پێشبینیەكانیان لەبارەی ئێران دەرنەچوو، بۆیە دەبێ‌ لەگەڵ بەغدا رِێككەون

18 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر

پرسی لێدانی ئێران چەندین دۆسیەی جیاوازی هەڵپەساردبوو، بەڵام كورد دەڵێت دەهۆڵ دڕاو تەقەی بڕا. بەشێك لەو ئەگەرو پێشهاتانەی بەشێك لەلایەنەكانی عیراق و كوردستان پێشبینیان دەكرد وەكوخۆی دەرنەچوو، هەرچەندە زۆربەی ناوەندەكانی بیركردنەوە زوو گوتیان ئامانجی سەرەكیی ئەمریكاو ئیسرائیل تەنها پەكخستنی بەرنامە ئەتۆمی و بالیستیەكەی ئێرانە، نەك رووخاندنی رژێمەكەی. بەرنامە ئەتۆمیەكەیان پەكخست، بەڵام لەناوبردنی توانا بالیستیەكە مایەوە.

لایەنە سیاسیەكانی هەرێم، بەتایبەت پارتی و یەكێتیی گرەویان لەسەر ئەنجامی گرژیی و پلانی ئەمریكا دەكرد لەناوچەكە، هەم پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ و هەمیش ئەم گرژیانەی بەر لەلێدانی ئێران لەبارەی پرسی موچەی هەرێم دەرئەنجامی ئەو تێگەیشتنە بوو كە لەئێران دەدرێت و ئەگەر رژێمەكەی نەڕوخێنرێت.

بڕیاربەدەستانی هەرێم لەگەڵ ئەوەی پێشوەختە هیچ خۆیان بۆ لێكەوتەكانی شەڕەكە ئامادەنەكردبوو، بەڵام بەدەمارگیریی حزبی و بۆ بەرژەوەندی حزب گرەویان لەسەر دەرئەنجامەكە دەكرد، بێئەوەی خەمی پاراستنی هەرێم و دابینكردنی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانیان بێت، لەكۆتاییدا وەكچۆن لەپرۆژەی ریفراندۆم دەوروبەرو دەرباریان پێشبینی و خوێندنەوەی ناواقعی و نالۆژیكیان دەدا سەرووی خۆیان، لەم شەڕەشدا پێشبینیەكانیان بۆ دەرئەنجامەكان نا لۆژیكیی و ناواقعیی بوو، بۆیە هەم پێكهێنانی حكومەتەكەیان زۆر دواخست تازە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق، هەمیش هەڕەشەی بەتاڵیان لەبەغدا دەكرد. ئێستاش دوای تەواوبوونی شەڕ، دەبینین رووبەرووی دۆخێكی دیكە دەبنەوەو رەنگە فشارەكانی سەریان زۆر زیاتر بێت.

بەپێی دوایین زانیاریی، كاربەدەستانی هەرێم و بەغدا لەپرسی رادەستكردنی نەوت و ناردنی موچە بۆ كوردستان لەیەكتر نزیكبوونەتەوە، بەڵام لەیەكتر نزیكبوونەوەكە ئەوە نییە بەغدا بۆچوون و تێگەیشتنی خۆی لەبارەی پرسەكە گۆڕیبێت، بەڵكو كاربەدەستانی هەرێم هیچ دەریچەو رێگەیەكی دیكەیان لەبەردەم نەماوەو ناتوانن لەوە زیاتر بەرگەی بارودۆخەكە بگرن. ئەوەی ئێستا لەم گفتوگۆیانە بەڕێوەدەچێت هیچ نەگۆڕاوە، تاكە شتێك گۆڕابێت ئەوەیە كە هەرێم هیچ كارتێكی فشارو هیچ كاتی بەردەست نەماوە، یان دەبێ‌ رێككەوێت یاخود دۆخی ئابوریی و دارایی هەرێم پێدەنێتە قۆناغێكی دیكەی زۆر خراپتر.

پێشتر كە كاربەدەستانی هەرێم نەوتیان رادەستی بەغدا نەدەكرد لەبەر ئەوە نەبوو كە دەیانەوێ‌ سەروەریی هەرێم بپارێزن یاخود رۆڵی سەرپەرشتیی و بەڕێوەبردنی نەوت نەدەنە بەغدا، بەڵكو بەرژەوەندی حزبیی و شەخسیی رێگربوو لەم پرۆسەیە، ئەگینا چ مەنتقێك ئەوە قبوڵ دەكات نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بە 68 دۆلار بێت و كەچی هەرێم بە  33 بۆ 34 دۆلار بیفرۆشێت؟ لەو پارەیەش زیاتر ئەو لەنیوەی پارەیەبۆ كۆمپانیاكان بێت؟ 

بەداخەوە چەندین ساڵە كاربەدەستانی هەرێم لەپێناو بەرژەوەندی حزبیی و شەخسی چارەنوس و ژیانی هاوڵاتیانی كوردستانیان كردۆتە بارمتەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، بەڵام ئێستا هیچ دەریچەیەكیان لەبەردەمدا نەماوە، دەبێ‌ نەوتەكە رادەستبكەن بەڵام دوای چی؟ دوای وێرانكردنی سامانی نەوت و تەسلیمكردنی بەكۆمپانیا بیانییەكان لەڕێی زنجیرەیەك گرێبەست كە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانەوە نییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی