ئاماژەکانی چەکدانانی پەکەکە‌و ڕادەستکردنی نەوت‌و کاریگەریی لەسەر باشوری کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرکەوتی جیهاز

پێشئەوەی بچینەسەر باسی کێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر دەبێت بپرسین هۆکارە پێشینەیەکانی چی بوون..؟؟ کورد لە باشوور دەبووایە بە لەبەر چاوگرتنی دۆخی بەردەوام شڵەژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکاندا بکردایە ، بە تایبەت سامانە سروشتییەکان ، لەبەر ئەوەی هەرێم بەشێکی فیدراڵییە لە عێراق ، عێراقیش بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە دەوڵەتی هەیە و ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ، دەبو بزانرایە کاتێک دەست بۆ سامانی ژێر زەوی دەبەیت و قوفڵی بۆری نەوت دەکەیتەوە بزانیت چۆن جەنگی هەرێمایەتی دەهێنیتە ناو ماڵی خۆت ، کە دەزانرا لە عێراقەوە بە پێی ڕێککەوتن دەتوانرا زیاتر بکرێت.

لێرەوە ئەگەر پێش نەوت هەرێم کێشەی لەگەڵ هیچ وڵاتێک نەبووبێت ، ئەوا دوای نەوت پڕ دەبێت لە کێشە وەک دەگوترێت نەفرەتی نەوت ڕووت تێدەکات ، دەتوانرا لەبری نەوت داوای یاسایی بکرایە بۆ قەرەبوی ئەنفال و کیمیاباران و خاپوورکردنی گوندەکان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری ، بەغدادیش ناچار ببووایە بەم قەرەبویە و زۆر زیاتر سوودی هەبووایە لەو داهاتەی کە نەوت هەیبوە ، بە پێچەوانەوە دەرهاویشتنەکانی (نەفرەتی نەوت) وای کرد دۆخەکەی هێندە ئاڵۆز کرد کە نەتوانرێت دۆسیەی قەرەبووی گشتی هەرێم وەک هەرێمێکی یاسایی فیدراڵی سەر بە عێراق بجووڵێنرێت.

لە پەنای ئەم نەفرەتیەدا کێشەی پەکەکە بۆ خۆی چی هەرێم و چی عێراقی گرتبووەوە ، دەکرا ئەم بەریەککەوتنانە بخوێنرایەتەوە و بە ڕەزامەندی وڵاتانی دونیا کۆمۆ و سۆمۆ پێکەوە لە چوارچێوەی سامانی سروشتی عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ بکرایە ، وەک بینیمان پێش نەوت عێراق بودجەی هەرێمی دەنارد بێ کێشە ، دوای هەموو ئەمانە بنیمان ڕیفراندۆم چی بەسەر هەرێم هێنا و وڵاتانی زلهێزیش بەرژەوەندی دیاریکراوی خۆیان هەیە و کە لەم بازنەی بەرژەوەندییە دەرچوو هاوکارت نابێت و ئەمەش بەهەرێم گوترا.

دواتر لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەرێم نەیتوانی مامەڵە بکات و لەگەڵ جەنگ و پرۆژەکانی ئیسرائیل دژ بە ئێران و درێژکراوەکانی مامەڵەی ناتەندروستیان کرد ، پێیان وابو ئێران کۆتایی دێت ، دواتر لە دوای دانوستانی ئێران و ئەمریکا بەر غەزەبی ئێران کەوتن و ئەمریکاش زۆر بۆی گرنگ نییە چونکە تا ئێستاش بەرژەوەندی ئەمریکا و ئێران دوای جەنگ سەدان جار گەورەترە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هەرێم ، وە بۆ هەردوو وڵات ئێران و ئەمریکا بەغدا زۆر گرنگترە لە هەرێم ، دوای ئەمانەش واژۆکردنێکی غاز لە کاتێکی نادروستا هێندەی تر دۆخی هەرێمی خستە ناو گێژاوی بەریەککەوتنەکانی ناوچەییەوە .

دەرەنجام هەموو ئەم سەرکێشی زیادەڕەوییانە هەرێمی خستە نێوان مەنگەنەی وڵاتانی ناوچەوە ، لە ئێستادا چەکدانانی پەکەکە و ڕادەستکردنی نەوت و داهات گەڕانەوەی هەرێمە بۆ ناو چوارگۆشەی یەکەم و پێش بەیانی یانزدەی ئازاری ساڵی 1970 کە دەبێت هەرێم بزانێت ئێستا دۆخی چۆنە، هەر هەڵوێستێک دژ بەم دۆخە دەبێتە هۆی خراپی دۆخی هاووڵاتییانی هەرێم وەک لەئێستادا دۆخی موچە دەبینین، لەبەرامبەردا لەڕاپەڕینەوە تائێستا کورد نەیتوانیوە خاوەنی کارگێڕیەکی دەوڵەتداری بێت‌و ژێرخان‌و سێکتەرەکانی تری دەرەوەی سامانە سروشتییەکان پەرەپێبدات.

سێکتەری کشتوکاڵ کە زۆر گرنگە وە لاوە نرا و پیشەسازی و گەشتوگوزار گرنگی پێ نەدرا و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت بەسترا ، سەرەڕای ئەمانە کێشەکانی ژینگە و کەشوهەوا کە هەرێم ناتوانێت بەرگەی وشکە ساڵی بگرێت دروست دەبێت ، هەموو ئەمانە کەڵەکەبوی مێژوون و ئێستا لێکەوتەکانی دەردەکەوێت ، هەرێم لەبەردەم چەکدانانی پەکەکە و ڕادەستکردنی نەوت و داهات بەرەو دۆخێکی تەواو خراپ دەچێت وەک خۆشیان زۆر جار ئەم ڕاستیانە دەڵێن ، دواجار هەرێم دەبێت بە ناچاری مل بە داخوازییەکانی بەغدا بدات بە پێی مەنتیقی هاوکێشەکان ، گرنگە هەرێم لەناو هاوکێشەی وڵاتانی ناوچە و جیهان ببێتە خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندی هاوبەشیان لەسەر دۆسییەکانی هەرێم و کار لەسەر بەهێزبوونی پێگەی خۆی بکات لە بەغدادا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە