بۆچی پارتی لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ یەکێتیی دا کۆدەبێتەوە؟

14 کاتژمێر پێش ئێستا

مەم بورهان قانع



بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیا فەرمیی و نافەرمییەکانی پارتی و یەکێتیی بڵاویانکردوەتەوە: سبەی 14ی تەمموز، پارتی و یەکێتیی کۆبونەوەیەکی باڵا لەپیرمام دەکەن، کە لە پارتی مەسعود بارزانی و لە یەکێتیی-یش، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیی شاندی حزبەکانیان دەکەن.
باری سەرنجی خۆم لە چەند خاڵێک دا، دەخەمەڕو:
1- لەوەتەی بافڵ تاڵەبانی بوەتە سەرۆکی یەکێتیی، تەنانەت لەدوای روداوەکانی هەشت-ی تەمموزی ساڵی 2021یشەوە، نەک کۆبونەوەی لەمجۆرەی پارتی و یەکێتیی نەکراوە، بەڵکو مەسعود بارزانی بە ئاشکرایش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و تەنانەت قوباد تاڵەبانی-یشدا کۆنەبوەتەوە.
2- پارتی؛ کە حکومڕانی پلە یەکی هەرێمە و هەمو دۆسێکان لەدەستی ئەودایە، ئەگەر ئامادەببوایە لەگەڵ بەغداددا رێکبکەوێت و لەپێناو موچەی خەڵکی کوردستان دا، دۆسێی نەوت رادەستی بەغداد بکات، ئەم کۆبونەوەیە نەدەکرا و خۆی نەوتەکەی رادەستدەکرد و خۆیشی دەکردە ئەندازیاری چارەسەرکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و شکستی سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی دەکردە دەسکەوتی رادەستکردنی نەوت و یەکێتیی-یشی نەدەکردە شەریک لەو دەسکەوتە. بەڵام پێچەوانەکەیشی راستە، کە رادەستکردنی نەوت لەژێر فشاردا بەشکستێکی گەورە دەزانێ و دەیەوێت یەکێتیی-یش بکاتە هاوبەشی ئەو شکستە، وەکچۆن لەرابردویش دا، هاوبەشی بوە لە بەشێکی داهاتەکانی دا.
3- کۆبونەوە باڵا هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتیی لە پیرمام، پێناچێت دڵخۆشکەربێت بۆ خەڵکی کوردستان و بەدورنازانرێت سەرەتای زیاتر قوڵکردنەوەی قەیرانەکانی هەرێم بێت و بەمەیش خەڵکی کوردستان زیاتر باجی سیاسەتی حکومڕانیی ئەم دو حزبە بدەن، وەکلەوەی ئەم دو حزبە پێکەوە قوربانیی بە کەمێکی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بدەن لەپێناو خەڵکی کوردستان دا.
4- کۆبونەوەکەی سبەی، پێمانیدەڵیت: ئاسۆیەکی رون دیارنییە؛ کە چوارچێوەی هەمئاهەنگیی دەسەڵاتداری شیعەی عێراق و حکومەتی عێراقیی، سازش لەسەر مەرجەکانی رادەستکردنی نەوت و تەوتین بکەن، لە بەرانبەر ناردنی موچەدا، کە مەترسیی هەیە لەپێناو بەردەوامیدان بە کاروانی هەزاران تانکەر نەوتی بەقاچاخفرۆشراوی رۆژانە، دانوستانەکان لەگەڵ بەغداددا شکست پێبهێنرێن و بەمەیش دیسانەوە موچەخۆران و هاوڵاتیان بکرێنە قوربانیی.
5- ئەگەر کۆبونەوەکە دەسکەوتی بۆ خەڵکی کوردستان هەبێت، پارتی لەو ئاستە باڵایەدا لەگەڵ یەکێتیی دا کۆنابێتەوە و بگرە هەر کۆبونەوەیش ناکات.
هیوادارم بۆچونەکانم هەڵەبن، بەڵام هیوا شتێکە و واقیع شتێکی دیکە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە