دەرونشیکاری لە فرۆیدەوە تا ئیمڕۆ

6 کاتژمێر پێش ئێستا

د.هەژار عوسمان مەعروف

هستیریا نەخۆشیەکی دەرونیە بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی بە نیشانەکانی نەخۆشیەکانی مێشک و دەمار خۆی دەردەبڕێ بێ بونی گۆڕان و شێوان و تێکچونی پێکهاتەی جەستەیی لە خودی مێشك و دەمارەکاندا، کەواتە ئیشكردن و وەزیفەی مێشک و دەمار بە شێوەیەکی کاتی تێکدەچێت بەڵام پێکهاتەکەیان ساغە و تێکنەچوە وەک ئەوەی بۆ نمونە مێشک هەوی کردبێ یا کیسێک یا زیادەگۆشتێکی تیابێت یا لولەخوێنەکانی داخرابێت یا ئاوسابێت.

نیشانە جەستەییەکانی هستیریا ئەمانەن: گەشکە و بورانەوە و بێهۆشبون یا هۆش تێکچون، سڕبون و مێرولەکردنی پێست ،ئێشی ئەندامانی لەش ،هێزتیانەمان ولاوازی یا گرژبونی زۆر توند و گەرمی ماسولکەکان ، لەرزینی دەست و پێ یا هەمو جەستە ، تێکچونی زمان گۆکردن و شێوانی دەنگ و قسەکردن یا کپی و بێدەنگبونی تەواو ونەتوانینی قسەکردن، یا کێشە لە جوین و قوتدانی خۆراکدا یا کۆکەی وشک بێ بونی نەخۆشیی کۆئەندامی هەناسەدان یا نائاسایی بونی شێوەی وەستان و دانیشتن و ڕۆشتن و جموجوڵی ئاسایی ڕۆژانە ، شێوانی کاتیی بینین وەک بەرچاوڕەشبون یا تەنانەت نابینایی کاتی وهتد... .

نیشانە دەرونیەکانی هستیریا ئەمانەن: هەست وشعوری لەخۆنامۆ بون و لە دەوروبەر نامۆبون، بیرچونەوە بەتایبەتی دەربارەی ڕوداوی برینداربونی دەرونی ئەگەر ڕویدابو، گۆڕانی خێرا و تەقینەوەی بێجێی هەست و سۆزەکان بە هاوارکردن و گریان و قاقای پێکەنین بە ئەندازەیەکی وا کە سەرنجی هەمو دەوروبەر بە لای خۆیدا ڕائەکێشێ . لە کاتێکدا خزم و کەس دەوریان داوە و زۆر نیگەرانی و ترسیان هەیە لە دۆخەکەی کەچی ئەو خۆی تەنانەت بەرامبەر نیشانە جەستەییە کاتیەکانی وەک نابینایی و ئیفلیجی خەمسارد و گوێپێنەدەر ڕاکشاوە. لە پشتی ئەم نیشانانەوە هۆ وکێشەی دەرونی و برینداربونی دەرونی و ئازاردانی جەستەیی و چەوساندنەوە و دەسدرێژیی جۆراوجۆر بە هی سێکسیشەوە لە منداڵی و هەرزەکاری و یا لە تەمەنی گەورەیی لە ئێستادا و هەروەها کێشەی کۆمەڵایەتیی قورس هەن کە کەسەکە لە بەر شەرم و عەیبە و ترس لە سزا و ئابڕوچون ودابڕان لە دەوروبەر و خێزان و کۆمەڵ ناتوانێ بە دڵی خۆی و لە کانگای دڵیەوە بە هەست و سۆزی ڕاستەقینەوە دەریانبڕێ و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بکات، بۆیە بێ ویست و حەزی خۆی و بێ ئەوەی خۆی بیەوێ و بزانێ یەکێ یا چەند دانەیە لە نیشانە جەستەییەکانی سەر بە کۆئەندامی مێشک و دەمارەکانی تیا دەرکەوێ.

نمونەیەک کە ڕویداوە: ژنێکی مێرددار لە پڕ توانای بینینی نەما، دوکتۆری چاو دوای تێڕوانینی ورد پێی وت چاوت هیچی نیە، دوای چەند هەفتەیەک بزربون لە شارێکی دورەوە لە گەڵ ئەو پیاوەی شەیدای یەکتر بوبون سەری هەڵدا و دەرکەوتەوە و ئیتر بێ چارەسەری پزیشکی کێشەی بینینەکەشی نەما! ئەم نەخۆشانە بە هۆی بورانەوە و گەشکەی دەرونیەوە چەندین جار بە پەلە و شڵەژانی خزم و کەسەوە بە ئەمبولانسی فریاکەوتن یا ئوتومبیلی ئاسایی دەبرێن بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان و چەندین تێڕوانینی تاقیگەیی خوێن و سۆنەر و وێنەی تیشکی و سکانی مێشک و ئەندامەکانی تری جەستەی بۆ دەکرێت و لە کۆتایی هەمویاندا پزیشکەکە دەڵێت وەڵا هیچی نیە، هەندێک دوکتۆر پێی دەڵێن هستیریا یا Hys ی هەیە !! ئیمڕۆ وشەی هستیریا لە دنیادا بەسەرچوە و بەکارهێنانی زۆر کەم بوە و بە تایبەتی پزیشکی هەمو پسپۆڕیەکان نابێت بەکاریبێنن بۆ نەخۆشەکانیان چونکە وشەیەکی نازانستی و هەڵەیە.

Hysteria وشەیەکی یۆنانیی کۆنە بە واتای (نەخۆشیەکی پەیوەنددار بە مناڵدانەوە) دێت، پزیشكی ناوداری یۆنانی کۆن (هیپۆقرات) وای دەزانی ئەو نەخۆشانەی هیستیریا یان هەیە مناڵدانیان تەواو نیە یا ترازاوە و بە جەستەی نەخۆشەکەدا دەجوڵێ و دەگەڕێ. لە مێژە دەرکەوتوە کە نەخۆشیەکە هیچ پەیوەندیەکی بە مناڵدانەوە نیە بەڵام لە کچ و ژنی گەنجدا زۆرترە هەتا لە پیاواندا، ڕەنگە هەر ئەمەش 2 / 2 بێت کە ناونراوە هستیریا کە لە وشەی یۆنانیی (Hyster) وە هاتوە و بە واتای مناڵدان دێت.

 

ئێستا لە هەمو دنیای پێشکەوتودا لە بری هستیریا وشەی (conversion) کۆنڤێرژن بەکاردێت. ئەوەی کێ هستیریای هەیە و کێ نیەتی تەنیا پزیشک وە بەتایبەتی پزیشکی مێشك و دەمار و پزیشکی دەرونی بڕیار دەدا نەک هیچ کەسێکی تر، دەنا هەڵە و ناحەقی و سوکایەتی پێکردن و تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر نەخۆشەکە دەکرێت لەباتی تێگەیشتن لێی و هاوسۆزی وچارەسەرکردنی پسپۆڕیانە کە چارەسەری دەرونیە لای پزیشکی دەرونی و دەرونناسی پزیشكیی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بانتر. بینیومە و بیستومە خزم و کەس و هاوڕێ و تەنانەت یاریدەدەری پزیشك وهەندێ پزیشکیش چی بەم نەخۆشانە دەڵێن، وەک ( درۆ دەکات، نەخۆش نیە، خۆی وا لە خۆی دەکات، ...).

 

دوکتۆر د. سیگمۆند فرۆید کە جو بو، هەروەها د.جۆزێف برۆیەر لە شاری ڤیەنا بۆ یەکەم جار لە ساڵەکانی ١٨٨٠ دا ئەم نیشانە جەستەییانەیان وەک دەربڕ و زمانحاڵی کێشە و برینداریە دەرونی و کۆمەڵایەتیە قورس و چارەسەرنەکراوەکان ناساند. پێشتر د.برۆیەر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک (١٨٨٠-١٨٨٢) خەریکی چارەسەرکردنی کچێکی ٢١ ساڵی نەخۆش بو بە ناوی خوازراوی Anna O بە شێوازی قسەلەگەڵکردن و خەواندنی دەستکرد (Hypnosis)، کچەکە نیشانەکانی هستیریای تێدابو و لە ڕوی جەستەیی مێشک و دەمارەوە هیچی نەبو، ئەو بەو چارەسەرە و بێ دەرمان باشتر دەبۆوە. د.جۆزێف دەربارەی ڕەوتی نەخۆشی و چارەسەری Anna O زانیاری و ئەزمونی چارەسەرکردنی سەرکەوتوانەی بە تەنیا بە دواندن بەڵام بێ دەرمان بۆ فرۆید باسدەکرد و لە گەڵیا ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەکرد دەربارە بابەتەکە، فرۆید خۆیشی وەک دوکتۆرێکی پسپۆڕی مێشک و دەمار زۆرجار گیریخواردبو بە دەست هەندێ لە نەخۆشەکانیەوە کە دەرمان چاکی نەدەکردنەوە و نیشانە و ناڕەحەتیەکانیان کە هی هستیریاکەیان بو بەردەوام دەبو.

فرۆید پێشتر یەک ساڵ دوای وەرگرتنی پسپۆڕی لە مێشک و دەمار لە ڤیەنا ، بۆ ساڵێک لە پاریس لە ژێر سەرپەرشتیی دوکتۆر Charcot و دو دوکتۆری تردا یەک ساڵ ڕاهێنان و فێربون و چارەسەرکردنی دەرونیی نەخۆشانی هستیریا ی کرد و گەڕایەوە بۆ ڤیەنا و ئیتر وردە وردە کەوتە چارەسەرکردنی نەخۆشانی هستیریا و بوبە ئەو بوارەی کە سەرکەوتوانە ئەسپی خۆی تێدا تاودا و ناوبانگی دەرکرد. فرۆید ئەم ئەزمونانەی خۆی لە گەڵ نەخۆشانی هستیریا و ئەوانەی د.جۆزێف لە گەڵ Anna O زۆر سەرنجی ڕاکێشا و کەوتە بیرکردنەوەی قوڵ و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە ی پراکتیکی و تیوریی چڕ و پڕ، ئەنجامی ئەم کارەی نوسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی (لێکۆڵینەوەکان دەربارەی هستیریا) لە ڤیەنا لەساڵی ١٨٩٥ بو، دواتر لە ساڵی ١٩٠٠ کتێبی (ڕاڤەکردنی خەونەکان) ی نوسی و بڵاویکردەوە . دەتوانین بڵێین ئەم دو کتێبە ، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەیان هەبو نەک هەر لە ناوەندە پزیشکیەکان بەڵکو لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و کۆمەڵناسی و مێژو دا ، زەنگ لێدانی سەرەتای لەدایکبونی (دەرونشیکاری Psychoanalysis) بو کە فرۆید (١٨٥٦- ١٩٣٩) بە دۆزەرەوەکەی دادەنرێت.

د.هەژار عوسمان مەعروف پزیشکی پسپۆڕی دەرونی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی