(خوێندنەوەیەک بۆ کوشتارگەکانی چەند ڕۆژی ڕابوردوو)
(ئایا بۆ ئامانجێکی باڵا،دەشێت مرۆڤ تاوان ئەنجام بدات؟) ئەمە پرسیاری سەرەکی ناو ڕۆمانی تاوان و سزایە.
تاوان و سزا ناونیشانی یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی ئەدەبی ڕوسی و (فیۆدۆر دۆستۆڤیسکی) نوسیویەتی و لە ساڵی (١٨٦٦) بڵاوی کردووەتەوە، بە هۆی گرنگی ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانەو ئەو چەمکانەی تێیدا بەکارهاتوون، سنووری ژانری ئەدەبی تێپەڕاندووەو چەمکەکانی (دادپەروەری، کۆمەڵگا، ململانێی چاکەو خراپە، هەستکردن بە تاوان، سزای ویژدان و تاد...) بە کار براوە، بەمەش خزاوەتە ناو جیهانی سیاسەت و سایکۆلۆژیاو فەلسەفە.
پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە کەسێکە بە ناوی (ڕاسکۆلنیکۆف) توشی وەهمێک بووە پێی وایە هەندێک کەس دەتوانن بە بیانوی بەرژەوەندی گشتی یاسا ئاکاریەکان ببەزێنن. هەر ئەمەشە پاڵی پێوە دەنێت بە کوشتنی ژنێکی پیر و دواتر سامانەکەشی دەبات.
ڕۆمانەکە هەندێک پرسیار لە بارەی دادپەروەریەوە دەکات کە تا چ ڕادەیەک لەگەڵ بەهای ئاکاریدا سازە و هەروەها پرسی دادپەروەری و کۆمەڵگا دەوروژێنێت،هەر لە ناو تێکستەکەدا سەرنج دەخاتە سەر ئەو کەسانەی کە کاری بەدواداچوونی داد دەکەن و لێرەوە کارەکتەرێک دەردەکەوێت کە ناوی (پۆرشین)ە و پشکنەری دادە (محقق العدلی). لە ڕێگای ئەمەوە (دۆستۆڤسکیی ڕۆماننوس) گفتوگۆی شکستی دادگەری یاسایی دەکات لە وەدیهێنانی دادی ڕاستەقینەدا.
ئێمە ئێستا پێویستمان بە دۆستۆڤسکیەک هەیە کە بە هەمان ناونیشان (تاوان و سزا) ڕۆمانێک بنوسێت، بەڵام دەسکاری ناوەرۆکەکەی بکات و ئەمجار شیکاریەکی فەلسەفی و سایکۆلۆژی وورد بۆ بکوژەکانی کۆمەڵگای ئێمە بکات کە چۆن ڕۆژانە (ڕاسکۆلنیکۆف)ی بکوژ لای ئێمە دروست دەبێت و بەهانە بۆ تاوانەکانی دەهێنێتەوە.
کۆمەڵگای ئێمە زەلکاوێکی لە بارە بۆ دروسبوونی بکوژ، ژینگەیەکی گونجاوە بۆ پەروەردکردنی ڤایرۆسی کوشندە کە هەموو کۆمەڵگە دووچاری نەخۆشی بکات، ئەمەش دەسەڵات و کۆمەڵگە لێی بەرپرسن، چوون تاک بەرهەمی خێزانە (کە یەکەیەکی کۆمەڵایەتیە) و دواتریش دەسەڵات، کە بەرپرسە لە هەڵوەشاندنەوەی سەراپای بەهاکان.
هەموو تاکێک هەستێکی وا لە ناخیدا چەکەرەی کردووە کە هەر بەرکەوتنێکی ڕۆژانەی لەگەڵ کەسێکی تردا ئەگەری بوون بەقوربانیی لێدەکەوێتەوە. لێرە بە هۆی غیابی یاسا یان ووردتر بڵێین نادادی یاسا و دادگاکانەوە زیهنیەتی کوشتن لە کەلەی زۆربەی تاکەکاندا ئامادەیی هەیە، تەنها پێویستی بە ڕیزبوونی ڕەگەزەکانی تاوان هەیە لەسەر هێڵێک کە بریتین لە (کەسەکان و تفەنگێک و دەرگیربوونێک).
جیاکاری دادگاکان نەک لاوازیان لە هەمبەر تاوانەکان، یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی تەشەنەسەندنی تاوانکاری بە گشتی و تاوانی کوشتن بە تایبەتی، چوون هەر تاکێک کە هەستی کرد سزا بۆ تاوانەکەی نییە، ئەوا ئەو کات بە بێ دوودڵی تاوانەکەی ئەنجام دەدات، بۆ وەبیرهێنانەوەش ئامانج لە سزای یاسایی (قانون العقوبات) بریتیە لە چاوترساندن. بەڵام پێچەوانەی ئەمە، بەشێکی زۆری ئەوانەی تاوان ئەنجام دەدەن لای بەرپرس و بارەگا سەربازیەکان داڵدە دەدرێن و دوای ماوەیەک کەیسەکانیان دیزە بە دەرخۆنە دەکرێت.
ئەم بارودۆخە لەسەر دۆخی سایکۆلۆژیای گشتی کۆمەڵگا دەرەنجامی ترسناکی دەبێت و سەردەکێشی بۆ ئەوەی هەموو تاکێک کە دەچێتە دەرەوەی ماڵەکەی لە ترس و دردۆنگیەکەی وەهادا بژی هەست بکات ئێستا نا تۆزێکی دیکە دەبێت بە قوربانی فیشەکە شێتەیەک و کۆتایی بە ژیانی دێت. دواتریش خوێنی بە فیڕۆ دەچێت.
دەرکردنی چەک لەدەست هەموو ئەو خەڵکەی بە ئاسانی هەڵی دەگرن وهەروەها گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دادگاکان و لاوازکردنی ئەو دیوەخانانەی مانگانە ترلیۆن دیناریان لە لایەن حیزبەوە بۆ خەرج دەکرێت و هەروەها چەند ڕێکاری تریش ڕەنگە ڕۆڵیان لەسەر لاوازکردنی ئەم دیاردە ترسناکە هەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی