رۆژنامەنووسەکان وا
خۆیان نیشان دەدەن ئاگاداری هەموو ڕووداوەکانن. بەجۆرێک قسە دەکەن کە بڕیاربەدەستەکانی وڵات هەموو سڕوتڕی خۆیان دەخەنە بەردەمی
ئەمان
بەڵام زۆر دڵنیابن،
ئەوەی ڕۆژنامەنووس پێیدەزانێ چارەکێک و نیوچارەکی ئەوانە نییە ڕوو دەدەن یان ڕوویانداوە.
بەتایبەت لەو وڵات و حوکمڕانیانەی کە شەخسپەرستیی سالارە و ماستاکردن و خۆبچووککردنەوە
مەرجی بەشداریکردنە لە دەسەڵاتدا.
زۆرجار بینیوتە لەسەر
سفرە، دڕکی ماسیی یان ئێسقانی مریشک پاش کڕاندنەوەی و پێوەنەهێشتنی گۆشت؛ ئەوسا فڕێ
دەردرێتە بەردەم پشیلە. زانیارییەکانی بەردەستی رۆژنامەنووسان لە زۆربەی زۆری وڵاتاندا...
بەتایبەت سیستمی شەخسسالاریی و ماستاوچێتیی... زانیاریییە کڕێنراو و بێگۆشتەکان دەخرێتە
بەردەستیان.
ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی
عەرەب (حەسەنەین هەیکەل) لە دوایین کتێبی خۆیدا " موبارەک و سەردەمەکەی"
دەیگێڕێتەوە ڕۆژێک بە حوسنی موبارەک سەرۆکی تڕۆکراوی میسر دەڵێ: جەنابی سەرۆک، راگەیاندن
و میدیای میسر خاوەن سومعەیەکی بەرز و پاشخانێکی گەورەیە، تکایە رێزی بگرە و مەهێڵە
ناوبانگی بشکێ. کەچی سەرۆک موبارەک بە خەندەیەکەوە دەڵێ: ڕۆژنامەنووسی میسر وادەزانن
هەموو شتێک دەزانن، لێیانگەڕێ با هەر وڕێنە بکەن!!
مەبەستی موبارەک ئەو
ڕۆژنامەنووسانەبووە کە لە دەرەوەی ماستاوچێتی و پیاهەڵدان و فووتێکردنی سەرۆک و سیستمەکەیدابوون.
چ موبارەک و چ هەرهەموو
ئەوانەی وەک موبارەک حوکم دەکەن یان کردوویانە، هەرگیز ئەو شتانە بە ڕۆژنامەنووسان
ناڵێن کە بۆ خەڵک گرنگن؛ بەڵکو ئەو شتانەیان پێدەکەن کە بۆ خۆیان گرنگن تا هەموو شتێک
بە لاڕێدا ببەن بێجگە لەوانەی خۆیان مەبەستیانە
لە کوردستانی خۆمان،
کردنەوەی کەناڵی میدیا بە بچووک و گەورە و زۆر بچکۆلەوە، زۆر بێتام بووە و بوون بە
بارێکی گران بەسەر سامانی نیشتمانیی و تەنانەت میزاج و دەروونیی خەڵکیشەوە، لەشکرێکی
لە بننەهاتووی ڕۆژنامەنووس خراوەتە خزمەت شێواندنی هەموو شتێک بە چاک و خراپەوە؛ ڕۆژنامەنووسەکانمان لە سەد ڕووداوی گرنگ، بە دانەیەکیشیان
نازانن تا ڕوو دەدەن، کە ڕووشیدا ئەوان هێشتا نازانن چۆن ڕوویداوە. کەچی وا خۆیان نیشان
دەدەن هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵیاندایە و سەرچاوەیەکی کرنگی زانیارین.
بەشی هەرزۆری ڕۆژنامەنووسەکانمان
سفرەیەکی گەورەی پڕ لە گۆشت و ماسیی و مریشکیان بۆ ڕازێنراوەتەوە تا بیخۆن، بەڵام کاتێک
پێویستیان بەزانیارییە بۆ سومعە و ناوبانگی پیشەکەیان؛ بەرپرسەکان.. کە هەرخۆیان خاوەنی
هەموو میدیا گەورە و بچووک و زۆر بچووکەکانن.. دڕکی ماسیی و ئێسقانی کڕاوەی مریشکیان بۆ فڕێ دەدەن ئەوانیش ڕاست فڕێی دەدەنە
بەردەم خەڵکی کوردستان!!
تۆی گوێگر و بیسەر
و خوێنەر زۆر پێویستە بزانی، کاتێ بە تامەزرۆییەوە بۆ هەواڵێک و زانیارییەکانت تەماشایان
دەکەی هیچت دەستناکەوێ چونکە ئەوانە نادرێنە ڕۆژنامەنووس بۆ تۆ گرنگن، بەڵکو ئەو شتانە
دەنێرنە خوارەوە بۆ خۆیان کرنگن. بۆیە پێویستە پشوویەک بدەیت و زۆر کەم سەیری کەناڵەکانیان
بکەیت تا دڕکی ماسیی و ئێسقانی کڕاوەی مەسوولەکانت
دەرخوارد نەدرێ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی