"خواستی نەتەوەیی"و "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک"

24/06/2025

ئارام حاجی

گرنگی بابەتەکە:
گرنگی "پرسی کورد" لەو بەیەکداچوونە ئاڵۆزەوە سەرچاوە دەگرێت، کە "نەتەوەیی" یا "سیاسی" یا "مافدار" یا "جیۆسیاسیی"ە، ئەمەش یەکێک لەو پرسەکراوانەیە، کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە. ئەمەی خوارەوە ڕوونکردنەوەی گرنگییەکانی ئەم پرسەیە لەچەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە:

یەکەم: گرنگییە نەتەوەیی و مرۆییەکەی:
* پرسی کورد یەکێک لە درێژترین بزاوتە بەدینەهاتووەکانی ڕزگاری نەتەوەییە لەجیهاندا، چونکە تاکە گەلێکی پتر لە ٧٠ملیۆن کەسییە کە تا هەنووکە لەڕووبەڕووبوونەوەی سستم گەلێکی نەتەوەیی سەردەست و داگیرکاریدا، کە ڕەتیدەکەنەوە وەک "گەل" ددانی پێدابنێن، داوای مافە کولتوریی و سیاسییە ڕەواکانی خۆیدەکات.

* ئەم پرسە وابەستەی "ئەو پڕەنسیپەی مافی چارەنووسە"، کە یەکێکە "لە پڕەنسیپە سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی" و "مافەکانی مرۆڤ".

دووەم: گرنگییە سیاسییەکەی:
* پرسی کورد بەسەر ئارامیی و ئاسایشی ئەو چواردەوڵەتە سەرەکییەدا پەرچدەبێتەوە، کە کوردیان بەسەردا دابەشبووە (تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا)، کە لەجەوهەردا پەیوەندی بە سستمە سیاسییەکانیان و وێناکردنیانەوەیە بۆ "شوناسی دەوڵەت".ئەوەی کە پێیدەوترێت: "پرسی دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەری دروستکراو" لە دژی "پرسی دەوڵەت نەتەوەی داگیرکراوی لەباربراو"، یاخود ململانێی "ئیرادەی دروستکراو" لەگەڵ "ئیرادەی زەوتکراو".

* بۆ نمونە لە عێراق، پرسەکە بووە مایەی دەرهاویشتنی قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ (هەرێمی کوردستان)، و لەسوریا نموونەیەکی ئیدارەی خۆسەری دامەزراندووە، ئەمە لەکاتێکدا لە تورکیاو ئێران، هێشتا جێی ململانێیەکی کراوە یان شاراوەیەو حوکمی ئێستاو ئایندەی ئەو دەوڵەتانە دەکات.

سێیەم: گرنگییە جیۆسیاسیی و هەرێمایەتییەکەی:
* کورد لایەنێکی کارای هاوسەنگییە سەربازیی و سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، چ *لە ڕیی ڕۆڵییانەوە لە دژایەتی "داعش – ترۆری نێودەوڵەتی – کەیەکێک لە ڕەهەندە جیۆسیاسیی و ستراتیژییەکانی جیهان پێکدەهێنێت"، یان *لە ڕووی پەیوەندی ئاڵۆزییانەوە لەگەڵ ئەمریکاو ڕوسیاو تورکیا.

* هەروەها کێشەی کوردی وەک کارتێک بەکاردێت لەنێوان دەوڵەتە زلهێزەکاندا، کە دەیکاتە بەشێک لە ململانێی نفوزی نێودەوڵەتی لە دژی یەکتر.

چوارەم: گرنگییە فکری و تیورییەکەی:
* پرسی کورد پەرەسەندنێکی لەفکری سیاسییدا دەرهاویشتووە، بە تایبەت لە وەرچەرخانیدا لە هەوڵییەوە بەرەو "دەوڵەت نەتەوە" بۆ چەند چەمکێکی مۆدێرنی وەک:

- کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، هەروەک ئەوەی لە پڕۆژەی ڕۆژئاوادا هەیە.
- لامەرکەزییەتی دیموکراسی.
- ژینگەی سیاسی ژنان.
- هەموو ئەمانە ڕاستە نموونەی ئەزموونین، بەڵام بۆ چەمکی دەوڵەت نەتەوەی نەریتی ئاڵەنگارییەکی ڕاستەوخۆ پێکدێنن لە ناوچەکەدا.


پێنجەم: گرنگییە یاسایی و نێودەوڵەتییەکەی: 
* پرسی کورد ڕەوایەتی نێودەوڵەتی خستۆتە قەیرانەوە: چۆن دەکرێت لە سایەی غیابی ئیرادەیەکی نێودەوڵەتیدا بۆ بە ویژدانەوە حوکمدان لەسەری، داوای مافەکانی گەلێکی بێبەش لە ددان پێدانان بکەیت؟.
•  ئیشکالییەتی دووڕووی ئەو پێوەرانە دەخاتە ڕوو، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی پێدەکات لەگەڵ پرسی گەلانی بێ نوێنەرایەتیدا.

پوختەی بەشی دووەم
پرسی کورد تەنها پرسی "کەمینەیەکی نەتەوەیی"نییە، بەڵکو ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی "قەیرانی دەوڵەتی نەتەوەییی" و "مافە کۆمەڵایەتییەکان" و "ململانێی جیۆسیاسیی"ە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبەرئەوە چارەسەرکردنی یا پشتگوێخستنی، ئاماژەیە بۆ ئایندەی ناوچەکە، یا بە ئاراستەی جێگیربوونێکی دادپەروەرانە، یان بەرەو ملمانێ کراوەکان لە ناوچەکەدا.
 
تێبینی: لە بەشی سێیەمدا وەڵامی ئەو پرسیارە میحوەرییە دەدەینەوە کە: 
"ئاخۆ دەوڵەتی نەتەوەیی هێشتا ئامانجێکی کوردییە؟" ، کە پرسیارێکی میحوەرییە لە تێگەشتنی پەرەسەندنی گوتاری کوردی هاوچەرخدا و وەڵامدانەوەی جیاکاری وورد دەخوازێت لەنێوان: 

"گوتاری نەتەوەیی نەریتی سەدەی بیستەم"و  "ئەو وەرچەرخانە تیوریی و سیاسییانەی، کە لەسەرەتای سەدەی بیستویەکەوە بەسەریدا هاتووە".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی