری
کورتهێنانی هەر لێکدانەوە و گەیشتن بە ڕاستییەکی سیاسی دەبێت.
٩.ئەم بڕیارەی پەکەکە،
دەبێت دوور لە زاڵبوونی سۆز بۆ کورد و پەکەکە، هەمانکات دوور لە ڕقبوونەوە لە
تورک، بخوێنرێتەوە، لە دەرەوەی ئەوە هەر خوێندنەوە و لێکدانەوەیەک لایەنگر و نابابەتیانە
دەبێت. پەکەکە، مێژوویەکی گەورەی لە سەروەری و پێدانەوەی ناسنامە بە کورد لە باکور
و ڕۆژئاوا تۆمارکردووە، دەکرێ بە ڕێگە و فۆڕمی خەباتی جیاوازتر، درێژە بە داکۆکی لەو
ناسنامەیە و بەرەوپێشبردنی بدرێت.
١٠.پرۆسەکە،
تەنها دیوی سیاسی نییە، گرنگە دیوە مرۆیی و ئەخلاقییەکەشی ببینرێت. بەردەوامی خەباتی
چەکداری دەبێ بە نێو خوێن و مەرگی دەیانهەزار مرۆڤی دیکەدا تێپەڕێت، ئەگەری گەیشتن
بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەریش لەڕێی تفەنگەوە، لە هیچ گۆشەیەکییەوە ڕوناکی تێدا نییە. لە
دیوە سیاسییەکەیشییەوە، ئەگەر گۆڕانێکی ڕیشەیی لە ڕووی سیاسی و یاسایی لە بونیادی
دەوڵەت و دەستور لە تورکیا بەرانبەر کورد ڕوونەدات، دوورنییە هەمووان، جگە لە ئەنکەرە،
بەدەستی بەتاڵ لە پرۆسەکە بێینەدەر.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی