نوسەری دەربار

19 کاتژمێر پێش ئێستا

د. کامەران محەمەد


لە قووڵایی مێژووی مرۆڤایەتیدا، لەو شوێنەی کە (هێز) و (هزر) یەکدەگرنەوە، یان ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەمیشە کارەکتەرێکی ئاڵۆز و تراژیدی بوونی هەبووە، ئەویش (نووسەری دەربار)ە. ئەو کەسایەتییەی کە دەبوو ببێتە ویژدانی زیندووی کۆمەڵگە و چاوی ڕەخنەگری نەتەوەکەی، بەڵام ئەوە هەڵدەبژێرێت کە ببێتە زمانحاڵی ستەم و ئەندازیاری شەرعییەتدان بە گەندەڵیی و وێرانکاریی. ئەم دیاردەیە، کە بە سادەیی وەک (قەڵەمفرۆشی) ناوزەد دەکرێت، لە ڕاستیدا دیاردەیەکی هزریی و مێژوویی زۆر قووڵە، ئەو خاڵەیە کە تیایدا وشە پیرۆزیی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە چەکێکی کوشندە لە دەستی دەسەڵاتدا.
بۆ تێگەیشتن لە مەترسیی ئەم دیاردەیە، سەرەتا دەبێت لەو جیاوازییە جەوهەرییە تێبگەین، کە لە نێوان کاری نووسەر و کاری پیشەوەرانی دیکەدا هەیە. دارتاشێک کە کورسییەک یان وەستایەک کە کۆشکێک بۆ فەرمانڕەوایەک دروست دەکات، ئەوا ئەوان بەرهەمێکی ماددی بێلایەن دەخوڵقێنن. کورسیی و کۆشک لە خودی خۆیاندا هەڵگری ئایدۆلۆژیا نین. بەڵام کاتێک نووسەرێک پەخشانێک، شیعرێک، یان کتێبێک لە ستایشی هەمان فەرمانڕەوادا دەنووسێت، ئەو تەنها وشە نافرۆشێت، بەڵکو (مانا) و (شەرعییەت) دەفرۆشێت. ئەو بە قەڵەمەکەی، ستەمکاریی وەک (پێویستیی قۆناغ) وێنا دەکات، تاڵانکاری وەک (سەربەخۆیی و گەشەپێدانی ئابووری) پێناسە دەکات و کپکردنی دەنگە ئازادەکان وەک (پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی) دەخاتەڕوو. لێرەدایە کە نووسەر لە ڕۆشنبیرەوە دەگۆڕێت بۆ پاساوهێنەرەوە و لە ڕەخنەگرەوە بۆ پاسەوانی دەسەڵات دەگۆڕێت.

شوێنپێی قەڵەمە ژەهراوییەکان لە مێژوودا
دیاردەی نووسەری دەربار، دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بە درێژایی مێژووی ژیارەکان، لە سێبەری کۆشک و تەلارەکاندا ئامادەیی هەبووە.
بۆ نموونە لە مێژووی کۆندا و لەسەردەمی ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانیدا نووسین خرایە خزمەتی پڕۆپاگەندەوە، بەتایبەت لە سەردەمی (ئۆگستوس)، یەکەم ئیمپراتۆر، نووسین و ئەدەب بە شێوەیەکی سیستماتیکی خرانە خزمەتی چەسپاندنی دەسەڵاتەوە. شاعیرێکی گەورەی وەک (ڤێرجیل Virgil ) نووسەری ناوداری (ئینید Aeneid ) بەرهەمێکی ئەدەبیی بێوێنەی خوڵقاند، کە لە ڕواڵەتدا داستانێکی پاڵەوانێتی بوو، بەڵام لە قووڵاییدا پڕۆژەیەکی سیاسیی مەزن بوو، بۆ بەستنەوەی ڕەچەڵەکی ئۆگستوس بە خوداوەندەکانەوە و شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی تاکڕەوانەی. بۆیە بەرهەمەکەی بووە نموونەیەکی کلاسیک، بۆ ئەوەی چۆن دەکرێت مەزنترین بەهرەی ئەدەبی ببێتە ئامرازێک بۆ پۆشینی ڕووی ستەمکاریی بە بەرگێکی پیرۆز و مێژوویی.
دواتر لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، شیعری ستایش و بەخششی زێڕین، واتە دیاردەی (شاعیری دەربار) بەتایبەت لە مێژووی ژیاری ئیسلامیدا زۆر بەربڵاو بوو. شاعیران لە دەوری خەلیفە و ئەمیر و سوڵتانەکان کۆدەبوونەوە و بەهرەی شیعریی خۆیانیان لە ستایشکردنیاندا بەکاردەهێنا. شیعرەکانیان پڕ بوون لە وەسفی زیادەڕۆییانە، وەک شوبهاندنی فەرمانڕەوا بە شێر و خۆر و باران، تەنها لە پێناو وەرگرتنی بەخشش و نزیکبوونەوە لە ناوەندی هێز. (ئەبوتەییب موتەنەبی) کە بە یەکێک لە گەورەترین شاعیرانی عەرەب دادەنرێت، ژیانی بە گەڕان بەنێو دەربارە جیاوازەکاندا بەسەر برد و شیعری بۆ هەرکەسێک دەوت، کە پارەی زیاتری بدایە. هەرچەندە شیعری ئەم شاعیرانە لە ڕووی هونەرییەوە لە لوتکەدا بوون، بەڵام لە ڕووی ئەرکی ڕۆشنبیرییەوە، زۆربەی کات خزمەتی بەهێزکردنی پایەکانی ئەو دەسەڵاتانەی دەکرد، کە زۆرجار لەسەر بنەمای ستەم و نادادپەروەریی بونیاد نرابوون.
لە سەدەی بیستەمیشدا نووسەر لە خزمەت تۆتالیتاریزمدا،مەترسیدارترین و ڕوونترین نموونەی نووسەری دەربار لە سەدەی بیستەمدا دەنوێنێت، کاتێک ڕژێمە تۆتالیتارەکان (نازیزم، فاشیزم، ستالینیزم) هەوڵیاندا، نەک تەنها جەستەی مرۆڤەکان، بەڵکو ئەقڵ و ڕۆحیشیان کۆنترۆڵ بکەن.
بۆ نموونە لە یەکێتیی سۆڤیەتدا چەمکی (ڕیالیزمی سۆسیالیستی Socialist Realism ) بووە ئایدۆلۆژیای فەرمی و تەنها ستایلێک کە بۆ نووسەران و هونەرمەندان ڕێگەپێدراو بوو. دەبوو هەموو بەرهەمێکی هونەریی و نووسراو، وێنایەکی ئەرێنی و گەشبینانەی بۆ ژیانی ژێر سایەی سۆسیالیزم بکێشایە و ستایشی سەرکردەکانی حیزبی بکردایە. نووسەرانێک وەک (ماکسیم گۆرکی) کە پێشتر دەنگێکی بوێری دژ بە ستەمی قەیسەری بوو، دوای شۆڕش کەوتە ژێر کاریگەریی و فشاری ستالینەوە و بووە ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان بە ڕژێمەکە. لە بەرامبەردا، نووسەرانێک وەک (ئۆسیپ ماندلشتام) و (ئانا ئەخماتۆڤا) و دواتر (ئەلێکساندەر سۆلژینیتسین) کە ئامادە نەبوون قەڵەمەکانیان بفرۆشن، ڕووبەڕووی زیندان، دورخستنەوە و مەرگ بوونەوە.
لە ئەڵمانیای نازییشدا نازییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستیان بەسەر هەموو دامەزراوە فیکری و ڕۆشنبیرییەکاندا گرت. نووسەرێکی وەک گۆبڵز (وەزیری پڕوپاگەندە) سوپایەکی لە قەڵەمبەدەستان دروست کرد، کە ئەرکیان بە شەیتانکردنی جووەکان، ستایشکردنی ڕەگەزی ئاری و ئامادەکردنی کۆمەڵگە بوو بۆ جەنگ.

پەیکەری (نووسەری دەربار)ی هاوچەرخ
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە دیموکراسی تێیاندا لاوازە و گەندەڵی باڵی بەسەردا کێشاون، نووسەری دەربار جلوبەرگێکی نوێی لەبەرکردووە. ئەو لەوانەیە بە ئاشکرا ستایشی دیکتاتۆرێک نەکات، بەڵام ئەرکە ژەهراوییەکەی بە چەندین شێوازی زیرەکانەتر ئەنجام دەدات، وەک:
دروستکردنی دوژمنی وەهمی: بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و لابردنی سەرنج لەسەر گەندەڵیی و بێتوانایی دەسەڵات، قەڵەمەکانی دەربار بەردەوام دوژمنی ناوخۆیی و دەرەکی دروست دەکەن. ئەوان هەر دەنگێکی ناڕازی وەک (دەستی دەرەکی) و (تێکدەر) و (دژ بە بەرژەوەندیی وڵات و نەتەوە) وێنا دەکەن.
پاساوهێنانەوە بۆ گەندەڵی: سامانی دزراوی گەل وەک (زیرەکیی بازرگانی) و (توانای کەسی و ئەندازیاری پرۆژەی نیشتمانی)ی بەرپرسان نیشان دەدەن. پڕۆژە وەهمییەکان بە (دەستکەوتی مێژوویی) ناودەبەن و هەژاریی خەڵکیش دەخەنە ئەستۆی (دۆخی نێودەوڵەتی) یان ( گەمارۆی دوژمن) و (قەیرانی جیهانی).
هێرشکردنە سەر ڕەخنەگران: یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی نووسەری دەربار، لەکەدارکردن و شکاندنی کەسایەتیی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەیە، کە بوێریی ڕەخنەگرتنیان هەیە. ئەوان بە قەڵەمەکانیان تۆمەتی بێ بنەما بۆ هاوپیشەکانیان هەڵدەبەستن، بە ئامانجی کپکردنی هەر دەنگێکی جیاواز و چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە بۆ گوتاری دەسەڵات.

دەرەنجامە وێرانکەرەکان بۆ کۆمەڵگە
زیانەکانی دیاردەی قەڵەمفرۆشی تەنها لە سنووری بابەتە ئاکارییەکاندا قەتیس نابێت، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆ و وێرانکەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگە هەیە، بۆ نموونە:
 دروستکردنی قەیرانی مەعریفی: کاتێک ڕاستی و درۆ بە شێوەیەکی سیستماتیک تێکەڵ دەکرێن، هاووڵاتی ئاسایی توانای جیاکردنەوەی نامێنێت. ئیتر نازانێت باوەڕ بە کێ بکات و کامە سەرچاوە ڕاستگۆیە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی (پاش - حەقیقەت) کە تیایدا هەست و سۆز و دروشم جێگەی داتاو و لۆژیک و بەڵگە دەگرێتەوە.
داڕمانی ئاکاریی گشتی: ئاساییکردنەوەی گەندەڵیی و ستایشکردنی ستەمکاران، بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە وردە وردە دەڕزێنێت. خەڵکی فێردەبن، کە (ڕاستگۆیی) و (شەرەف) گەمژەییە و تاکە ڕێگەی سەرکەوتن، (فرتوفێڵ) و (نزیکبوونەوە)یە لە دەسەڵات.
 خنکاندنی پڕۆسەی گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی: هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ ڕەخنە گەشە ناکات. کاتێک قەڵەمە ئازادەکان دەشکێنرێن و دەنگی ڕەخنە کپ دەکرێت، کۆمەڵگە دەوەستێت و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی لەدەست دەدات. ستەمکاریی بەردەوام دەبێت، گەندەڵی قووڵتر دەبێتەوە و دواجار وڵات بەرەو هەڵدێر دەڕوات.

هەڵبژاردنی نێوان شەرەف و زێڕ:
مێژوو دادگایەکی بێبەزەییە. ئەو نووسەرانەی کە ئەمڕۆ لە سایەی دەسەڵاتدا لە ناز و نیعمەتدا دەژین و قەڵەمەکانیان بۆ چەسپاندنی ستەم بەکاردەهێنن، لە داهاتوودا یان ناوەکانیان بە نەفرەت دەبرێت یان لەوپەڕی بێبایەخیدا فەرامۆش دەکرێن. لە بەرامبەردا، ئەو نووسەرانەی کە بە برسێتی و هەژاریی و تەنانەت لەژێر هەڕەشەی مەرگدا، سوور بوون لەسەر گواستنەوەی حەقیقەت، ناویان وەک چرایەکی ڕووناککەرەوە لە یادەوەریی نەتەوەکەیاندا دەمێنێتەوە.
نووسەری دەربار - کە زۆرینەیان ئەوانەبوون، پێشتر دەنگی ناڕازی و تەنانەت تا ئاستی جنێوفۆشیش بەرامبەر بە ستەمکاریی و گەندەڵی دەڕۆیشتن - تەنها قەڵەمەکەی خۆی نافرۆشێت، بەڵکو ئایندەی نەوەیەک ویژدانی کۆمەڵگەیەک و شەرەفی وشە دەخاتە مەزادەوە. ئەو لە نێوان دووڕیانێکدا وەستاوە: یان هەڵبژاردنی شەرەفی مانەوە لە بەرەی گەل و حەقیقەتدا، یان هەڵبژاردنی زێڕ و دەستکەوتەکان لە سێبەری ستەمدا. مێژوو سەلماندوویەتی کە زێڕەکان دەپووکێنەوە و کۆشکەکان دەڕووخێن، بەڵام ئەو وشە ڕاستگۆیانەی کە لەسەر کاغەز نووسراون، بۆ هەمیشە دەمێننەوە.

(6/8(2025)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی