ئیمامی عەلی دەڵێت : سێ جۆر دوژمن هەیە، دوژمنەکەت، هاوڕێی دوژمنەکەت، دوژمنی هاوڕێکەت.
ڕەچەڵەکی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە عەرەبییە. هەندێ لەبیرمەندە کۆمەڵناس و دەرونزانەکانیش بازنەی پەیوەندیەکانی مرۆڤ لەناو کۆمەڵگەدا دابەشی سێ بازنەی، من، تۆ/ دۆست، تۆ/ دوژمن دەکەن.
هیندۆسیەکان 2300 ساڵ لەمەوبەر پرەنسیبی ئەرتاشاسترایان لەتیۆرەکانی کۆتیلیاوە بۆ جۆرەکانی دوژمن و جیاکردنەوەیان داناوە. کۆتیلیا پێیوایە سێجۆر دوژمن هەیە، دوژمنی بەهێز، دوژمنی لاواز، هاوپەیمانی دوژمن.
لەکۆتایی سەدەی هەژهەمەوە، پەندە هیندی و عەرەبیەکان دەگەن بەبەریتانیەکان، بەهەمان تێگەیشتنە خۆرهەڵاتیەکەی ئەو پەندە، سیاسەتی پەرتکەو زاڵبە لەناوخۆیاندا بەکاردەهێننەوە.
ئەم پەندە لەناو کورددا، زیاتر لەڕیشە خێڵەکیەکەی لەپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە گواستراوەتەوە بۆناو تێگەیشتنی سیاسی کوردو وەک بنەمایەکی ستراتیژی ئیشی پێدەکرێت کەهەمیشە شکست و پێچەوانەی تەقدیرەکانی بۆ بەرهەمدەهێنێتەوە.
فەلسەفەی دۆستایەتی دوژمنی دوژمن، چاوبەستێکە ڕێگەنادا ئەو دۆستە وەک خۆی بناسرێت کە دەشێت ئاسەواری دۆستایەتیەکەی لەسەربنەمای دوژمن بونی لەگەڵ دوژمنەکەمدا، زۆر ترسناکتربێت لەکاریگەريی خودی دوژمنەکە.
بۆ نمونە: ئێران دوژمنە، داعشیش دوژمنی ئێرانە، بەفەلسەفەی ئەو پەندەبێت، داعش دۆستمە؟!
بۆیە چاکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە ، هۆکاردەبێت بۆ چاکردنەوەی تێگەیشتنی سیاسی کورد و سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە تاریفەکانی دوژمن و هاوپەیمانەکانیدا ، تاوەکو چیتر لەوە زیاتر سیاسەتی کوردی توشی شکست و قەیران نەبێتەوە ..
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی