قەیرانی بودجەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق جارێکی دیکە وەک تەحەددایەکی دیاریکەر بۆ نەزمی سیاسی دوای ساڵی ٢٠٠٣ی عێراق سەریهەڵدایەوە.
لە کاتێکدا ناوەڕۆکی پرسەکە لە دەوری مووچەی کەرتی گشتی و داهاتی نەوت دەسوڕێتەوە، ڕەگ و ڕیشە قووڵەکانی لە پرسیارە چارەسەرنەکراوەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی و ناڕوونی دەستوری و پەیوەندی ئابووریدایە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەم قەیرانە بەردەوامە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار. لەگەڵ "هۆشداری کۆتایی" حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا سەبارەت بە شایستە داراییە نەدراوەکان و دەرکردنی هۆشداری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕێڕەوی دارایی عێراق، بۆ ئەمەیش هەڵسەنگاندنێکی هۆشیارانە حەتمییە بۆ چۆنیەتی دانوستان لەسەر داهات و مافەکان لەناو پێکهاتەی فیدراڵی عێراقدا.
• پاشخانی یاسایی و ئابووری
دەستووری عێراقی ٢٠٠٥، ئاماژە بە سیستەمێکی کۆماری فیدراڵی دەکات لە عێراقدا، کە بە پلەی یەکەم سەربەخۆیی کارگێڕی و دارایی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە. بەڵام دوای نزیکەی دوو دەیە، چوارچێوە یاسایی و پراکتیکییەکان کە دابەشکردنی سەرچاوە و گواستنەوەی بودجە بەڕێوەدەبەن، هێشتا ناکۆکی لەسەرە.
خاڵێکی سەرەکی گرژی مادەی ١١٢ و ١١٥ی دەستوورە، بڕگەکان زۆرجار لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدەدرێنەوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان. لە کاتێکدا هەولێر گرێبەستە نەوتییەکانی و سیاسەتەکانی هەناردەکردن بە شێوەیەکی دەستووری دەزانێت، دادگای ناوبژیوانی پاریس لە ساڵی ٢٠٢٣ بڕیاریدا کە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە. لەو کاتەوە پەیوەندییە داراییەکان لە ناکۆکیدان.
• نیگەرانییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و واقیعی ئابووری
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا لە تەمموزی ٢٠٢٥دا نیگەرانی خۆی لەبارەی لاوازییەکانی ئابووری لە عێراقدا نیشاندا:
• دابەزینی نرخی نەوت
• بەرزبوونەوەی خەرجییە گشتیەکان، بەتایبەتی لەسەر مووچە
• لاوازی ژێرخانی بانکی و هتد..
هەروەها سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکییە داراییە ناوخۆییەکان بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان مەترسی لەسەر سەقامگیری ئابووریی فراوانتر دەکات. سەرەڕای ڕێککەوتنێکی کاتی بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023، دواکەوتن و ناکۆکییەکان بەردەوامن و هەزاران مووچەخۆری کورد بێ مووچە ماونەتەوە.
• کاریگەری مرۆیی لە کوردستان
بێگومان لە پشت ناکۆکییە سیاسییەکانەوە دەرئەنجامە ڕاستەقینەکانی مرۆیی هەیە. مامۆستایان و پزیشکان و فەرمانبەرانی حکومەت لە سەرانسەری هەولێر و سلێمانی و دهۆک و شارە کووردییەکان ڕووبەڕووی کەلێنی مووچەی چەند مانگێک بوونەتەوە. ئەم نائەمنییە ئابوورییە بەردەوام ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە، بێمتمانەیی بە هەردوو دامەزراوەی ناوچەیی و فیدراڵی قووڵتر دەکاتەوە و بۆشایی لە نێوان بەڵێنە سیاسییەکان و واقیعدا درووست کردووە.
پرسەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەقامگیری ئیداریی تا ڕاددەیەك دەخاتە مەترسییەوە. بۆ بەغدا، قەیرانەکە تەحەدایەک بۆ شەرعیەتی دەوڵەت دروست دەکات، بەتایبەتی لەڕووی بەڕێوەبردندا لە سەرانسەری ناوچە جۆراوجۆرەکاندا.
لەبری ئەوەی سەرنج بدرێتە سەر تاوانبارکردنی یەکتر و فراوانکردنی گرژییەکان، کۆدەنگی لە نێوان شیکارانی سیاسەت و زانایانی یاساییدا ئاماژە بەوە دەدەن کە عێراق پێویستی بە چوارچێوەیەکی دارایی ڕوون و جێبەجێکراو و شەفاف هەیە، چوارچێوەیەک کە ڕێز لە هەردوو مافە ناوچەییەکان و بەرپرسیارێتییە فیدراڵیەکان بگرێت.
ئەم چوارچێوەیەش پێویستە ئەمانە لەخۆبگرێت:
• میکانیزمێکی هاوبەشی داهاتی نەوت لەگەڵ چاودێری هاوبەش
• لیژنەیەکی بێلایەن و تەکنیکی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە
• ڕوونکردنەوەی دەستووری لە ڕێگەی کۆدەنگی پەرلەمانی یان دادوەرییەوە
جگە لەوەش دەبێت هەردوولا پابەندبن بە بێسیاسیکردنی پابەندبوونە داراییەکان. نابێت مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک هێڵی کاریگەری لە ململانێ سیاسییە فراوانەکاندا بەکاربهێنرێت.
قەیرانی بودجە تەنیا پەیوەندی بە مووچەی نەدراوەوە نییە، ڕەنگدانەوەی قووڵتری بە دەستوور و دامەزراوەییەوە هەیە. بە هەڵسەنگاندنەوەی هاوسەنگی نێوان داهات و مافەکان، بەغدا و هەولێر دەرفەتێکیان بۆ ڕەخساوە کە هاوکارییەکان لە ئەزموونی فیدراڵی عێراقدا پێناسە بکەنەوە. ئەگەر بە شەفافیەت و دیالۆگ و ڕێزگرتن لە پرەنسیپە دەستوورییەکان نزیک ببنەوە، ئەمە دەتوانێت ئەو خاڵە وەرچەرخانە بێت کە عێراق پێویستی پێیەتی بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی سیاسی سەقامگیرتر و یەکسانتر.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی