خوێن و مەرەکەب

19 کاتژمێر پێش ئێستا

د. کامەران محەمەد

(لە نەهرییەوە بۆ ئیمڕاڵی)

کات: لە کەناری مێژوودا
شوێن: تاشەبەردێک لەنێوان قەندیل و ئیمراڵیدا
شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری (بە شکۆوە ڕاوەستاوە، چاوەکانی چاودێریی نەخشەی میللەتەکەی دەکات، وەک ئەوەی لە دڵیدا دەیبینێت، نەک لەسەر کاغەز):
"ئۆجەلان، من تەنیا شێخی عەشیرەتێک نیم، بەڵکو میراتگری نەتەوەیەکم کە لە (دڵی نەخشەکان)دا لەبیر کراوە. داوای دەوڵەتم کرد، چونکە زوو تێگەیشتم کە کەرامەت بە دەوار و شارەوانییەکان ناپارێزرێن. ئەی کوڕم دەوڵەت تەنیا سنوور نییە، بەڵکو دانپێدانانە بەوەی کە ئێمە ناوێکمان لە تۆماری زەمەندا هەیە، نەک پەراوێزێک لە دۆسییەکانی پۆلیسدا."
ئۆجەلان (بە دەنگێکی هێمن، کە ماندوویەتیی زیندانی درێژخایەنی پێوە دیار بوو):
"بەڵام شێخم، ئێمە دەوڵەتمان تاقی کردەوە، لە ئەندێشە و چەکیشدا، بینیمان هەموو جیهان دژمانە. نەک تەنیا تورکیا، بەڵکو هێزە گەورەکانیش. وازمان لێ ناهێنن ئاڵایەک هەڵبکەین، مەگەر لەسەر تەرمەکانمان هەڵی بکەین."
شێخ نەھری (برۆکانی گرژ دەکات):
"ئایا خیانەتی جیهان (ماف)ی ئێمە لە بووندا هەڵدەوەشێنێتەوە؟ کەی دەبێت (تەرازووی ئاکار) ئەوە بێت، کە ئیمپراتۆریەتەکان پێی ڕازیبن؟ دەوڵەتی کوردی مۆڵەت نییە لە نەتەوەکانەوە، بەڵکو وەسیەتی خوێنە لە یەکەم شەهیدەوە تا دوا شەهیدی شاخ. ئەوەی بە زۆر دەسەنرێت، چاوەڕێی ناکرێت."
ئۆجەلان:
"لەسەر مافەکە لەگەڵتدام، بەڵام دەربارەی ڕێگاکە نا. ڕێگاکەی تۆ پشتی بە عەشیرەت، ئایین و چەک بەست، بۆیە ئەنجامەکانی سنووردار بوون. بەڵام من، یاساکانی یاریەکەم گۆڕی. واتە ململانێکەم بۆ پڕۆژەیەکی فیکری گۆڕی."
شێخ نەھری (بە دەنگێکی یەکلاکەرەوە و تۆنێکی قووڵ):
"فیکر بەبێ هێز، دەبێتە تێڕامانێکی فەلسەفی کە شایستەی کتێبخانەکانە، نەک گۆڕەپانەکانی ڕزگاریخوازیی. تۆ باسی (کۆمەڵگەی دیموکراتیک) دەکەیت، وەک ئەوەی دەوڵەت (خراپە)یەکی ڕەها بێت. بەڵام کوڕم، نەبوونی دەوڵەت مانای دەرکەوتنی دادپەروەریی نییە، بەڵکو ئاژاوەیەکە، کە زلهێزەکان دابەشی دەکەن. کەس ڕێز لە لاواز ناگرێت، هەرچەندە لێبووردەش بێت."
ئۆجەلان:
"بەڵام چی دەربارەی واقعی ئەمڕۆ؟ ئایا دەتەوێت هەمان ڕاپەڕین لە هەموو نەوەیەکدا دووبارە بکەینەوە؟ من بەدوای شێوازێکدا دەگەڕێم کە لە بازنەی مەرگ و سەرشۆڕیی دەرمانبهێنێت."
شێخ نەھری (لێی نزیک دەبێتەوە و دەست دەخاتە سەر شانی):
"شۆڕشەکان دەگۆڕێن، بەڵێ، بەڵام ئەوە لەبیر مەکە: هەموو نەتەوەیەک بەبێ (داواکارییەکی ڕوون)، بۆ هیوایەک دەگۆڕێت کە لە کۆنفرانسەکانی ئاشتیدا دەفرۆشرێت. ئەگەر داواکارییەکەت بە ناوێکی ڕوونەوە ناونەنێیت (دەوڵەت، ئۆتۆنۆمیی، دەستوور ) ئەوا بەرەو نادیاریان دەبەیت و دەیانکەیتە میوانی هەمیشەیی لە هۆتێلی ئەوانی تردا."
ئۆجەلان (بە تێڕامانەوە):
"بەڵام ئێمە ئەوەمان تاقی کردەوە و هەوڵەکە شکستی هێنا. لەوانەیە چارەسەر ئەوە بێت ببینە نەتەوەیەکی کولتووریی سنووربڕ، نەک دیلی سنوورەکان."
شێخ نەھری (دەستەکانی لە پشتەوە تێک ئاڵاند):
"وشە هۆشیاریی دەنووسێتەوە، بەڵێ. بەڵام ناتوانێت بەر بە تانکەکانی عەفرین بگرێت و ڕێگری لە فڕۆکەکان ناکات بۆردومانی شەنگال و شارباژێڕ بکەن. پێویستە فیکر و هەڵوێست پێکەوە گرێ بدەیت. لەنێوان یادەوەریی و تێڕوانیندا. چەکەکەت تەسلیم مەکە، مەگەر دان بە جەستەکەتدا بنێن، نەک بە تارماییەکەت."
پاشان شێخ بۆ ساتێک بێدەنگ بوو، وەک ئەوەی ڕۆحی ئەوانەی لەگەڵیدا جەنگابوون بانگ بکات و بە هێمنی گوتی:
"نیشتمان، ئەی ئۆجەلان، باخچەی چەمکەکان نییە. نیشتمان پڕۆژەی ڕزگارییە، نەک تێڕامانێکی تیۆری. ئەو بیرۆکەیەی نەتوانیت پەناگەیەکی بۆ منداڵە بێ بەسەرپەرشتەکان پێ دروست بکەیت... گەلێک ڕزگار ناکات."
شێخ بەجێی هێشت و بەرەو ڕووناکی ڕۆیشت، پرسیارە کۆتاییەکەی لە دوای خۆی بەجێهێشت، کە لە دۆڵی زەمەندا دەنگی دەدایەوە:
"ئایا دەتانەوێت وەک نەتەوەیەک بژین، کە لە پێگەی هاوتاییەوە لەگەڵ جیهاندا گفتوگۆ دەکات، یان وەک گەلێک کە چاوەڕێی مەکرەمەیەکە لە گوتارێکی دیپلۆماسیدا؟"
بەڵام ئۆجەلان، هەر لەسەر تاشەبەردەکە دانیشتبوو، بیری لەوە دەکردەوە، کە ئایا ئەگەری ئازادی بەبێ دەوڵەت... لە ئارادایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی