سەردەمی کۆتاییهێنان بەجەنگە درێژخایەنەکان ، دانوساندن و ڕادەستکردن ، دوو بڕگە و ماددەی ئەم سیتسمە نوێیەیەی ئێستایە ، کە ئەمریکا جێبەجێی دەکات .
ئەم سیستمە نوێیە تایبەتە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر دوو هێڵ ، پلانی کارەکەی داڕێژراوە ، (دانوساندن و ڕادەستکردن) لەڕێگەی دانوساندنەوە هەموو کێشە نەتەوەیی و مەزهەبی و تائیفیەکان بەئاشتی چارەسەر دەکرێن و چەك و جبەخانەی میلیشیا و پارەی ڕەشی بەناو شۆڕشگێڕەکانیش دەبێ ڕادەست بکرێن و بگەڕێندرێتەوە بۆ دەوڵەتەکانیان .
لەسیستمە نوێیەکەدا ، دانوساندنەکان تێکهەڵکێش دەکرێن بەجەدوەل زەڕبی سیاسەت و زانستی دەوڵەتداری ، ئیتر حوکمداری هەوەنتە و گۆترەو میزاج و میلیشیا کۆتایی دێت .
بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤەکان و دامەزراندنی دەوڵەت و سیستمی دەوڵەتداری ڕاستەقینە لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، نابێ چەك لەدەستی پێکاکە و حەماس و حیزبوڵڵا و حوسی و حەشد بێت ، پێویستە چەك تەنیا دەستی ئەو دەوڵەتانە بێت ، بەگوێرەی سیستمە نوێیەکە ، دەوڵەتی هەمووان دەبێت .
سەرکردایەتی (پێکاکە) وەك هێزێکی ئازادیخواز و بەئەزموون لەئیدارەدانی ململانێ سیاسی و سەربازیەکان ، پێش هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، درکی بەگۆڕانکاریەکان کردو مەسجەکانی سیستمی نوێی جیهانی بەهەند وەرگرت و چەکەکانی بێدەنگ کرد ، ئێستا پێکاکە چاوەڕێی بەرامبەرەکەی دەکات بۆ ئەوەی چەکەکانی بەیەکجاری بێ دەنگ بکات و لەبەرامبەریشدا ، مافەکانی گەلی کوردستان لەتورکیاو باکوری کوردستان مسۆگەر بکات .
هەڵبەتە سیاسیە ژیرەکان تێدەگەن ، کە دەوڵەتداری وەکو سەودای بازرگانیە چیم پێ دەدەی تا ئەوەت پێ بدەم ، کە تۆ پێویستت پێی هەیە ، ئەم سەردەمەش سەردەمی ژمارەو داتایە ، جێگەی هەموو شتێكی تێدا دەبێتەوە ، تەنیا جێگەی گەوجاندن و کەراندن و قازاندنی تێدا نابێتەوە ، بۆیە پێویستە هەموو سیاسیە تەقلیدیەکانی تورکیاو سوریا و عیراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین ، تەنانەت ڕوسەکانیش دەبێ تێبگەن ، هەموو دنیاو بەتایبەت ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، دەبێ لەبنەڕەتەوە بگۆڕدرێت و زمانی شەڕ و چەكەکانیش ببڕدرێت و هەمووان پێکەوە بەئاشتی بژین .
کێشەکانی نێوان هەرێم و عیراقیش ، چەند لاپەڕەیەکی لەم سیستمە نوێیەدا داگیرکردووە ، بێگومان ، لەم حەفت و هەشتەی نێوان بەغدا و هەولێردا ، ئەو لایەنە دەیباتەوە کە ژمارەکانی ڕاست و دروست بن ، هەرێمی کوردستان ئەگەر لە ژمارەو داتاکانیدا ، شەفاف نەبێت نەك هەر هێزی چەکدارەکەی ، بەڵکو نەوت و گومرگ و باج و خەراج و هەرێمە دەستوریەکەشی لەدەست دەدات ، چونکە سیاسەت و دەوڵەتداری بەم شێوەیەی ئێستا لەهیچ سەردەم و شوێنێکی دنیادا ، نەیتوانیووە بەسوپاس بەڕێوەبچێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی