مێش زۆر جۆری هەیە ،مێشەڕەشە،زەرگەتە، زەردەجیرە، زەنگەسۆرە،مێش هەنگ ، مێشەکەرانە، بەڵام مێش بەگشتی لە بیرکردنەوە و بەرچاوی خەڵکی گوندەکەم، تابڵێی ناچیز و ناشیرین وقێزەون بوو تەنانەت مێش هەنگیش کەهەنگوینی دروست دەکرد ڕاو دەنراو دەکوزرا.
دایکم بەردەوام دەیگوت مێش خۆی هیچ نیە، بەڵام گیزەگیزی ناخۆشە و سەرودڵی ئینسانی تێکدەدا، لەکاتێکدا منی ئەوسای منداڵ کە سەرم چووبا نوێژم نەدەچوو، بەردەوام گوێم لە مەلای گوندەکەم دەبوو دەیگوت خوا هیچ زیندەڕۆح و بوونەوەرێکی بەلاش وبێ حیکمەت دروست نەکردووە، کەچی باوکم هەرجارێک بچووبا شار یەک دەسکە مێشکوژی لەگەڵ خۆی دەهێنایەوە
دواتر سەروو دانەی دەدایە دەستی من و خوشک وبراکانم، ئێمەش لە خۆشیان وەک بڵێی هەنگمان لە کلۆرە دار دۆزیبێتەوە، لێرەولەوێ بە مێشەکوژەی ناودەستمان، بەدوای مێشەکاندا ڕامان دەکرد و بەوپەڕی چێژ و لەزەتەوە دەمانکوشتن.
هەمووجارێکیش پێشبڕکێمان لەسەر ژمارەی ئەومێشانە دەکرد، کە دەمان کوشتن و دواتریش بەپڕتاو ڕاماندەکردە لای باوکمان و هەواڵی ژمارەی مێشەکوژراوەکانمان پێدەدا، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو باوکم هەرجارێک لە شار دەهاتەوە، قوتووێک دەرمانی مێشکوژی لەگەڵ خۆی دەهێنا و دایکیشم دەرمانەکەی ڕۆدەکردە ناو سنیەکی گەورە و ژێرپیاڵەیەکی شەکریشی لەناو دەرمانەکە دەکرد، دواتر لە چەند چرکەیەک سەدان مێش لەسەر شیرنیەکە هەڵدەنیشتن و دەمیان پێوەدەناو دەیانخوارد.
ئای های ... مێشەڕەشەکانی گوندەکەم چەندە شێت و شەیدای شیرینی بوون، بەڵام ئەو زیندەوەرە داماوە کە هەموومان بەچاوی دوژمن سەیرمان دەکرد، نەیاندەزانی ئەوەی لەسەر سنیەکە ڕۆکراوە (دانەو داوە) نەک خواردن،
بۆیە دوای چەند چرکەیەک یەک لەدوای یەک دەمردن و لە ماوەیەکی کەم مێشی مردوو ڕووبەری سنیەکەی دادەپۆشی.
بەڵێ جاران وابوو هەر مێش بەدوای شیرنییەکاندا ڕای دەکرد.کەچی بە مەرگی خۆیان کۆتایی دەهات. کەچی ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە. جارێک خەونێکی سەیرم بینی، سینیەکی گەورە دانرابوو، دەیان جۆر شیرینی لەسەر دانرابوو،چەندین خواپێداو و ملۆزمی کەتە لەسەر سینیەکە خەریکی خواردنی شیرینی بوون، بەڵان سەرم سوڕمابوو، ئەوان شیرینی سەر سینیەکەیان دەخوارد، کەچی خەڵکی داماو و هەژاری چەند مەتر دوور لە سینیە شیرنییەکە دەمردن.
کاتێ خەبەرم بووەوە دەیان پرسیارم لێ ئاڵان، ئاخرسیاسەتی بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش دەخۆم پەرەی سەندووە. سیاسەتی نادادی و پێوانی هەموو شتێک بە فووتەی سیاسی بووەتە کولتورێکی باو. کولتوری نان بۆ قەساب و گۆشت بۆ نانەوا سەرشارە، سیاسەتی منی هەمووشت و تۆی هیچ، هەلومەرج و دۆخێکیان خوڵقاندووە، کە هاوکێشەی نێوان مێش وشیرینی گۆڕیوە . بڕوا بکەن ئەو ڕۆژە مێشێکم بینی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن باسی خاوێنی دەکرد، مێشێکی ترم بینی لە ڕادیۆ باسی جوانی و گرنگی خۆی دەکرد. مێشێکی ترم بینی لەسەر ملی کوڕە هەژارێک هەڵنیشتبوو سەدان مرۆڤی تریش بەدوایەوە بوون. مێش پڕبەدەم باسی جوانی وگرنگی خۆی دەکرد و سەدان مرۆڤی گیرفان بەتاڵیش چەپڵەیان بۆ لێدەدا و ئەشهدوویان بۆ دەکرد. لە هەمووی سەیرتر، دوێنی لە کووچەیەکی وڵاتەکەم شیرینیم بینی بەعەشقەوە بەدوای مێشەکەرانەیەکدا ڕای دەکرد.لەوڵاتێک کەوا خیانەت وگەندەڵی بەردەوام بسکەی سمێڵیان دئ ،
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی