دۆخی ناوچەکە!

13/06/2025

دڵشاد ئەنوەر



هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چاوەڕوانکراوبوو، وەکو لە وتارێکی پێشتردا ئاماژەم پيکرد کە ئەگەری ڕووداوی گەورە هەیە، بەڵام ڕوودانی ڕووداوەکان بەم خێراییە پێشبینی نەکراوبوو، چاوەڕوان دەکرا ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بکەوێتە مانگەکانی داهاتووەوە.

ئیسرائیل بووە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە سوریا، حەماس و غەززەی وێرانکرد، حیزبوڵاو حوسییەکانی لاوازکرد، بۆیە دواتر کەوتە لۆبیکردنێکی گەورە بۆ لێدان و لە دژی ئێران، چونکە ئێران بەهەڕەشە دەزانێت لەسەر بوونی.

دەکرێت بڵيین؛ ئیسرائیل بوغرا بووەو پێیوایە لەدەرئەنجامی شەڕی غەززە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بۆیە نایەوێت لێرەدا ڕاوەستێت، بەڵکو دەیەوێت ئێرانیشی پێوە بکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل دەستی وەشاند، بەڵام شێوازی دەست وەشاندنەکەی مەسجی تێدایە، هێرشیکردە سەر ئەتۆم و فەرماندە باڵا موحافیزکارەکان و زاناکانیان، واتە نامانەوێ ئێران بڕوخێت، بەڵام رێگەش نادەین ببنە خاوەنی ئەتۆم و باڵی موحافیزکار لاواز دەکەین، دەرفەت بۆ بەرەکەی تر دەڕەخسێنین زاڵ ببن و نزیک ببنەوە لە میحوەری ڕۆژاوا.

ئێستا ئێران لەبەردەم ئیحراجییەکی گەورەدایە، یان دەبێت دەستی قورس بوەشێنێت و شەڕەکە فراوانتر بکات و ئەمەریکاش داخل بکات، یان بەدەست وەشاندنێکی رەمزی خۆی قوتار دەکات، بەڵام هیچکام لەمانە نابنە هۆی ڕاوەستانی ئیسرائیل.

شێوازی وەڵام دانەوەی ئێران ئەمڕۆو ڕۆژانی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە، چونکە سەرقاڵی ئامادەکارین.

لەمەودوا گروپە شیعەکانی عێراق دەکەونە بەردەم دوو ڕیانی یەکلاکەرەوە، دەبێت ببنە بەشێک لەشەڕەکەو خۆیان بۆ هێرشی قورسی سەر خۆیان و سەرکردەکانیان ئامادە بکەن، یاخود خۆیان لەشەڕەکە بەدوور بگرن و ماڵئاوایی لە ئێران بکەن.

ئەمەریکاش کە لە دانوستاندایە لەگەڵ ئێران، گەر ئێران دەستی قورس لە ئیسرائیل بوەشێنێت دەبێتە بەشێک لەشەڕەکە، گەر نا تا ئێستا مەسەلەکانی بەئیسرائیل ڕاسپاردووەو نایەوێت شەڕەکە فراوان ببێت، بەڵکو دەیەوێت شێوازی شەڕو ئاشتی، ئێران بەلاوازی بباتەوە سەر مێزی گفتووگۆو هەموو مەرجەکانی بەسەردا بسەپێنێت.

گەرچی شێوازی هێرشەکان بۆنی ئەوەی لێ نایەت لە ئێستادا ئێران بڕوخێنرێت، بەڵام شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران، کوڵانی ناوخۆی ئەو وڵاتە وا دەکەن هەموو ئەگەرەکان کراوە بن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی