ئامرازە نوێیەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا شکۆ و ئەمانەتی وشەی وێرانکردووە و ، بۆتە گۆڕەپانێک کە کەسانی بێبەها و ساختەچی و بێناوەڕۆکی جددی تێدا دەسوڕێنەوە ، کەسانێک ئامانجیان شێواندنی مێشک و فریودانی خەڵک و لەدەستدانی هۆشیاری و بەدەستهێنانی پارەیە ، گەنجە چینیەکە « تشانگ یی مینگ »ی داهێنەری تیک تۆک خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو کە ڕۆژێک بێت بەو جۆرە سووکایەتی بە بەکارهێنانی ئەو سەکۆیە ئەلکترۆنیە بکرێت ، بەتەئکید سەکۆی تیک تۆک و دونیای سۆشیالمیدیا لایەنی ئیجابی زۆرە ، بەجۆرێک ئەوانەی بەکاریدەهێنن ڕێگایان بۆ واڵادەکات کە گوزارشت لەخۆیان بکەن و پەیوەندی بە کەسانی تر بکەن و بەشداری بەهرەکانیان بکەن ، هەروەها ئەو سەکۆیە کورتە ڤیدیۆی کەسان لەنێوان کات بەسەربردن و وەدەستهێنانی زانیاری و تەعلیم…تاد تێدایە ، بەڵام ئێمە کردومانەتە گۆڕەپانێک بۆ بەتاڵکردنەوە ڕقوکینە و قسەی قێزەوەنی نەشیاو و خۆکردنە پاڵەوان و هەموو ئەو شتانەی کە موخالفی بەهای کۆمەڵگان ، زۆربەی ئەو تیکتۆکچیانە کاریگەری خۆیان هەیە لەسەر کۆمەڵگا لە زەمەنێکدا کە وشەی بەهێز و هزری قوڵ بایەخی ئەوتۆیان نیە و جەماوەریش لەو جیهانە ئەلکترۆنیەدا بەدوای مانادا ناگەڕێت ، بەڵکو بۆ چێژی چرکەسات نەک پەروەردە و تەعلیم…جا کەسانێک لەو دووفاقانە دەناسم بێشەرمانە لەو کورتە ڤیدیۆیانە کە ناویان لەخۆناوە شرۆڤەکار بەڕوخساری غەمگین و دەنگی سۆزاوی خۆیان کردۆتە فریادڕەسی گەلی کورد و باسی نادادی و گەندەڵی…تاد دەکات کەچی خۆیان گەندەڵ و سوودمەند بوون لە دەسەڵات ، ئا لەنێو ئەو بازاڕە فەوزەویەدا جەماوەر بت دروستدەکات ، جا وەرە ڤیدیۆیەک لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هەزارا فۆلۆوەر کۆبکاتەوە و خاوەن ڤیدۆکەش وەک راعی جەماوەر مامڵەیان لەگەڵ دەکات و چەپڵەڕێزان دەکرێت و باز بەسەر ستاندەر و پێوەرەکاندا دەدات و ڕێگاکەی بە دروشم و ئیمۆجیەکان فەرشکردووە و سەرئەنجام بەسەر پێبلیکانەی ناوبانگی سەردەکەوێت ، جا ئەمە هەر تەنها لە سنووری دروستکردنی هیچوپووچ (التفاهة) ناوەستێت بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ دڕندەیی بینەر « جمهور » جمهورێک کە تەنیا ئەوەی دەدرەوشێتەوە قبوڵ دەکات تەنانەت ئەگەر قوڕ-یش بێت ، بینەرێک کە بۆتە مێگەڵێکی هێرشبەر کە هەموو بۆچونێکی جیاواز هەڵدەلوشێت و گاڵتە بە هەموو ناوەڕۆکێکی جدی دەکات و تڕێندەکانیش دەبنە ئامێری سەرپەڕاندن بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵبدەن پێچەوانی تەوژم مەلەبکات .
سەکۆکانی جیهانی ئەلکترۆنی و سۆشیالمیدیا لەکن ئێمە بۆتە کەرنەڤاڵێکی هەمیشەیی کە ئاڵای داهێنانی لێهەڵناکرێت ، بەڵکو باڵۆنەکانی گاڵتەجاڕی تێدا دەفڕێت و ڕێوی و کەمتیارە تاکەکان بە ئازادانە تەراتێن دەکەن ، ئەوڕۆ وروژاندن لەناو سوشیالمیدیا بازاڕی گەرمە و بۆتە پیشەسازی و ناتوانرێت پشتگوێبخرێت ، ئێمە کە ئێستا لە قۆناغێکی گرنگداین کە پڕە لە کێشە و تەنگوچەلەمە و مەترسی و تەحدیات لەژێر سایەی فەوزای ڕاگەیاندنی کراوە و فەوزای شۆشیالمیدیای چەکدار بە ئامێری کوشتن و بریندارکردن و بەپێشەنگکردنی کەسانی پووچگەرا و میگەل کە لەڕاستیدا ئەمانە بوونەتە ئاوێنەی ڕاستگۆیی ئێمە : ئەدی ئەوە نیە حەز لە هیچوپووچی دەکەین ، هیچوپووچی بۆتە خانمی شاشەکان و ، ئەوەی جدیەتە پەڕاوێزخراوە و لە گۆشەکانی لەبیرچوونەوە دوورخراوەتەوە ، ڕاستیە تاڵەکەش ئەوەیە کە ئەمە جەماوەرە وەحش دروستدەکات و لە خۆشی ئەو وەحشەدا خۆراکی دەداتێ ، بەڵام کاتێک ئەو وەحشە لە بەهاکان دادەمڵدرێ و ئەشکرا دەبێت ئەوسا وازی لێدێنێت ، تیک تۆک و توک توک و سۆشیالمیدیا بۆ کورد تاکە سەرچاوەی کاتبەسەربردنە نەک وەرگرتنی زانیاری و ڕۆشنبیری ، کاتبەسەربردنێک کار لەسەر ورووژاندنی غەریزەکان و بڵاوکردنەوەی هیچوپووچیی و بیرکردنەوەی سەتحی دەکات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی