هەشت ساڵە باجی ریفراندۆم دەدەین

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد




دوای هەشت ساڵ لە کردەی ریفراندۆم، هێشتا باجی ئەو کەتنە دەدەین، ئەم کردەیە دوورییەکی گەورەی خستە نێوان هاووڵاتیان و خەونی دەوڵەتسازی و نیشتمانسازییەوە، بۆ چەندان گەز کوردیشی شۆڕکردەوە بەنێو دەرئەنجامە نەرێنییەکانی خۆیدا.
ریفراندۆم، چونکە لە بنەڕەتدا نزیکییەکی واقیعی لە ویستی هاووڵاتیانەوە نەبوو، لەکاتی هەڵپلان و پێچەوانەبوونەوەی واقیعەکەدا، نەک بەغدای لاواز نەکرد و بەغدای دابەش نەکرد، بەڵکو هێزێک بوو بە بەری بەغدادا کرایەوە و بەغدای لە غافڵبوون و پێکدادانی ناوخۆییەوە کرد بە بەغدایەکی بەهێز.
راستتر وایە، ئەگەر ریفراندۆم نەبووایە، بەغدا بۆ چەندان ساڵیتریش بەدەست کاریگەرییەکانی دەرکەوتنی داعشەوە دەیناڵاند، بە مانایەکیتر، ریفراندۆم نەک نەبووە دەستکەوتی داعش و دەرفەتێکی زێڕین بوو کورد وەریگرت، بەڵکو بەغدایەکی بەهێز ئەنجامی ریفراندۆم بوو، هەموو ئەو شکان و لێکترازانەی داعش بەجەستەی نەتەوەیی و نیشتمانی عیراقی خست، ریفراندۆم چاکی کردەوە و تیماری کرد.
ئەوەی ریفراندۆم بەسەر کوردی هێنا، دەرفەت بوو بۆ بەغدا، ئەو دەرفەتە کەلێنی نێوان هێزە عێراقییەکانی پڕکردەوە و بۆ هەتاهەتایە کەلێنێکی قووڵی خستە نێوان هەرێم و بەغدا، لەوێ بەدوا بەغدا تا پێیبکرێت هەرێم بچووک دەکاتەوە و هەشت ساڵیشە کورد باجی ئەو پرۆسەیە دەدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی