هیچ گومانم نیە لەوەی كە دەوڵەتە گەورەكانی دنیاو بە تایبەت ئەوروپا لە ڕۆژگارێكا هەرچی نەشیاوە بە ئاسیاو ئەفریقیاو شوێنگەلی دیكەیان كردوە، جارێكیان لە بەلجیكا بووم دۆستێك بۆی گێڕامەوە كە ئەم وڵاتە بچوكەی هێشتا خۆی كێشەی ڕوونی شوناسی هەیەو لە گەڵ ئەوەشدا ناوەندێكی گرنگی ئەوروپایە، هێڵەی بە ئەفریقیاكردوە، فەڕەنساش لەو ستەمكردنە بە دەر نیە ، لە گەڵ ئەوەشدا بە دایكی دیموكراسی و خاوەنی شۆڕشی ئازادی و مافی مرۆڤ دەناسرێت، ئێمە وەك كورد لە قۆناغێكی دیرۆكیدا قوربانی دەستی فەڕەنساو بەریتانیا بووین ، بەشێك بووین لە پارچە كێكێكی گەورە ، بەڵام دواتر فەرامۆشكراین و دراینە دەست عەرەب و تورك و فارسەوە تا بە ئارەزوی خۆیان شاپێنمان پێبكەن، درەنگتر فەڕەنسا وەك دۆستێكی لەبەر دڵانی كورد دەركەوت ، لەم ڕۆژانەی پێشوودا پەیامێكی فەڕەنسام بینی سەبارەت دەوڵەتی سوریای ئەحمەد شەرع ، لە پەیامەكەدا بە ئاشكرا ئەوە دیار بوو كە بێ دابین و دەستەبەر كردنی مافی گەلی كورد و ڕیز گرتن لە هەسەدەو ڕۆژئاوای كوردستان دەوڵەتی سوریا هیچ مانایەكی نابێت .
ئێستا فەڕٍەنسا دۆستی كوردە ، ئەو دۆستایەتیەش لانی كەم مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو ، كۆتای هەشتا ، لە پاریس كۆنگرەیەك بۆ كورد بەسترا، هەرچەند ئەوكاتە پەیوەندی نێوان عێراق و فەڕەنساش زۆر باش بوو، بەڵام فەڕەنسا لەو ڕۆژەوە بەردەوام بە هەر جۆرێك بگونجێت هاوكاری گەلی كورد دەكات ، فەڕەنسا لە ناو پاریسا بارەگای ئاشكرای حزبی دیموكراتی ئێرانی داناو دۆستێك بۆی گێڕامەوە كە دكتۆر مەحمود عوسمان وتویەتی ئەو بارەگایە یەكەمین باڵیۆز خانەی ئاشكرای كوردان بووە لە دنیادا ، هەروەسا ئەنیستویتی كوردی وچەندین ناوەندی دیكەی كردەوە ن ئەووێڕای جێكردنەوەی هەموو ئەو كوردانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورك و فارس و عەرەبەوە لە زێدی خۆ دەردەكرێن و ڕاوە دوو دەنرێن ، دوژمن زۆر جار لە ناو پاریسیش پەلاماری كوردی بەشەرەف و بە ڕومەت دەدات و دەیەوێت ئەو پەناگەیەی كوردان بشێوێنێت .
بڕوا دەكەم نەتەوەی وەك نەتەوەی كورد دەبێت بەو جۆرە سەیری هەڵوێست بكات چەند دەیانەوێت لە بن چنگی ستەمكاری دەریبێنن، دەوڵەتانی نەتەوەگەری كوێرانەی وەك توركیا ، ئێران ، عێراق و سوریا، بە جۆرێكی زۆر ستەمكارانەمامەڵەیان لە تەك كوردا كردوە ، ئێستا كە وڵاتێكی وەك فەڕەنسا دەیەوێت ئەو ئازارە ببینێت، كورد دەبێت وەك ئێستاو وەك ئەو هەڵوێستە سەیری فەڕەنساو هەر دۆستێكی دیكەش بكات ، بۆ منێك وەك كورد ئەوە جێی بایەخە كە وڵاتێك برینی گەلەكەم دەبینێ و دەیەوێت بەشدار بێت لە ساڕێژكردنی ئەو برینە، نەك ئەوەی لە ڕوانگەی دینیەوە لە بری خەڵكی دیكەش سەنگەر لە فەڕەنسا بگرم ، راستیەكەی ئەوە جۆرێكە لە گەمژەیی ، لە كاتێكا لێرە هاو ئاینی تۆ دەتكوژن و دەتبڕن و ئەنفال و جینۆسایدت دەكەن، تۆ لە سەنگەرێكی تردا دژی ئازادی بیرو ڕا لە گەڵ هەمان ئەو دوژمنانە پەلاماری دۆستەكانی خۆت بدەی، خۆ ئەگەر وەڵامیش هەر ئەوەیە كە ناكرێت بە ناوی ئازادیەوە شكۆی مرۆڤ بشكێنرێت ، لە هیچ كوێی دنیا هێندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەندو هێندەی ئەو وڵاتانەی خاك و خەڵكی كوردستانیان بە سەردا دابەشكراوە، سوكایەتی بە مرۆڤ ناكرێت .
كورد لە بارو دۆخی ئێستایدا لە هەموو ئەو بەشە كوردستانە داگیركراوانەی هەیەتی پێویستی بە داكۆكی لێكردنە ، داكۆكی فەڕەنسا ، ئەمەریكا ، ئەڵمانیا ، یان هەر وڵاتێكی دیكە دەبێت بە ڕێزەوە لێی بڕوانرێت و ناكرێت بۆ هەر هەنگاوێك ئێمە پێش هەر گەلێكی تر سەنگەریان لێبگرین، من بڕوام وانیە ئەو دەوڵەتانە ڕێگر بن لەوەی كورد بە مافی خۆی بگات ، ئەگەر كورد ئەو ئامادە سازیەی تیا بێت ، ئەوەی تا ئێستا مافی كوردی پێشێل و داگیر كردوە وڵاتانی داگیرو دابەشكەری كوردستانن، نەك ئەمەریكاو فەڕەنساو ئەوروپا و هەر وڵاتێكی تر ، دەشێت بڵێین دوژمنانی كورد چەكی هەموو دنیایان لە سەر ئێمە تاقیكردوەتەوە ، بەڵام ئەوەیان دەچێتە خانەی بەرژەوەندی و بازاڕو مامەڵەی چەك و بابەتگەلی دیكەوە ، كوردیش ئەگەر فۆڕم و چوار چێوەی هەبوایە دەیتوانی لە كێی گەرەك بێت چەك و چۆڵ بكڕێت .
هەڵبەت لە شەڕی دژی داعشدا كورد لە لایەن زۆربەی هاوپەیمانانی دژی داعشەوە بە چەك و بە پارەش یارمەتی دراو تا ئێستاش بەشی زۆری ئەو یارمەتیانە بەردەوامە ، ئەمەریكاو فەڕەنساو ئەڵمانیاو وڵاتگەلی دیكەش هاوكار بوون ، لە كاتێكا سوپای توركیاو ئێران و عێراق و سوریا بە هەموو چەشنێك پەلاماری كوردیان دەداو دەوڵەتی توركیا لە باشورو ڕۆژئاوا ئاگری دەباراندو خەڵكی سڤیلی دەكوشت، ئەمە بۆ ئەوانی دیكەش وەسا بوو، فەڕەنسیەكان زۆر بوێرانە هاوكاری كورد دەكەن و دەبێت ڕیز لەو كارەیان بگیرێت ، دۆستی فەڕەنسی هەبووە پێی وتوم من لە زۆر سەركردەو سەرداری كورد زیاتر حەزدەكەم ئازادی و خۆ خاوەنی گەلی كورد ببینم ، بۆ ئەوەش هاوكارو پشتیوانم ، ساڵی بەرێ 2024 لە شوێنێك كۆمەڵێك دۆستی هۆڵەندی لە ماڵی هاوڵاتیەكی هەرێم بوون و بەو بۆنەوە ئێمەش لەوێبووین، پێكەوە باسی هونەرو ئەدەب و مارتن ڤان برۆنسن و ڤانكوخ و زۆر پرس و بابەتی دیمان كرد، یەكێكیان پێی وتم هیوادارم بەو نزیكانە سەربەخۆیی كوردستان ببینم و من ببمە باڵوێزی هۆڵەندا لێرە.
هەموو ئەو گەلانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان بە دەست وڵاتێكی ئەوروپیەوە تلاونەتەوە و ئازاریان چەشتوە ، كە بوونە بە خاوەنی خۆیان ئەوروپا هاوكاری كردون و یارمەتی داون، وێڕای شەڕی توندی ڕابردی نێوانیان، ئێمە وەك كورد بە درێژای هەزار ساڵ پتر هیچ شەڕێكمان لە تەك هیچ گەلێكی ئەوروپیدا نەكردوە ، شەڕی نەتەوەیی ، ئەوی بەریتانیاش بەو جۆرە شەڕی نەتەوەیی نەبووە ، ئیدی بۆ دەبێت ئێمە لە سەنگەردا بین لە دژیان بە تایبەت بەرانبەر فەڕەنسا كە دەیانەوێت ببینە خاوەن ئایندەیەكی باش و ڕوناك.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی