لەوە تێدەگەین عێراق خەریکی چییە، بەڵام لەوە تێناگەین کە هەرێم خەریکی چییە!

05/06/2025

فەرمان سادق


بەگەڕانەوە بۆ مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، یەک شت یەکلایی بوەتەوە کە هیچ حکومەتێک لە بەغدا (سونە یان شیعە) ئامادەنین هیچ مافێک بە کورد بدەن، ئەمە سەلمێنراوە و جێی مشتومڕ نییە. ئەو مافە فراوانەی ئێستا کورد بەگوێرەی دەستوور هەیەتی، هی شان و شەوکەتی کورد خۆی نییە، هەروەک هی تێگەیشتنی عەرەبی شیعەی حوکمڕانیش نییە بەوەی کوردیش مافی هەیە، بەڵکو هەلومەرجێکی نێودەوڵەتییە بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاتەدی، بەڵام پرسیار ئەوەیە کورد لە ٢٣ ساڵەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس چی کردووە و خەریکی چی بووە و بۆ بە ئەمڕۆ گەیشت و ئێستا دەیەوێت چی بکات؟

سیاسەتی تەونی جاڵجاڵۆکەیی خۆبەخستنەوە بە دۆخی نێودەوڵەتی و ئەمریکا، هەموو دەم دووشەشت لە تاوڵە بۆ ناهێنێت، جاری واهەیە دووشەشت لە دۆمینەدا لە دەستت دەتۆپێنێت، وەک ئەوەی لە ڕیفراندۆم دیتمان!

هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣، شەرمی بەخۆی بوو خۆی بە بەشێک لە عێراق بناسێنێت، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی دەکرد، بۆیە هیچ هەوڵێکی نەدا بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی بناغەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵ لەوانە دروستکردنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بەگوێرەی مادەی ٦٥ـی دەستوور، هەروەها دەرکردنی یاسایەک لەسەر بنەمای مادەی ١١٧ـی دەستوور لە پرسی پێکهێنانی هەرێمەکان لە عێراق و هاندانی سوننەکان بۆ دروستکردنی هەرێمێکی سوننە، یان پشتگیریکردنی هەوڵەکانی دروستکردنی هەرێمی بەسرە و هەوڵەکانی دیکەی پارێزگاکانی دیکە.

هەرێمی کوردستان کە دەبوو تاکە شەڕی یاسایی و دەستووری لە بەغدا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بێت، هیچ هەنگاوێکی کردەیی کە شایانی باس بێت، هیچ هەڵوێستێکی کردەیی کە شایانی باس بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە نەناوە.
بیرمە دوای ٢٠٠٧ پێنج لیژنە باڵا پێکهێنران، یەکێکیان لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بوو، راپۆرتیش ئامادەکرا بەڵام نوقتەیەکی جێبەجێ نەکرا!

کورد دەبێت لەوە تێبگات کە کێشەی لەگەڵ بەغدا کێشەی خاکە نەک موچە، کێشەی خاکە نەک ئیدارەدانی نەوت و غاز، کێشەی خاکە نەک بودجە!
کەی کێشەی خاک چارەسەر کراو توانرا مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، ئەوانی دیکە خۆیان دێنە دەست.
ئێستای خاکی هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠٪ـی خاکی عێراقە، بەجێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەبێتە نزیک دەبێتەوە بۆ ١٨-١٩.٥٪، یانی دوو هێندە.
ڕێژەی دانیشتووانی ئێستای دەگاتە نزیکەی شەش ملیۆن کە دەکاتە ڕێژەی ١٢-١٤٪ـی دانیشتووانی عێراق، بەجێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ژمارەی دانیشتووان بۆ بۆ سەرووی ١٠ ملیۆن زیاد دەکات و ڕێژەی دەبێتە ٢٤٪.

لەم ٢٠ ساڵەی تێپەڕی ئەگەر تەنیا کار لەسەر ئەوە بکرایە ئێستا دۆخەکە و هاوکێشەکەی جۆرێکی تر دەبوو!


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی