ژیان، ئەو ڕۆمانە مەزن و پڕ هەوراز و نشێوەیە
کە هەر یەکێک لە ئێمە پاڵەوانی سەرەکیی چیرۆکەکەی خۆیەتی،رۆمانێك لە چەندین بەشی پێکەوەگرێدراو
پێکدێت. منداڵی، سیمفۆنیایەکی پڕ لە هیوا و بێ گەردو بێ گرێو گۆڵە ؛ گەنجی، داستانێکی
پڕ لە وزەو یاخیبوون و گەڕانە بەدوای شوناس
و خود دا؛ کامڵبوون، قۆناخی جەنگی ڕۆژانە و بونیادنانە. بەڵام کاتێک ڕێڕەوی تەمەن دەگاتە
دوا وێستگە، دوا پەردەی شانۆگەرییەکەیە، واتە قۆناخی پاییز ئاسای خانەنشینی، لێرەدایە
قووڵترین پرسیارە بوونگەراییەکان وەک برووسکە لە ئاسمانی ڕۆحماندا دەدرەوشێنەوە: ئایا
ئەم کەنارگرتنە، ئارامگەیەکە بۆ ڕامان لەو دەریایەی بە قووڵایی خۆی مەلەمان تێیدا كردووەو هەزاران ململانێمان
لەگەڵ قرش و دەعباكان كردووەو ئەزموونمان پڕە
لە چنینی حیکمەت، یان بەندەرێکی چۆل و هۆڵە شەپۆلەکانی پەشیمانی و پشتگوێخستن تێیدا
یاری بە کەشتییە شکاوەکەی تەمەنمان دەکەن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە، هەرگیز لە چوارچێوەی ژیانی
تاکەکەسی خانەنشینێكدا قەتیس نابێت. بەڵکو وەک ئاوێنەیەکی باڵانوێنی بێگەرد، ڕاستگۆترین
وێنەی ویژدانی زیندوو، فەلسەفەی حوکمڕانی و پەیکەری کۆمەڵایەتیی هەر نەتەوەیەک نمایش
دەکات. شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نەوەیەی کە جوانترین ساڵەکانی تەمەنی، وەک مۆمێک
لە پێناو ڕووناککردنەوەی ڕێگەی نەوەکانی دوای خۆیدا تواندۆتەوە، وردترین پێوەرە بۆ
کێشانی ئاستی پێگەیشتوویی شارستانی، دادپەروەری و مرۆڤدۆستیی هەر سیستەمێک.
لە ڕوانگەیەکی دەروونناسانەوە، خانەنشینی تەنها
وازهێنان نییە لە کاركردن، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە خودی شوناسدا. مرۆڤێک
کە چل ساڵ خۆی وەک مامۆستا یان ئەندازیار یان پزیشک یان کرێکار یان پسپۆری بوارێك یان
.....هتد پێناسە کردووە، لەناکاو ئەم نازناوە
کۆمەڵایەتییەی لێ دادەماڵرێت. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانی شوناسەكەی چونكە دەكەوێتە
نێو بۆشاییەكی قووڵ و فراوانی وجودی خۆیExistential
Void ئەگەر پرسیاری ئەوە
بكەین ، من کێم؟ بە شێوەیەکی نوێ و ترسناک دێتەوە ئاراوە. لێرەدایە کۆمەڵگایەکی تەندروست
دەستەبەری گواستنەوەیەکی نەرم دەکات كە گواستنەوە لە Homo Faber (مرۆڤی دروستکەر/کارا)ەوە بۆ Homo Sapiens (مرۆڤی بیرمەند/حەکیم). بەهاکە لە کردن ەوە دەگۆڕێت بۆ وجود.
خانەنشینی لەم دیدە فەلسەفییەوە، قۆناخی دروێنەی
تەمەنە، نەک پووکانەوەی جەستە. ئەمە کاتی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەو (ناوك – تۆو)انەیە
کە بە درێژایی ژیان چێنراون: دروێنەی ئەزموون، یادەوەری و ئەو وانە قووڵانەی کە تەنها
کات دەتوانێت فێری مرۆڤیان بکات. خانەنشینان دەبنە پاسەوانی زیندووی یادگەی گشتی؛ ئەو
کتێبخانە گەڕۆکانەی کە چیرۆک، بەسەرهات، شکست و سەرکەوتنەکانی نەتەوەیەکیان لە سینەی
خۆیاندا هەڵگرتووە. پشتگوێخستنیان، وەک سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییەی هەر نەتەوەیەکە(كتێبخانەی
ئەسكەندەرییە 3 جار لە مێژووی كۆندا سووتێنراوە!)
سڕینەوەی بەشێکی گرنگی مێژوو و شوناسە.
ژیانی خانەنشین نابێت ببێتە چاوەڕوانییەکی بێ
ئامانج و بێ كاردانەوە بێت بۆ مەرگ لەسەر کورسییەکی
جوولاو، بەڵکو دەبێت ببێتە ئازادییەک بۆ بەردەوامبوون بۆ خود . دوای تەمەنێک لە خۆبەختکردن
بۆ خێزان و کۆمەڵگا، ئەمە دەرفەتی زێڕینە بۆ پەرەپێدانی ئەو بەهرانەی کە لە ژێر باری
قورسی ئەرکەکاندا کپکرابوون؛ ئەو دەستەی ڕۆژێک چەکوشی بەدەستەوە بوو، ئێستا دەتوانێت
فڵچەی نیگارکێشان هەڵبگرێت. ئەو دەنگەی فەرمانی دەرئەکرد، ئێستا دەتوانێت لە کۆرسێکی
مۆسیقادا گۆرانی بڵێت.ئەو ئەزموونەی جاران بڕیارێكی هەڵەی دەردەكرد، ئێستا جەتوانێت
ببێتە باشترین راوێژكار.
لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسانەوە، پێوەندیی نێوان
حكومەت و خانەنشین، پێوەندییەکی خێرخوازی نییە. ئەمە جێبەجێکردنی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی
نەنووسراوە. بەگوێرەی تیۆرییەکانی وەک ئیمیل دۆرکهایم، کۆمەڵگا لەسەر بنەمای هاوپشتیی
کۆمەڵایەتی (Social Solidarity) ڕاوەستاوە. شێوازی
مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچووان، پێوەری هێزی ئەم هاوپشتییەیە. کۆمەڵگایەک کە پیرەکانی
فەرامۆش دەکات، تووشی Anomie (بێنۆرمی و لێکترازان
دەبێت و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشی بەرەو هەڵوەشانەوە دەچن.
یارمەتیدانی خانەنشینان، قەرزێکی شەرەفە کە دەبێت بدرێتەوە، نەک بەخشیش. ئەو
نەوەیە، لە ڕێگەی ئارەقەی نێوچاوان، باجی ساڵانە و خزمەتی دەیان ساڵەوە، کرێی ئەم قەرزەیان
پێشوەختە داوە. ئەرکی هەر سیستەمێکی حوکمڕانیی دادپەروەرە کە بە شایستەترین شێوە بیداتەوە.
سیستەمی وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەرچەندە بێ کەم و
كورتی نین، بەڵام هەوڵیانداوە ئەم فەلسەفەیە بکەنە واقیع. لە ئەمریکا، سیستەمی سێ پایە" (مووچەی حکومیی Social Security، خانەنشینیی
تایبەت بە کار وەک 401k، و پاشەکەوتی
کەسی) فەلسەفەی بەرپرسیارێتیی
تاکەکەسی لەناو تۆڕێکی پاراستنی گشتیدا جێگیر كراوە. لە ئەوروپا، مۆدێلەکانی وەک (NHS)ی بەریتانیای بێبەرامبەر،
یان سیستەمە بیمەییەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا، زیاتر جەخت لەسەر فەلسەفەی مافی هاوڵاتیبوون
و هاوپشتیی گشتی دەکەنەوە. ئەم سیستەمانە تەنها پارە دابین ناکەن، بەڵکو ژینگەیەک دەڕەخسێنن
کە کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزێت:كەرامەتی مرۆڤ پێكهاتووە لە كەرامەتی دارایی، پاراستنی
شكۆی جەستە، شەڕی گۆشەگیری.
کەرامەتی دارایی ئەوەیە نابێت مووچەیەک خانەنشین
ناچار بکات لە نێوان کڕینی دەرمان و کڕینی ناندا، یەکێکیان هەڵبژێرێت.ئەمە كارەساتە.
حکومەتێک کە خانەنشینەکانی لە نۆرەگرتنی نانەواخانەکاندا شەرمەزار دەکات.
پاراستنی شکۆی جەستەش بریتییە لە جەستەی مرۆڤێکی
بەتەمەن، ئاخر ئەم جەستەیە نەخشەی مێژوویەکە.دەڵێی مەیدانی شەڕی كافرو سەحابەكانە. دابینکردنی چاودێریی تەندروستیی گونجاو (وەک Medicare و Medicaid لە ئەمریکا یان NHS لە بەریتانیا) ڕێزگرتنە لەو نەخشەیە).
هەڵبەت شەڕی گۆشەگیری، واتا گۆشەگیری مەرگی کۆمەڵایەتییە کە زۆرجار پێش مەرگی
فیزیایی دێت. بۆیە خزمەتگوزارییەکانی وەک Home Care (چاودێری لە ماڵەوە)، Meals on Wheels (گەیاندنی
ژەمی گەرم)، بەتایبەت کۆمەڵگەکانی خانەنشینان (Retirement Communities) لە ئەمریکا، تەنها
شوێنی نیشتەجێبوون نین. ئەوان قەڵغان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنیایی. ئەو کۆمەڵگایانەی
فلۆریدا و ئەریزۆنا، بە هەتاوە گەشەکەیان و یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکانیان، دۆزەخی
تەنیایی دەگۆڕن بۆ بەهەشتێکی زێڕینی پڕ لە هاوڕێیەتی و چالاکی. هەروەها ناوەندەکانی
بەساڵاچووان (Senior Centers) وەک مێرگێكی تەڕو
سەوز Literal Meaning لە بیابانی گۆشەگیریدان،
کە تێیدا گیانی کۆمەڵایەتی زیندوو دەکرێتەوە.
با بەكورتی چەند پرسیارێك بكەین: ئایا لە هەرێمی كوردستان هۆیەكانی گوازتنەوە تایبەت بە
خانەنیشینان هەیە؟ یان خانەنشینان پسوولەی تایبەت بۆ هۆیەكانی گوازتنەوەیان هەیە؟ ئەی بۆ
كاتێكی خۆش بەسەر بردن، باخچەی رازاوەو سینەماو شانۆ و مۆزەخانەی تایبەت بەوان هەیە؟ ئەی چێشتخانەو فرۆشگای تایبەت بە ئەوان كارتی داشكاندنیان
هەیە؟ ئایا حكومەت جار جارە گەشتی بەكۆمەڵیان
پێ دەكات؟ لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر لە هاوینەهەوارێكەوە
بۆ هاوینە هەوارێكی دیكە؟ ئەی بۆ دەرمان كڕین چ ئاسانكارییەك كراوە؟ ئەی ئەوانەی توانای جل شۆرینیان
نییەو توانای كڕینی خۆراكیان نییە یان بەشیان ناكات؟ ئەی خانەنشینان چاودێری پزیشكیان بۆ دابینكراوە؟ ئەمانەو دەیان پێداویستی تر هەن، پێویستەو زۆریش
پێویستە بۆیان دابین بكرێت.
کۆی ئەم باسانە دەمانگەیەنێتە حەقیقەتێکی تاڵ
یان شیرین: ژیانی خانەنشینان، ڕوونترین و بێفێڵترین ڕەنگدانەوەی شێوازی حوکمڕانییە.
پرسیارە ڕاستەقینەكەش ئەمە نییە "ئێمە چەند پارە دەدەین بە خانەنشینانمان؟"،
بەڵکو ئەوەیە "ئێمە چ بەهایەک بۆ ژیان و کەرامەت و بۆ مێژووی مرۆڤ دادەنێین؟".
کاتێک سەیری سیمای چرچ و لۆچی پیرەمێردێک یان پیرێژنێکی خانەنشین دەکەین، لە قووڵایی
چاوەکانیدا دەتوانین ئاییندەی کۆمەڵگاکەمان بخوێنینەوە. ئایا چاوەکانی پڕن لە ئارامی،
شانازی و تێربوون لە ژیان، یان پڕن لە ترس، بێهیوایی و هەستکردن بە ماندوو بوون و نامۆبوون؟
وەڵامی ئەم پرسیارە، دادگایی کۆتایی و بێ تانەیە لەسەر ویژدانی هەر حکومەت و
هەر گەلێک. چونکە ئەو نەتەوەیەی ڕێز لە ڕابردووی خۆی نەگرێت و گوێ لە سیمفۆنیای پاییزی
تەمەنی باوباپیرانی نەگرێت، هەرگیز ناتوانێت ئاوازێکی شکۆمەندانە بۆ داهاتووی خۆی بژەنێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی