لەڕۆژی 9ى 7ى 2025 لەسۆشێال میدیادا پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆجەلان بەزمانی تورکیو ژێرنوسی کوردی سۆرانی بڵاوکرایەوە کە من بەنیگەرانیەکی زۆرەوە وەڵامی دەدەمەوە:
خاڵی یەکەم، باسی بانگەوازەکەی دەکات بۆ(ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی). باشە ئۆجەلان ئاگای نیە لەوەی کە تورکیا شەڕی دژی پەکەکە و دژی کوردی مەدەنیی باکوری کوردستانی نەوەستاندوە؟ هێشتا سەرۆک شارەوانیە کوردە هەڵبژێراوەکانی دەرکراون و لە شوێنیان قەیومی پەسەندی ئۆردوگان دانراون؟ هێشتا (ئیمام ئۆغلو) ی پارێزگاری هەڵبژێراوی ئەستەنبول هەر لە زینداندایە و دەنگۆی ئەوەش هەیە پارێزبەندیی پەرلەمانی لە سەر هەمو ئەندام پەرلەمانەکانی حیزبەکەی (جەهەپە) هەڵبگیرێ بۆ دادگاییکردن و گرتنیان؟
لە خاڵەکانی دو و سێدا پەسنی حیزبەکەی دەکات کە گوێڕایەڵی بون لە هەڵوەشاندنەوەیدا و، هەروەها پەسنی ئەو(هاوڕێ) یانە دەکات کە ڕۆڵی پردیان بینیوە لە پرۆسەکەدا.
لە خاڵی چواردا باسی (مانیفێستۆیەکی کۆمەڵگەی دیموکراتی) دەکات کە ئامادەیکردوە و بە وەرچەرخانێکی مێژویی دەژمێرێ نەک هەر بۆ کورد بەڵکو گرنگیەکی (هەرێمی) واتا بۆ هەمو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیەکی (گەردونی) واتا بۆ هەموو ههشت ملیار مرۆڤەکەی دنیای دەداتێو ئینجا ئەم مانیفێستۆیە بە(سەرکەوتویی) لەجێی (مانیفێستۆی 50 ساڵەی ڕێگای شۆڕشی کوردستانی) دادەنێ، لێرەدا بەدوو وشەش هیچ ناڵێت دەربارەی ئەوەی ئەم مانیفێستۆ نوێیە چییە، هەروەها ناڵێت کوردستان هەر چوار پارچەکەیه یان کام پارچەیان؟
لەخاڵی پێنجدا ئەڵێت دانیشتنەکانو گۆڕانکاریەکان لەسەر بناغەی (ئیرادەی ئازاد) لەئیمراڵی هاتونەتە ئاراوە، ئاخر تۆ کە هێشتا لەزیندانی ئیمراڵی لەژێر سێبەری سەرە نێزەی پاسەوانی تورکدایتو لەناو تۆڕی جەنگی دەرونیو دیبلۆماسیو سیاسیو هەڕەشەو هەواڵگریی (میت) پەلەقاژە دەکەیت، ئێمەی دەرەوەی ئەو دۆزەخەی بۆ کوردو بۆ تۆیان گەرمکردوە چۆن بڕوابکەین کە بە(ئیرادەی ئازاد)هوە بڕیارەکانت داوە؟
لەخاڵی شەشدا ئەڵێت، پەکەکە لە دژی نکولیکردن لە بونی کورد دروست بو و هەروەها بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی جیا، ئینجا ئەڵێت نکولیکردن نەماوە بۆیە پەکەکەمان هەڵوەشاندەوە و چەک دادەنێین.
باسی کۆمیسیۆنێک دەکات کە لە پەرلەماندا دروست بێت بۆ بە یاسییکردنی پرۆسەکە، بەڵام ناڵێت کەی و چۆن، زۆر سەیرە ئۆردوگان و باخچەلی بەرپرسیاری پرۆسەکەن بەڵام وەک ئەوەی لێیان قەدەغەکردبێت ئۆجەلان لە هەمو قسەکانیدا داوای یەک شتیان لێناکات نە لە خۆیان نە لە حزبەکانیان! هەروەها ئۆجەلانیش وەک ئۆردوگانو باخچەلی تاقەجارێکیش باسی چارەسەری سیاسیانەی کێشەی کورد لەتورکیا ناکات!.
لە قسەکانی تریدا هەر شتی گشتی و تیوری و ناکۆنکرێتی و گەشبینی دەربڕینێکی بێبنەما وبێ بەڵگە و خۆپەسەندکردن و خۆبەڕاست زانی دەردەبڕێ. دواتر بێباکانە ددانی پیادەنێ کە وازیان لە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد هێناوە ، باشە تۆ کێ ئەم حەقەی پێداویت لە بری سی ملیۆن کوردی باکور سوک و سانا بڕیارێکی ئاوا ترسناک بدەیت؟ باسی (ئینتیگراسیۆن) دەکات وەک ڕێگای بەدیهێنانی (کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتی)، ئەم وشە ئینگلیزیە واتاکەی جۆرێک لەتوانەوەو تێکەڵبونی جۆگەلەی کەمایەتیی نەتەوەییە لە ناو ئۆقیانوسی نەتەوەی گەورەدا کە ڕێک واتاکەی ئەو assimilation) ) دەگەیەنێ کە لە ڕۆژی دروستبونی کۆماری تورکیاوە ڕژێمە نەتەوەپەرستەکەی بەسەر کەمینەکانی کوردو ئەرمەنی و عەرەبو لاسدا پیادەی دەکات، یان لەباشترین ڕاڤەکردندا (ئینتیگراسیۆن) تێکەڵبونو توانەوەی پەکەکە دەگەیەنێ لەناو سیستمی سیاسیی تورکیادا.
باسی ئامادەیی پەکەکە دەکات بۆ (جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان) بێ ئەوەی بە یەک وشە باسی بەڵێنەکانی ئۆردوگان و باخچەلی بکات کە بەویان داوە، کە وادیارە هیچ بەڵێنێکیان پێ نەداوە! داوا لە پەکەکە دەکات کە هەنگاوەکان (...دور لە لۆژیکی نەزۆکی ململانێی من و تۆیی) بنرێن، ئەمە واتا شاراوەکەی ئەوەیە هیچ پێویست ناکات لە ناو پەکەکەدا پرۆژەکەی ئەم بخرێتە بەر باس و شیکردنەوەی عەقڵانیی هەمولایەنە و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە! داوا دەکات پرۆسەکە بە (سەرکەوتنێکی مێژویی) دابنرێت، بەڕاستی سەیرە سەیر!.
هیشتا تورکیا نەک هەر یەک هەنگاوی باش و دۆستانەی بەرەو ڕوی تۆ نەناوە، بەڵکو وازیشی لە یەک کاری دوژمنکارانە نەهێناوە کە ڕۆژانە بەرامبەر گەلەکەت دەیکات، ئیتر چۆن و بە چ بەڵگەیەک ئەم پرۆسەیە بە (سەرکەوتنێکی مێژویی) دابنێین؟ ئینجا دێتە سەر باسی مەرجی ئازادکردنی خۆی کە لە هەمو بەڵگەنامەکانی پرۆسەکەدا هاتوە و دەیبەستێتەوە بە ئازادیی هەمو کۆمەڵگاوە بێ ئەوەی کۆنکرێتی داوای ئازادکردنی هەمو زیندانیانی سیاسیی کورد و ناکورد بکات وەک هەنگاوێکی گرنگی نیازپاکیی دەوڵەتی تورکیا بەرەو دیموکراتیبونی ڕاستەقینە.
ئەنجامگیری: بێگومان تورکیا پێش دەسپێکی پرۆسەی ئیمرالی دەیزانی کە ئیسرائیل لە دۆخی هێرش و فراوانبوندایە، بۆیە دەترسا و ئێستاش دەترسێ ئەم فراوانخوازییەی ئیسرائیل دەوڵەتی کوردیی لە باشور و ڕۆژاوای کوردستان لێبەکەوێتەوە کە ئەمە بە هەڕەشەی ستراتیجی دەزانێ بۆ سەر خۆی.
وێڕای ئەمە ئۆردوگانی دژە دیموکراسی دەیەوێ بە دەنگی کوردی باکور دەستوری تورکیا بە جۆرێک بگۆڕێ کە جارێکی تریش بە سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە، بۆ ئەمە و بۆ ئەوەی ئەگەری دروستبونی دەوڵەتی کوردی نەهێڵێت چی لەوە کاراترە ڕابەرێکی مەزنی کوردی وەک ئۆجەلان بکات بە مقاش و بەکاریبێنێ بۆ ئەم دو ئامانجە؟ ڕەنگە ئۆجەلانیش ئازادکردنی خۆی و دەرکەوتنەوەی خۆی لە سەر سەکۆی سیاسەتی تورکیا و ناوچەکە لا مەبەست بێ و بەلایەوە گرنگ بێت بۆیە زۆر بە ئاسانی خۆی سازاند و گونجاند لەگەڵ نەخشە دۆزەخیەکەی ئۆردوگان و باخچەلی.
باشە تۆی کورد وەک ڕابەری گەورەترین و کاراترین حیزبی کوردستانی کاتێک بە دەمی خۆت وازبێنی لە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ، ئەمە کاراترین بەڵگە نیە بە دەستی تورکیاوە کە لە سبەینێی دور یا نزیکدا لە (کۆنفرانسێکی تری لۆزان ێکی) تردا لە دژت بەکاریبێنێ؟
من هیوادارم هەڵۆ و تەوارە بەرزەفڕەکانی قەندیل و وڵاتپارێزە بیرمەند و بیرکەرەوە و پلان داڕێژە ئارام و هاوسەنگەکانی پەکەکە بەوردی چاودێریی پرۆسەی ئیمرالی بکەن و لە هەر شوێنێکدا کە زانیان ڕاوبۆچونەکانی ئۆجەلان هەڵەیە بێ دودڵی بەگویی نەکەن و بە شێوەیەکی عەقڵانیی ئارام پلان و چارەسەری جێگرەوەی ڕاست و دروست بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.
بێگومان من لەگەڵ ئاشتیدام، بەڵام ئاشتیەکی سەربەرزانە و دادپەروەرانە. بەڵام ئایا ڕاستە کە ئیتر بە تەواوی باوی خەباتی چەکداری نەماوە؟ باشە ئەگەر هێزە چەکدارەکانی سوریای دیموکرات نەبوایە ئێستا دۆخی کوردی سوریا چۆن دەبوو؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی