جەنگی ئیسرائیل_ ئیران گرنگی پەناگەکانی بۆ ئیسرائیل دەرخست
و تاڕادەیەک ژیانی هاووڵاتیانی لە موشەکی ئیران پاراست، باوک و باپیرانمان لەڕابردودا
پەناگە (کونە تەیارە)یان دروستکردووە و لەکاتی هێرشی دوژمندا لەترسی تۆپ و تەیارە چونەتە
پەناگەکان و سەلامەت ماونەتەوە.
پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ: " تا ئەم بایە لەو کونەوە
بێت ئەمە حاڵمان دەبێت".
پێکدادانی دەوڵەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێت زیاتردەبێت،
موشەک و تەیارە و درۆنی پێشکەوتوش لەگەشەدایە، لەداهاتوودا بینەری چەندین جەنگیتری
هاوشێوەی (ئیسرائیل_ ئیران) دەبین، ئاسمانی هەرێم و عیراقیش وەکو (دەرگای گەراجی نەهزەی
بەغدا) بەردەوام لەسەر پشتە، بۆیە کاتی ئەوەیە (حکومەتی هەرێم و هاووڵاتیان) بیر لە
پلانی دروستکردنی پەناگە لە شار و شارۆچکە و گوندەکان بکەنەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی جەنگدا
هاووڵاتیان سودی لێوەربگرن.
لەماوەی دوانزدە ڕۆژی جەنگی نێوان (ئیسرائیل_ ئیران) لە سەرتاسەری
هەرێمی کوردستان و عیراق چەندین درۆن و موشەک و عەمباری سوتەمەنی موشەکەکان کەوتنە
خوارەوە، "خۆشبەختانە بەر چۆڵەوانی کەوتن"، ئامانجی ئەم نوسینە دەرخستنی
واقعێکی تاڵە بۆ پێشگرتن بە کارەسات پێویستە هەر ماڵێک پەناگەیەکی پتەوی هەبێت، ئەرکی
حکومەتیشە پەناگەی گشتی لە بازاڕ و شەقامەکان دروست بکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی