زانکۆی نێودەوڵەتی کوردی لەئەڵمانیا: دەروازەیەک بۆ دروستکردنی لۆبییەکی کاریگەر لەئەوروپا

14 کاتژمێر پێش ئێستا

یونس بەهرام

بون و هۆشیاریی کورد لە ئەوروپا لە گەشەسەندنێکی بەرچاو و بەردەوام دایە، ئەم گەشەسەندنە بە هەنگاوێکی مێژویی دامەزراندنی زانکۆی نێودەوڵەتیی کوردی لە شاری درێسدنی ئەڵمانیا کە لە پلاندایە ساڵی 2026 تیایدا بخوێندرێت بەرجەستە بوە. زانکۆکە تەنیا لە پرۆژەیەکی زانستی کورتناکرێتەوە، بەڵکو هەڵگری ڕەهەندی ستراتیژی قوڵە کە لە توانایدایە ڕوخسار و جیهانبینی ڕەوەندی کوردی دابڕێژێتەوە، بەتایبەتی لە بنیاتنانی ناوەندێکی سەربەخۆی کوردی و دامەزراندنی لۆبییەکی کاریگەریی کوردی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا.

زانکۆی کوردی نێودەوڵەتی: پڕکردنەوەی بۆشایی نەبونی دامەزراوەی زانستی و بنیاتنانی ناوەندێکی کاریگەری یەکگرتوە
کوردانی تاراوگە لە مێژە بەدەست نەبونی دامەزراوە ئەکادیمییەکانەوە، کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بابەتیانە نوێنەرایەتیان بکەن دەناڵێنن. زانکۆی نێودەوڵەتی کوردی دێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە. کەشێکی ئەکادیمی پێشکەوتو دابین دەکات کە پێشینەی نەبوە، بەجۆرێک بەشێوەیەکی فەرمی بە سێ زمانی سەرەکی تیایدا دەخوێندرێت: کوردی (بە هەردو زاری کرمانجی و سۆرانی)، ئەڵمانی و ئینگلیزی. لە سەرەتادا پرۆگرامەکانی خویندن لە چەند فاکەڵتیەکدا لەمانە پێکدێن: فاکەلتی کوردۆلۆژی، کە ڕشتەکانی زمان و ئەدەبی کوردی، زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت و فاکەڵتی ئەندازیاری و فاکەڵتی تەکنەلۆجیای زانیاری. لە زانکۆی کوردی ئەڵمانی سەرەڕای پێشکەشکردنی بڕوانامەی ئەکادیمی باوەڕپێکراوی ئەوروپی و نێودەوڵەتی، ئاسۆی نوێش بۆ خوێندکارە کوردەکان لە سەرانسەری کوردستان و ڕەوەندی کوردی دەکاتەوە، و بواریان دەدات لە بازاڕی کاری جیهانیدا ڕکابەری بکەن.

پرۆژەکە ئاراستەیەکی کوردی بەرەو یەکبونی نەتەوەیی دادەمەزرێنێت
گرنگی ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە هەر لایەنە ئەکادیمی و زانستییەکەی نییە. زانکۆ نوێنەرایەتی سەکۆیەک دەکات بۆ دەستەبژێر و ڕۆشنبیران و خوێندکارانی کورد، فەزایەک بۆ گفتوگۆی ئازاد، دور لە جەمسەرگیری حزبی دروست دەکات. زانکۆکە لە ڕێگەی سەربەخۆیی خۆی لە لایەنە سیاسییەکان و ئۆرگانە فەرمییەکان، بەشداری دەکات لە بنیاتنانی ئاراستەیەکی یەکگرتوی فیکری و کولتوری کە توانای نوێنەرایەتیکردنی دەنگی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت و گەیاندنی وێنەیەکی شارستانی و بابەتیی کورد و دۆزی کوردە.

هەروەها ئەم زانکۆیە بۆ پەرەپێدانی زمانێکی ئەکادیمی یەکگرتوی کوردی و بەهێزکردنی ناسنامەی کوردی لە تاراوگە و پێگەیاندنی سەرکردە و تاکی پیشەیی شایستە کە لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکاندا کاردەکات، و مەبەستیەتی پێگەی کورد لە فەزای ئەوروپادا بەرزبکاتەوە. ئەمەش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ زۆرینەی زانکۆ و پەیمانگاکان کە لە ناوچە کوردییەکاندا کاردەکەن ئەنجام دەدرێت. لەسەر بنەمای پەرەپێدانی لۆبییەکی کاریگەری کوردی لە ئەوروپا دامەزراوە.

زانکۆی نێودەوڵەتی کوردی ئەڵمانی ئاسانکاری بۆ دروستکردنی تۆڕێکی پتەو لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمی و سیاسییە ئەڵمانی و نێودەوڵەتییەکان دەکات، ڕێگە خۆش دەکات بۆ پێکهێنانی لۆبییەکی کاریگەریی کوردی کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی کورد بکات و کاریگەری لەسەر بڕیاردانی ئەوروپی هەبێت، بەتایبەتی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە مافەکانی کورد و پشتیوانی سیاسی و کولتوری. زانکۆکە بە سازدانی کۆنفرانس و سیمینار و توێژینەوە، هۆشیاریی پرسەکانی کورد بەرزدەکاتەوە و کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی و بڕیاردەرانی وڵاتانی میواندار دادەنێت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پشتیوانیکردن لە دۆزی کورد دادەنێت.

ئەنجام
دامەزراندنی زانکۆی نێودەوڵەتیی کوردی لە ئەڵمانیا، وەرچەرخانێکی نوێیە لە دۆزی کورددا و ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی هۆشیاریی کوردە لە بەرانبەر گرنگیی هەبونی دامودەزگا بێلایەنەکان بۆ بنیاتنانی ناوەندێکی کۆکەرەوە و سەربەخۆ و متمانەپێکراوی کوردی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەم پڕۆژەیە تەنیا دامەزراوەیەکی ئەکادیمی نییە؛ دەروازەیەکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی کۆکەرەوەیەکی سەرو بەرژەوەندی حزبی و کەسی و هەوڵێکی گرنگە بۆ لۆبییەکی کاریگەر و چالاکانەی کورد لە ئەوروپا و جیهاندا. سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە دەنگێکی بەهێزتر و دیارتر لە سەر شانۆی نێودەوڵەتی بۆ کورد دروستدەکات و بۆ دەیان ساڵی داهاتو ڕێچکەی کاری ستراتیژی ڕەوەندی کوردی دادەڕێژێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی