‎كاریگەری جەنگ لەسەر تەندروستی دەرونی مرۆڤ

8 کاتژمێر پێش ئێستا

یادگار حاجی

چۆن مامەڵە بكەین لەگەڵ جەنگ و ڕوداوە زەبراویەكان ؟
‎جەنگ، یەكێكە لە كاریگەرترین ڕوداوە زەبراویەكان و مرۆڤ توشی زەبری دەرونی و تەنگەژەی باش زەبرو دەیان گرفتی جیاواز دەكات ، ئەوانەی ڕاستەوخۆ بەشداری پرۆسەكەن زیاتر نیشانەكانیان لێدەردەكەوێت و ئەوانەش شایەتحاڵ و بینەری ڕوداوەكانن پشكیان بەردەكەوێت گەر بە وریاییەوە مامەڵە نەكرێت بۆیە ئێمەش پێویستە سنورمان هەبێت و بزانین چۆن مامەڵەبكەین ناكرێت بەردەوام چاودێری دیمەنە تراژیدیەكان بین و بێ ئاگا لەوەی دۆخی دەرونیمان تێكدەچێت
سادەترین پێناسەی تەندروستی بریتیە لە هاوسەنگی نیوان هەموو لایەنەكانی مرۆڤ لە ڕووی دەرونی و كۆمەلایەتی و جەستەیی و سۆزداری ، تەندروستی دەرونیش وەك بەشێكی سەرەكی لە تەندروستی مرۆڤ تەماشادەكرێت كە ئەو بارە باشەیە كاتێك تواناكانی خۆت بزانی و بەرهەمت هەبێت و لەگەڵ تەنگەژەكان بگونجێیت.
ئەم پێشەكیەم خستەڕوو تا ڕونتر ببێتەوە و بزانین تەندروستی دەرونیمان بەهۆی جەنگ و دۆخی ئێستاو قەیران و ململانێ و فشارەكان چی بەسەر هاتوەو چی بكەین و چۆن  بگونجێین لەگەڵ بارودۆخەكەو چۆن یارمەتی خۆمان و دەوروبەرمان بدەین ..
كەم نین ئەو ڕوداوانەی كاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستی دەرونی مرۆڤ هەر لە قەیرانەكانی ژیانی ڕۆژانەوە تا دەگاتە قورسترینیان كە پێی دەوترێت ڕوداوی زەبراوی و لە دەرئەنجامدا مرۆڤ توشی زەبری دەرونی دەبێت..
 كۆمەلێك روداوی زەبراوی هەن وەك  ( جەنگ ، توندوتیژی ، ئەشكەنجەدان ، لەدەستدانی كەسی ئازیز ، جیابونەوەی هاوسەران ،  نەخۆشی درێژخایەن ، روداوی سروشتی ...هتد) دەبنە هۆی  زەبر
دەگونجێت مرۆڤ بە هۆی كاریگەری و لێكەوتەكانی جەنگ و دۆخی ئێستاوە لە ئابوری سیاسی كۆمەڵایەتی خێزانی ....هتد نیشانەو كاردانەوەی بۆ دروست بووبێت لەروی دەرونیە وەك ( هەلچون و تورەبون و ترس و خەمۆكی و دلەراوكێ  ...هتد ) یان نیشانەكان لەروی ڕەفتاریەوە بێت وەك ( دابەزینی ئاستی چالاكیەكان و نەسرەوتن و ماخۆلان یان گرفتی خەو ...هتد ) یان نیشانەكان جەستەیی بن وەك ( شەكەتی و ماندوێتی و ئازار ...هتد) یان نیشانەو كاریگەریەكان هزری بن وەك ( نەمانی ئاگایی و زەحمەتی لە بریاردان و فكری واس واسی ..هتد) كە ئەمانە هەموی نیشانەی ئاساین و چاكدەبنەوە ئەوەی نائاساییە روداوەكەیە  ...
ئەوەی گرنگە ئەوەیە چۆن بتوانین بەكەمترین زیان و قوربانی دەرباز بین لەم دۆخانە و چۆن یارمەتی خۆمان و دەوروبەر بدەین ، بەكورتی ئاماژەیان پێدەكەم :ـ
1ـ دیاریكردنی كاتی تایبەت بۆ ئەنجامدانی ئەوشتانەی خۆشیبەخشن وەك( گوێگرتن لە مۆسیقا و گۆرانی ، خوێندنەوە، پیاسەكردن، وێنە كێشان، خواردن دروستكردن ...هتد)
2ـ یادكردنەوەی یادەوەرییە خۆشەكانی  ژیانت كە بێگومان هەریەكێك لە ئێمە كۆمەلێك یادەوەری و روداوی خۆش هەیە لە ژیانی و چاومان با تەنیا ئەم بەشەی ژیان نەبینێت لە ناخۆشی و نەخۆشكەوتن..
3ـ گرنگیدان بە پەیوەندییەكان و دانەبڕان لە دەوروبەر و خەڵكانی ترو پسپۆران..
4ـ كات دابنێ بۆ پشوو وەرگرتن و خاوبوونەوە ، وەكو خەوتن و پشوودانی  تەواو لە شەودا و خواردنی ژەمەكانت لە كاتی ئاسایی خۆیی و گرنگی بەخۆدان وەك خۆشۆردن و خۆگۆرین و پاك و خاوێنی ...
5ـ لایەنی ئاین و باوەردانی خالێكی گرنگە بۆنمونە ئێمە كە كوردین و مسوڵمانین دەبێت باوەرمان بە قەزاو قەدەرو ڕۆژی دوایی هەبێت و ئەوكات و ساتەی بۆمان دیاری كراوە لە لەدایك بون و مردن لەتوانی مرۆڤایەتیدا نیە گۆرانكاری تێدا بكات .
6ـ وەرزشكردن ئەگەرچی لەچوارچێوەی مالەوەش بێت كۆمەلێك یاری و وەرزشی ئاسان هەیە كە دەتوانین ئەنجامی بدەین ... 
7ـ دەكرێت لەگەڵ كەسێكی نزیكت هاورێیەك خزمێك گفتوگۆ بكەیت و دەردەدڵی خۆتی بۆ بكەیت كە سودی زۆری هەیە دواتر هەست بە بار سوكی دەكەین..
8ـ دەكرێت پەیوەندی بە پزیشك و توێژەرو كەسانی پسپۆرەوە بكەیت و داوای یارمەتی بكەیت هیچ پێت عەیب نەبێت ...
 دەروندروست بن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی