ساڵی ٢٠٠٦ لە کەمپێکی پەنابەران لە وڵاتی نەرویج گیرسامەوە. لە میانەی پرۆگرامێکدا کە ئیدارەی کەمپەکە بەڕێوەی دەبرد، لە ژێر ناوی بەرنامەی زانیاری-دا. هەر جارەی باسیان لە لایەنێکی لە لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەی نەرویج دەکرد.
لە یەکێ لەو جارانەدا، کارمەندێکی پۆلیسی نەرویجی بانگهێشت کرابوو. مەسەلەکە باس لە ململانێ و ناکۆکی و دەمەبۆڵە و تێکچوونی لە پڕی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بوو. ئەو دەم پەنابەری عەرەبی عێراق و کەمتریش کوردی هەرێم لە کەمپەکاندا زۆرینە بوون. پۆلیسەکە بە پرسیارێک دەستی پێکرد: ئەگەر یەکێک ناکۆکییەکی هەبوو لە گەڵتاندا و دەستی کرد بە توندوتیژی و پەلاماردان تۆ چ هەڵوێستێک ئەنوێنی؟ بە سروشتی عێراقییەکان و کوردەکان وەڵامەکان ئاوها درانەوە. نایەڵم...ڕێگەی لێدەگرم...بۆ خۆم دەستم نیە وەڵام بدەمەوە...خۆ من ژن نیم هەڵبێم و بچم شکات بکەم...بەرگری لە خۆم دەکەم...بەردێک یان دارێک پەیدا دەکەم و...ئیتر بەم جۆرە، پۆلیسەکە وەڵامە نەریتییەکانی عێراقییەکانی گوێ لێ بوو. پۆلیسەکە لە ئەنجامی شیکردنەوەی ڕێگەی ڕاست و دروست و پەسەندکراو لە لای خەڵکی نەرویج و دەزگاکانی نەرویج وتی: سەرباری ئەمانە زیرەکی لەوەدا نیە پەلامار بدەیت بەڵکو ژیری و هوشیاری لەوەدایە تۆ بە کەمترین زیان لەم مەسەلەیە دەربچیت.
لە وڵاتی نەرویج زۆرێک لەو دامودەزگایانەی کە ڕۆژانە هاوڵاتیان ڕوویان تێدەکەن جۆرێک لە دوگمە، بە شریتە ملوانکەیەک دەکەن بە ملیانەوە. یاخود لە ژێر مێزەکانیان چەسپێنراوە. هەر کاتێک هەست بە نائارامی و توندوتیژی بکەن لە لایەن هاوڵاتیانی سەردانیکەرەوە، ئەوا بە دەست نان بەو دوگمەیەدا پاسەوان یان پۆلیس ئاگادار ئەکرێتەوە و دەست بە جێ دێن بە هاناوە. تەنانەت ئەم ڕێگەچارەیە لە دوکانەکانی ناو مۆڵەکانیش پیادە دەکرێ. چونکە دواجار تۆ کارمەندی شوێنێکی و هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لە پێشینە و کۆنە قینت لە گەڵ سەردانیکەران و کڕیاراندا نیە و تۆ کاری خاوەن کارێک بەڕێوەدەبەی. تۆ دەبێت جگە لە مووچەکەت، ئارامی و ئاسایشت لە سەر کارەکەت بۆ دابین بکرێ و هیچ زیانێکی دیکەت پێ نەگات. لە وڵاتانی ئەوروپاش بڕینی بەنزینخانە و ئەو دوکانانەی کە بە شەوان کاردەکەن زۆرە و دووبارەیە.
یەکێ لەو ڕێگەچارانەی بۆ ئەو شوێنانە کە دانراوە ئەویە کە کاتێ دز دێتە سەریان و داوای پارەی نێو قاسە و دەخیلە دەکات، ئەبێ بێ یەک و ودوو داواکەی جێ بە جێ بکەن. تا بۆیان ئەکرێ هەڵبێن و تەنها بیر لە گیانی خۆیان بکەنەوە. لێرە هەموو ئەو زیانانەی لە لایەن کڕیار و دز و لە ئەنجامی هەر جۆرە دۆخێکەوە بەر شوێنە گشتی و فەرمییەکان دەکەوێت قەرەبوو ئەکرێتەوە. دواجار هەموو شتێک بیمەکراوە و ئەژمێردرێتەوە. تەنانەت ئەم جۆرە لە بیمە هەموو خاوەن ئوتۆمۆبیلێکیش ئەگرێتەوە. کە ئەمەش بۆ خۆی کێشەی نێوان شۆفێران، لە کاتی پێکداداندا، بە تەواوەتی چارەسەر کردووە.
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە شاری هەولێر ڕوویداو و بووە هۆی کووشتنی سێ هاوڵاتی، یەکێکە لەو ڕووداوە کووشندانەی کە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە. ئەمە بە بێ ئەوەی کەس لێکۆڵینەوەیەک بکات بۆ گەیشتن بە ڕێکارێک لە پێناو ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەیان. من ناچمە هیچ وردەکارییەکەوە، چونکە نازانم ڕووداوەکان چۆن دەستیان پێکردووە و پەرەیان سەندووە.
بەڵام ئەوەی ئەیبینم و سەرنجڕاکێشە، لە ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێرییەوە، دوو دیمەنە. دیمەنی توڕە بوونی عەرەبەکان و پاڵنان بە کارمەندەکانەوە و دیمەنی هەڵچوونی کارمەندەکە و پەلاماردانی چەک و دەستڕێژییە. بەڵام با وای دابنێین کە عەرەبەکان دەست پێشخەر بوون لە دەست درێژی. دەکرێ تۆی کارمەند ڕای خۆتی بۆ ڕوون بکەیتەوە و بیانووی بۆ بهێنیتەوە بە ئارامی. گەر لێت ورنەگیرا، ئەوا تۆ ژمارەی ئۆتۆمبیلت لە لایە و کامێرای چاودێریت هەیە. دەزگایەکی بە هەزاران پۆلیسیش شک ئەبەی بە ژمارەیەکی گەرمی هەمیشە بەردەست. ئیتر بۆچی کارەساتێک بۆ خۆت ئەخووڵقێنی کە باجە مادی و گیانی و مرۆییەکانی بە دەیان ساڵ کۆتاییان نایەت؟
بەڵام ئەوەی زۆر مەبەستمە بیڵێم لەمەڕ ئەم ڕووداوەنەدا، ئەم چەند خاڵ و سەرنجەی خوارەوەیە:-
١-هەڵوێست و بیرکردنەوەی کاکی تەقەکەر کارێکی تاکەکەسی نیە و زۆرینەی هەرە زۆری تاکەکانی کۆمەڵگای عێراقی و کوردی و ڕۆژهەڵاتی ئەکرێ بە هەمان گوڕ و بە هەمان خوێن ساردییەوە دەست بۆ ئەو ڕێگاچارە کووشندەیە ببەن لە بچووکترین ململانێ و ناکۆکیدا.
٢-ئەرکێکی گشتی پەروردەیی و ئایینی و ئیداری و ڕۆشنبیری هەیە، لە وشیارکردنەوە تاکەکانی کۆمەڵگ، لەوەی چۆن بتوانن مامەڵە بکەن لە گەڵ ناکۆکی وململانێ و جیاوازی بیروڕادا.
٣-کۆمەڵگا و داب و نەریتی ڕۆژهەڵاتی، پیاوانی ئایینی، ڕۆشنبیری گشتی، لەم ناوچانەدا بارێکی قورسیان لە پیاو ناوە لە ژێر ناوی غیرەت، پیاوەتی، تۆڵەسەندنەوە، بێدەنگ نەبوون، ڕازی نەبوون...هتد. ئەم جۆرە لە پەروەردەکردنی نێرینەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی، هەر لە مناڵییەوە دەست پێ دەکەن تا مردن لە کۆڵی پیاوانی ئەم کۆمەڵگایانە نابنەوە. بە پێچەوانەوە ئەو پیاوانەی هەڵوێستە دروستەکە دەگرنە بەر و نەرم و نیانن لە چارەسەرکردنی ململانێکان. یاخود ڕێگەی یاسا دەگرنە بەر تۆمەتبارن بە ترسنۆک، گرینۆک، ژنانە، بێ دەسەڵات، لاواز و سست و بێ هەڵوست و...هتد.
٤-من نازانم کێ ئەرکی ڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە هەڵانە لە ئەستۆی خۆی ئەگرێ؟ کێ خۆی بە خاوەنی ئەم هەموو خوێنە ڕژاوە و ئەم هەموو توانا لە دەست چووە ئەرانێ؟
من پێم وایە ئیتر ئەبێ خێزان و پەروەردە و مزگەوت و پەرستگاکان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە نەهێشتنی گیانی تۆڵە سەندنەوە و چاندنی تۆوی هێز و غیرەت و ئازایەتی و ئارام نەگرتن لە دڵی پیاو و مێردمنداڵی کورددا. دووبارە پێناسەکردنەوەی ئازایەتی و نەبەردی و بەغیرەتی و نەبستنەوەی بە گیانی تۆڵەسەندنەوەی هەنووکەیی و کت و پڕ. ئەبێ ڕۆڵەکان وا فێربکرێن هەمیشە لە چرکەساتە هەستیارەکاندا مەودایەک جێ بهێڵن بۆ سڵاوت خوێندنێک، هەڵکێشانی دوو هەناسەی قووڵ، خواردنەوەی چۆڕێک ئاوی سارد و بیرکردنەەیەکی کورت لە دەرئەنجامە خراپ و چاکەکان. ئەنجا چارەسەر و دەستکردنەوه بە گفت و گۆکردن. ئەبێ دەزگاکانی پۆلیس جگە لە ئەرکە سەرەکییەکەیان کە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەمووانە بە بێلایەنی و وەکیەکی، کۆڕی سیمینار و سەردانی ڕۆژانەیان هەبێ بۆ ناو خەڵک و قوتابخانە و دامودەزگاکان. گرنگی ڕۆڵی ئەمان لە جیاکردنەوە و ناوبژیوانی و ڕێکەوتن و ڕێگاچارە و چاکسازی و سزاداندا.
٥-لە ٢٤/٠٦/٢٠١٩ وتارێکم لە سپی میدیا له ژێر ناونیشانی "کاتێک شۆفێرەکان یەکتر ئەکوژن!" نووسی لەوێ کەمێک بە وردی باسم لە بیمەی ئۆتۆمبیل و چۆنێتی چارەسەری ململانێی نێوان شۆفێرەکان بە هۆی پێکدادان و مامەڵەکانی نێو دونیای هاتووچۆدا، کردووە. هەر لەم سۆنگەیەوە بۆمان دەردەکەوێ کە چارەسەری زۆرێک لە کێشە و ململانێکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، دەکرێ چارەسەر بکرێن ئەگەر یاسا و ڕێسای بۆ ڕێکبخرێت و ڕۆشنیری لە بارەی مامەڵەکردنی ژیرانەی هاوڵاتیان لە گەڵ یەکتری، بە ڕێگاچارەی ئاشتیانە یان لە ڕێگی یاساوە، لە بری هەڕەشە و تۆڵە سەندنەوە.
لەو ڕووداوەی هەولێردا سێ مرۆڤ کوژران، کە بۆ ئەبەد نابینرێنەوە. سێ زامی قووڵیش بوو، بۆ سێ خێزان کە ئەبەد ساڕێژ نابێتەوە.
تاوانکاریش بە دەستی خۆی، ئێستا و داهاتووی خۆی کۆتایی پێ هێناو و ئازارێکی ئەبەدیشی بۆ کەسوکاری خۆی جێهێشت. کە ئەکرا ڕازی بێ بەو ئیهانە و پاڵنان و غەدرەی لێی کراوە و هانای بۆ خاوەنکار و پۆلیس ببردایە، لە جێگەی چەک.
هەموو ئەمانە ڕوویان دا و بەنزینخانەش هەر ئەو بەنزینخانەیە کە بەردەوام کاری خۆی دەکات و دەبێتە بە بیرەوەرییەکی تاڵ بۆ چوار خێزان و کە بە لایدا تێپەڕن چاو بنووقێنن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی