- لە ماوەی دوانزە رۆژی ڕابردووی شەڕی ئیسرائیل-ئێراندا لەگەڵ هاورێیانم لە (سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی) بە بەردەوامیی لە مێزگردی کەناڵی کوردساتنیوز شرۆڤەی شەڕەکەمان کرد.
- رووداوەکانی دە ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوەبەستنی پێویستە بۆ تێگەشتن لەوەی ئێران بۆ گەشتووە بەم رۆژە، ئێران کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، لە شەش پایتەختی وڵاتانی ناوچەکەدا هەژموونی کاریگەری هەبوو، بەرەی مقاومە زۆر بەهێز بوو، وەک هێزێکی سەرەکی لەکێشەکانی ئازەربایجان-ئەرمینیا، شەڕی روسیا و ئۆکراین، پرۆسەی ئاشتی تورکیا رۆڵی هەبووە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە وشککرنی کەناڵەکانی ئەو کاریگەرییە، تا رادەیەکی زۆر تەنیا خرایەوە، لە سێیەم شەوی شرۆڤەکانی کوردساتنیوزدا بە دیاریکراوی؛ "ئێران پێشتر لە دەرەوەی خۆیەوە چەندین ئاگری هەبوو کە هەم خۆی پێ گەرم دەکردەوە هەم ئاگرەکانیتری لە خۆی پێ دووردەخستەوە، بەڵام ئێستا ئاگرێکی گەورەی لە ناوخۆدا بۆ ماوەتەوە، کە ئەویش دەبێت بۆ خۆ گەرمکردنەوەی بەکاری بهێنێت ئەگینا دیسوتێنێت."
- ئامانجی سەرەکی ئەم شەڕە بۆ گۆڕینی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیە بەڵکو لەکارخستنی بنکە ناوەکییەکانی ئێرانە بە تایبەت (فۆردۆ)و لەپێخستنی پایەگا موشەکییەکانی ئێران و نەرمکردنی نیزامی کۆماری ئیسلامییە بۆ مامەڵەی ئاشتیانە.
- پەیوەندی نێوان دۆناڵد ترەمپ-و ناتانیاهۆ ئەو پرسە کاریگەرەیە کە چەند جارێک پێویستی بە تێگەشتن و لێکدانەوەیە، چونکە لە ٢٠١٧ەوە بەرزونزمی زۆر لەو پەیوەندییەدا روویداوە (خۆشەویستی و رق)، دواجاریش ناتانیاهۆ تەنها بە (پارە) لە ناو (زەرفی زانیاری)دا توانی دۆناڵد ترەمپ رازی بکات بەهێرشەکە و دواتریش بۆردومانی فرۆکە ئەمریکییەکان بۆ سەر بنکەی فۆردۆ، هەروەک بە درێژایی مێژوو هیچ شەڕێکی راستەوخۆی ئەمریکا نەبووە کە پێش شەڕەکە تێچووەکەی وەرگرتبێتەوە جگە لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی ڕابردوودا.
- دۆناڵد ترەمپ لەماوەی ڕابردوو زیاتر لەشانزە جار باسی لە (موڵەتی دوو هەفتەیی) کردوەو لەزۆربەشیاندا پابەند نەبوە، بەهەمانشێوە نەیتوانی پابەندبێت بەدەرفەتە دوو هەفتەییەکەی کە دای بەئێران.
- عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، هێزێکی کاریگەری هەیە لەدیپلۆماسییەتداو جیاواز لەهەموو بەرپرسانی پێشوی ئێران مامەڵەیکردو بەدرێژایی شەڕەکە کەناڵە دیپلۆماسییەکانی بەکراوەیی هێشتەوەو تەنانەت رۆژی دووشەممە کە ئێران هێرشیکردەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەقەتەرو وڵاتانیتر کەناڵە دیپلۆماسییەکەی ئەمریکاو ئێران بەردەوامبوە.
- بنکە ناوەکییەکانی ئێران بەدیاریکراوی (فۆردۆ، نەتەنزو ئەسفەهان)، تاڕادەیەکی زۆر وێرانکراون و لەکارخراون و زیانی زیاتر لە 50 ملیار دۆلاریان بەرکەوتووە.
- ئەمریکا بەدەسەڵاتێکی فراوانتر، ئابورییەکی بەهێزترو هەژمونێکی کاریگەرترەوە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرکەوتەوەو وەک چۆن بزوێنەری شەڕ بوو ئاواش بویە دەستپێشخەری ئاشتی.
- ئاراستەیەکی ئێرانیی هەبون کە فشاریان بۆ شەڕی تاکۆتایی دەکرد، بەڵام کاریگەری ئاڕاستە دیپلۆماسییەکەو دۆخە نەخوازراوەکە تارادەیەکی زۆر سەرکەوتوەو ئاگربەست لەبەر دەرگایە.
- کۆماری ئیسلامیی ئێران توانای بەردەوامیی بەهێزەو چاوی لەوەیە لەرێگەی پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکانی تر (لەوانەش؛ وزەو زانستی فیزیایی) کۆتایی بەئابڵوقەی دەیان ساڵە بهێنێت و ئابوری وڵاتەکی ببوژێنێتەوە، ئەمەش کردەنییە، بەڵام کاتی زۆری پێویستەو ئاڵەنگاری گەورەی بۆ دروستدەبێت لەراکێشانی وڵاتە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەرمایەگوزاری لەناو ئێراندا.
- ئیسرائیل لەم شەڕەدا زۆر ماندوو بوە، موشەکە جیاوازکانی ئێران زۆر زیانی گەورەیان لێداوە، راستە خواستی تایبەتیی ناتانیاهۆ درێژەدانە بەپەلامارو شەڕ تا ئەوەی درێژە بەدەسەڵاتەکەی خۆی بدات، بەڵام ئەم شەڕە ئابوری وڵاتەکەی تێکشاندوەو بەدڵنیاییەوە بەبێ ئەمریکا توانای درێژەدانی بەشەڕەکە نەبوەو نیيە.
- نەرمکردنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی قۆناغبەندییەو "بەدەستهێنانەوەی ئێرانی مەزن" کاتی زۆری پێویستەو هەموو هەنگاوەکانی داهاتووی ئێران لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەم خەونە هەیە کە دۆناڵد ترەمپ وەک دەرفەت بەئێرانە دیپلۆماسییەکەی دایەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی