شمشێرەکەم دەرناهێنم، کە قامچیم
بەس بێت، قامچیش وەلا دەنێم کە
زمانم بەس بێت، ئەگەر تاڵە مویهک
هەبێت کە منی بەبراکانمەوە ببەستێتەوە
نایپچڕێنم.
معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان
دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەمەوی
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل سەیر و سەمەرەترین جەنگی سەردەمە کە لە هەینی 2025/6/3 دەستیپێکرد و لە 25 هەمان مانگ کۆتایی پێهات و 12 ڕۆژی خایاند ، کۆتاییەکەی ئەو جەنگە وەک دوا لەقتەی یەکێک لە زنجیرە دڕاماکان بوو ، کاتێک دەرهێنەر لەناکاو دەزانێت چەند خولەکێکی دیاریکراوی لەبەردەمدا ماوە بۆ کۆتایی هەموو هێڵە دڕامیەکە.
یەکسەر سورپڕایزەکان کەڵەکە دەبن و کۆتاییەکان یەکتربڕ دەبن و ، لەدواجار ئەنجامەکەش بە جوڕعەیەکی لەڕادەبەدەر لە وروژاندن کۆتایی دێت ، ئا ئەمەیە دیمەنی سیاسی و سەربازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە جیهانێکدا ململانێکان دایڕزاندوە و زۆر جاریش بە موزایەدات و دروشمەکان حوکمڕانی دەکرێت.
کاتێک ململانێی تووند دەکەوێتە نێوان دوو وڵات یان دوولا ، ڕەنگە هەندێک بەسانایی دۆخە بوروژێنن و پەرەی پێبدەن بۆ لاوازکردنی هەردوو لایەن وەک ئەوەی وڵاتانی دەوروبەر بە پارتی و یەکێتی دەکەن . یان وڵاتان بە دوو وڵاتی بەشەڕ هاتوو دەکەن و ئاگرەکە زیاتر خۆش دەکەن ، یان هەیە لە نەزانی ئاگرەکە دادەگیرسێنێت.
کە منداڵ بووین هەمیشە دایک و باوکانمان لە مەترسی ئاگر ئاگاداریان دەکردینەوە ، کە نەکەن گەمە بەدەنکە شقارەتە یان چەرخ بکەن و ئاگر بکەنەوە تا شوێنێکتان نەسوتێ و ئاگر لە ماڵ بەرنەبێت ، حەماس گەمەی بە ئاگر کرد و ناوچەکەی ئاگر تێبەردا ، جەنگ هەروەک لە دڕاماش وایە ئەنجامەکەی بەزەڕوڕەت کۆتایی نیە ، بەڵام بەدرێژایی مێژوو لە هەموو جەنگ و ململانێکانی نێوان دوو وڵات ، دوو کۆمپانیا ، دوو خێزان یان خانەوادە.
زاراوەیەک هەیە کە جەوهەرەکەی هونەری پێکەوەژیانە ئەویش پێکهاتن یان یەکلاکردنەوە « التسویه » یە ئەوەی پەنای بۆ بردبێت قازانجێکی زۆری کردووە بەتایبەتی بۆ لایەنی لاواز زۆر پێویستە ، هەندێک بە هەڵە لە زاراوەی پێکهاتن یان یەکلاکردنەوە گەیشتوون و پەنابردن بۆی بە عەیبە و ناڕەوشتی و لاوازی و شکست دادەنێن.
پێکهاتن « تسویه » شکست نیە بەڵکو لە جەوهەردا چاکەیەکی واقعیە کە کەڕامەت دەپارێزێت و ڕێگانادات داڕمان ڕووبدات ، دەبێت ئەوەش بزانین کە لە سیاسەتدا هەروەک لە ژیانیشدا سەرکەوتن بەهێنانەدی تەواوی داواکاریەکان ناپێورێت ، بەڵکو بەتوانای پاراستنی ئەوەی کە مومکینە و دوورکەوتنەوە لەوەی کە بەرگەی ناگیرێت دەپێورێت ، کاتێک بەدیلێک بۆ پێکهاتن شەڕ بێت یان داڕمان بێت یان دابڕانی ئەبەدی بێت.
ئەوکاتە پێکهاتن دەبێتە هەڵوێستێکی ئەخلاقی نەک سیاسی ، زۆر نموونەمان لە مێژوو هەیە کە سەرکردەی مەزن بێگوێدانە لۆمەی دەوروبەرەکەی و هەندێک جار گەلەکەشی پێکهاتنی لەجیاتی پەرەسەندن « التصعید » هەڵبژاردوە و وڵاتیان لە وێرانی حەتمی لاداوە ، پێکهاتن لەگەڵ بەرانبەرەکەت وازهێنان نیە لە کەڕامەت ، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ پاراستنی کەڕامەت ، پێکهاتنەوە لاوازی نیە هەروەک هەندێک کەس وایدەبینن ، بەڵکو مەرجێکە لە مەرجەکانی مانەوەی خودی کۆمەڵگا ، مەزنیی پێکهاتن ئەوەیە کە هەڵبژاردنی چرکەساتێکە کە هەموو وەرەقەکانی هێز لەدەست نەچن.
پێکهاتن بژاردەی سەرکردەی عاقڵمەندە کە ژیانی خەڵک دەخاتە سەروی کەللەرەقی و چەقبەستوویی پڕنسیپەکان ، ئەوە قارەمانێتی نیە دەست بە هەقیقەتەوە بگریت و دواتر هەموو شتێک بکەیتە قوربانی ، پێکهاتنەوە لەگەڵ بەرانبەرەکەت بریتیە لە هونەری ئەو سەرکردە جوانانەی کە کاتێک درک بە سنووری ململانێکان دەکەن و ، ئاشتی بەسەر شکستدا هەڵدەبژێرن ، پێکهاتن هونەری مەودای بەیەکگەیشتنی نێوان بەهاکان و واقعە ، نێوان کەڕامەت و حیکمەتە ، ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشوتری میسر لە ساڵی 1978 ڕێکەتنامەی کامب دێڤدی ئەنجامداو ڕێگای پێکهاتن-ی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵبژارد و گوێی بەهێرش و رەخنەی خەڵکانی خۆی و عەرەب نەداو هەموو سینای وەرگرتەوە، هەردوو سەرۆکی پێشووی سوریا کوڕو باوک ، پێکهاتن-یان ڕەتکردوە جولان-یان لەدەستدا.
پێکهاتن « تسویه » ڕێگایە بۆ چارەسەر نەک بە بێمنەتی و کەللەرەقی و خوێن بەڵکو بە زەمەن و بیرکردنەوەی حەکیمانە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی