سەبارەت بەپرۆسەی ئاشتی‌و چەكدانانی پەكەكە

19 کاتژمێر پێش ئێستا

د. سەیران تەها ئەحمەد/ كۆلێژى یاسا ـ زانكۆی سلێمانی

یەکێک لە ئاڵۆزترین و قورسترین هاوکێشەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵەكانی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکەیە  کە تورکیا بە پرۆسەی کۆتایی هێنان بە تیرۆر ناوی دەبات

ئەم پرۆسەیە هاوشانە لەگەل گۆرانکاریە بنچینەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای سەدەیەك بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوچەكە وگۆڕانكاری لە پێگەی هێزە هەرێمی و ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەكانە، وە ڕەنگە گۆڕانکاری سنورەکانیشی لێ بکەوێتەوە. لە سەردەمێکدا كە بەسەردەمی هیچ وپووچی سیاسەت و داڕمانی ئەخلاقی و بەهاكان لە بەرامبەر باڵادەستی  بەرژەوندییەكانی بازرگانانی سیاسی  بەسەر بەها مرۆیی و مافەكانی مرۆڤ و پاراستنی گەلانی ژێردەستەیە.

بە بۆچونی ئێمە، خوێندنەوە بۆ دەرئەنجامەکانی ئەم پرۆسە مێژووییەی  ١١ حوزەیران ٢٠٢٥  بە دەیان توێژینەوەی ئەکادیمی دەوێت، گرنگی ئەم پرۆسەیە لە دەرئەنجامەکانیەتی کە لە داهاتوویەکی نزیک و دووردا ئەنجامەکانی دەبینرێت. هەرچەندە نهێنی و نەخشەی وردەكاری پرۆسەكە وە كارەكتەرە سەرەكیەكانی پشت ئەم پرۆسەیە باسێکی تر و ووردەكارییەكانی لە داهاتوودا دەزانرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم پرۆسەیە لەبەهێزترین و پڕشکۆترین قۆناغى شۆڕشی پەکەکەدا، لە كاتێكدا كە گۆرانکاریە ڕیشەییانەی کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەرێت، بەڕێوەدەچێت ڕویداوە، نەك لەكاتی شكست لە شەڕ و سازش كردن بۆ بەرژەوەندی تاكەكەسی و ناچاریدا بووبێت، شۆڕش فرۆشتن و خیانەتكردن لە میللەت نەبووە، بەڵكو شكستیان بە ووڵاتێکی بەهێزی ناو ناتۆ هێنا، كە بە هەموو هاوپەیمانیەتی هەرێمی و ناوخۆیی نەیتوانی شكستیان پێ بهێنێت؟ 

    ئەوەی بینیمان، پرۆسەی چەكدانان٣٠ گەریلا جوانترین مۆدێلی سیاسی و سەرسامكردنی هەموو جیهان و ناوچەکە بوو، تەنانەت لە ناوخۆشدا پێشوازی و دەست خۆشیان لێ كرا، کە دەڕبڕینە لە ئەقڵیەتی حەکیمانە و دووربینانەی خۆنەویسترین سەرکردە و ڕێبەرێك كە ٢٧ ساڵ لە زینداندایە، كوردانی هەر چوارپارچەکە شانازی پێوە دەکەن. سەركردەیەك كە توانی ناسنامەی کوردبوونی لە  باکور لە سرینەوە رزگار بكات، وە دوا بزماری لە تابووتی شۆفینیەت وعەقڵیەتی تورکە ڕەگەز پەرستەکان چەقاند بە گوێزانەوەی  قۆناغی خەبات لە قەندیلەوە  بۆ ناو پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی لەناو تورکیادا، جا هەنگاوەكانی ئەم پرۆسەیە جێبەجێبكرێت یان دەیان ئاستەنگی بۆ دروست بكرێت لەلایەن بازرگانانی جەنگ، وە یان لە ئەگەرێکی دووردا شكستی پێ بهێنرێت ، گرنگ ئەوەیە بەرچاوی هەموو جیهانەوە نیازپاكی و ڕاستگۆیی و ئاشتیخوازیی ئەم بزوتنەوەی سەلماند ، وە فڕێدانی تۆپەكەیە بۆ ناو پەرلەمانی توركیا بۆ هەنگاونان و گۆڕانكاری لەدەستوری وڵاتدا بكرێت.

خاڵێكی تری گرنگ لە پرۆسەیەدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ بێت داننان بوو بە شەرعیەتی خەباتی چل ساڵەی ئەم بزوتنەوەیە كە شەڕی ناسنامە و هاوڵاتی بوونی پلە یەك و داوای یەكسانی دەكەن، وە سەلماندنی ڕەوایەتی خەباتیان بوو بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوویان . هەرچەندە ئەم پرۆسەیە سوودەکانی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستانە بە تایبەتی باشور و ڕۆژئاوا بۆ سنوردانان لە دەست تێوەردان و داگیركارییەكانی توركیا، كە سەرەڕای بردن و سوودمەندبونی لە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەشێکی خاکی بادینان راستەوخۆ لەژێر دەستی تورکیادایە، ئەمە جگە لە دوژمنایەتی کردنی ڕاستەوخۆی بۆ دەسەلات هەر كیانێکی کوردی لە سوریا .

هەرچۆنێك بێت سەرنج ڕاکێشترین وێناکردن  لەم  پڕۆسەیە ئەو ژنە قارەمانانە بوون ، وە بوونی ژنی سەرکردە کە جێگەی شانازی و سەربەرزین نەك هەر بۆ کورد بەڵکو  بۆ هەموو بزوتنەوەی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا، کە جوانترین لاپەڕەی پڕ لە شکۆ و ڕەوشت بەرزی،  ئازایەتی ، کەرامەت و خۆڕاگریان تۆمار کردوە لە قوربانیدان و بەشداری كاریگەریان هەبووە لە شەڕەكاندا، وە سەركردەی ڕاستەقینە بوون، بە بەراوورد بە باشور لە بەرهەم هێنانی سوپایەك لە کچە مۆدێل و سوپایەك لە پۆستی بندیواری و پۆستی ساختەی سەربازی كە دراوە بە  کچە سەماکەر وخزم و دۆست و هاوڕێ، وە یان ئەوانەی لەسایەی پۆستی باوك و برا و هاوژینەکانیانەوە  بەبێ خزمەتکردن و ڕەنج كێشان  و ماندووبوونێك یان بە ساختەکردنی  بڕوانامە  دەیان  پۆستیان پێ بەخشراوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی