خۆپیشاندان یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتی، کە دەتوانێت لە ئەم ڕێگەیەوە بەشداری سیاسی بکات و داوای مافەکانی خۆی بکات. خۆپیشاندان بە فۆڕمی جیاواز دەکرێت، لەوانەش بەڕێ ڕۆیشتن یان گردبوونەوە یان مانگرتن.
لە ووڵاتە دیموکراسییەکاندا خۆپیشاندان مافێکی مەدەنیە و ڕێگە پێدراوە ،بەو مەرجەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە بێت و توندوتیژی لێنەکەوێتەوەو ئامانجی ڕوونی هەبێت و بۆ بە دەستهێنانی مافێکی دیاریکراو بێت ،بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە کارئاسانی بۆ بکرێت و پۆلیسی چالاکییە مەدەنیەکانیش بیانپارێزێت.
لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای ڕاپەڕینەوە بەردەوام خۆپیشاندان هەبووە ،بە تایبەتیش لە ئەم دە ساڵەی کۆتایدا، چونکە حوکمڕانەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتی دابین بکەن و وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوەو ژیانێکی ئاسوودەیان بۆ دابین بکەن، ئەویش بە هۆی ئەوەی گەندەڵی شۆڕ بووەتەوە بەناو زۆربەی جومگەکانی حوکمڕانیدا و نە پە پەڕلەمان و نە دادگاکانیش ڕۆڵی خۆیان نەبینیوە لە چاودێری و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران.
هاوڵاتییان بەردەوام ویستوویانە دەنگیان بگاتە حوکمڕانان و داوای مافەکانی خۆیان کردوە، بۆ ئەم مەبەستەش زۆرینەی چین و توێژەکان لە مامۆستایان و فەرمانبەران هاتوونەتە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە، بەڵام خۆپیشاندانەکان زۆربەیان بە زەبری هێزە ئەمنییەکان بە توندی وەڵام دراونەتەوە و لە زۆر بەشیاندا لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ،خوێن ڕشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانی لێکەوتۆەتەوە .
لە هەرێمی کوردستاندا خۆپیشاندان تا ئێستا نەتواندراوە وەک مافێکی سەرەتایی هاوڵاتی بۆ بەشداری سیاسی سەیر بکرێت ، بەڵکوو حکومەت وەک هۆکارێکی گێرە شێوێنی و تێکدانی ئەمنیەت و ئاژاوەگێڕی سەیری کردووە و بەکارهێنانی توندوتیژی لە دژیان وەک کارێکی شەرعی و یاسایی لە قەڵەمداوە بۆ دابینکردنی ئارامی و ڕێگرتن لە ئاژاوە و پشێوی.
سەرەڕای ئەوەی کە بەردەوام لە هەرێمی کوردوستاندا خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت و بە بەردەوامیش بانگەشەی بۆ دەکرێت ،بەڵام هەتا ئێستا نەتواندراوە خۆپیشاندان ببێتە هۆکاری فشار و ملکەچبوونی حکوومەت بۆ داواکارییەکان، لەبەر ئەوە لە ئێستادا چین و توێژە جۆر بە جۆرەکان لە خۆپیشادن داندا کەمترین ئامادەییان هەیە و بەشداری کەم دەکەن، چونکە کەمترین هیوایان پێی هەیە بۆ بەدی هێنانی خواست و داواکاریەکانیان،کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لە وانەش:
یەکەم :خۆپیشاندان لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا مافێکی سەرەتایی هاوڵاتیە و لە دەستوودا دانی پێدانراوە،. لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا دەستوور نەخراوەتە ڕاپرسیەوەو لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوە، لەبەر ئەوە هەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکی دەستووریدا دەژی، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ دەستوور، حیزبە حوکمڕانەکان دەگەڕێنەوە بۆ مە کتەبی سیاسی حیزبەکانیان.
دووەم :بوونی دوو زۆنی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردوستاندا، لەبەر ئەوە بوونی خۆپیشاندان لە هەر زۆنێکدا ئەوی تریان بە دەستی ئەوی تری دەزانێت و لە دژی دەوەستێتەوە.
سێهەم :خۆپیشاندان بە مافێکی بەشداری سیاسی هاوڵاتی سەیر ناکرێت و لە لایەن حکوومەتەوە خۆپیشاندەران ناپارێزرێن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و بە تەقە و توندوتیژی بڵاوەیان پێ دەکرێت و زۆر جاریش کوژراو و زیندانی و ئەشکەنجەی لێ دەکەوێتەوە.
چوارەم :خۆپیشاندانەکان لە لایەن گرووپێکی کاراوە سەر دایەتی ناکرێن، زۆر جار ئەو گرووپەی داوای خۆپیشاندان دەکات ،کەسانی ناکاراو نەشارەزان لە خەباتی مەدەنی و هەندێکیشیان سەر بە پارتە سیاسییەکانن، کە ئەجیندای حیزبیان هەیە و هەندێکیشیان سەر بە دوو پارتە حوکمڕانەکەن، هەوڵ دەدەن پشێوی لە خۆپیشاندانەکاندا دروست بکەن، بۆ ئەوەی نەهێڵن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.
پێنجەم :زۆربەی خۆ پیشاندانەکان ئامانجی دیاریکراویان نیە و بە پلان و ڕاوێژ نین لەگەڵ کەسانی شارەزا لە بواری خەباتی مەدەنی و ئەکادیمی.
شەشەم : زۆر جار کەسانێک دێنە ناو خۆپیشاندانەکان و ڕابەرایەتیان دەکەن ، دەیانەوێت سەروەری یاسا پێشێل بکەن و ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن بۆ توندوتیژی. بەمەش بەڵگە دەدەن بە دەست هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ ئەوەی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بە کار بهێنێت و سەرکوتیان بکەن.
حەوتەم :بەرپرسەکانی حکوومەت پابەت نابن بە پاراستنی مافەکانی هاووڵاتی و یاسا و دەستوور ،بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی حیزبییەوە سەیری بابەتەکە دەکەن و بەرپرسە حیزبییەکانیش ئەوەندەی لە چوارچێوەی ئەجیندای حیزبییەوە مامەڵە دەکەن، ئەوەندە گوێ بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتی و بنەما دیموکراسییەکان ناگرن.
هەشتەم : پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بەشێک نین لە کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵکو زۆربەیان لینکیان لەگەڵ پارتە حکومڕانەکاندا هەیە و ئەوانیش حەز ناکەن خۆپیشاندان ببێتە خەباتێکی مەدەنی کاریگەر ،کە بتوانت فشارێکی بەهێز لەسەر حکوومەت دروست بکات.
نۆیەم: لاوازی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە ٤٠٠٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام زۆرینەیان لە ژێر هەژموونی یەکێتی و پار تیدان و دەبێت کارو جووڵەیان بۆ خزمەتی ئەجیندای سیاسی ئەوان بێت. لەبەر ئەوە لە خۆپیشانەکاندا ڕۆڵی سلبییان هەیە و ئامادەییەکی ئەوتۆیان نییە بۆ خەباتی مەدەنی لە بەرژەوەندی چوون و توێژە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگەدا.
دەیەم: خۆپیشاندانەکان کورتخایەنن و خەڵکێکی کەم بەشداری تێدا دەکات، لەبەر ئەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نیە و نابنە کارتی فشاری بەهێز لەسەر دەسەڵات.
یازدەیەم :ئەوانەی فەرمانبەری حکوومەتن ترسیان هەیە لەوەی ئەگەر بەشداری خۆپیشاندان بکەن، تووشی لێ پێچینەوە و دەرکردن و سزای قورس دەبنەوە.
دوازدەیەم : بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم ئاستی هۆشیاری مەدەنی و دیموکراسیان لاوازە و هەرگیز ئامادە نین بێنە ناو خۆپیشاندەران و گوێیان بۆ بگرن و بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکانیان بدەن .
سێزدەیەم : بە شێوەیەکی گشتی هۆشیاری هاوڵاتیبوون لەناو تاکەکانی هەرێمی کوردوستاندا لاوازە ،چونکە نازانێت بەرپرسیارێتی حکومەت بەرانبەر هاوڵاتی چیەو ئەگەر کەمتەخەم بێت دەبێت بە خەباتی مەدەنی ملکەچ بکرێت بۆ هێنانەدی مافەکان.زۆر جاریش خەمەکانیان ناگاتە سنووری فەزای گشتی و نیشتمان. بەڵکوو زۆرتر لە سنووری تاکەکەسی و حیزب و خێڵ و بنەماڵەدایە. ئەمەش وا دەکات کە هەست بکەین لە کوردستان ئەوەندەی پەرتبوون هەیە، هێندە یەکبوون و یەک هەڵوێستی بەدی ناکرێت.
بە هۆی ئەم هۆکارانەوە هەتا ئێستا خۆپیشاندانەکان نەیان توانیوە ئامانجەکانیان بپێکن و ببنە جێگەی بڕواو هیوای خەڵک، لەبەر ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی بەشداری خەڵک تیایدا لاواز دەبێت و کەمترین هیواشیان پێی هەیە بۆ بەدیهێنانی خواست و داواکانیان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی