ئاین و وازهێنان لەهونەر (شیلان عوسمان و ڕێبوار مەلازادە) بەنمونە

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبوار چەلەبی

 لە جیهانی پپێشکەوتودا هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردادێت، لە بواری ڕۆشنبیریشدا هەموو شتێک دیدوبۆچونی نوێ هەڵدەگرێت . قوتابخانەی ئەقڵانی کرانەوەی تیادایاو هەموو شتێک دەخاتە ژێر باری پپشکین و کنە کردنەوەو دوبارە خوێندنەوەی نوێی بۆ دەکاتەوە. لە بواری هزری ئاینیشدا،قوتابخانەی تێگەیشتنی ئەقڵانی سەرمەشقەو( شێخ محمەد عەبدەو شێخ محەمەد غەزالی) ڕابەرایەتی دەکەن لە کۆن و نوێدا. لە کوردستانیش مەلای گەورەو شێخ محەمەدی خاڵ و د.مستەفا زەڵمی سەرمەشقی بوون. هونەرە جوانەکان لە ڕوانگەی هزری ئاینی ئیسلامەوە لەم سەردەمەدا دوو خوێندنەوەی بۆکراوە: 1- سەلەفی و تەقلیدیەکان، بەبێ دوودڵی حەرامی دەکەن و دەیان بەڵگە بۆ ئەو فتواو بۆچونانەی خۆیان دە‌هێننەوە. 2- ئەقلانی و کراوەکان، بە حەڵاڵ و پێویستی دەزانن و دەیان بەڵگە دەهێننەوە و بەڵگەی تەقلیدیەکان هەڵدەوەشێننەوە. لەو زانایانەی سەردەم،کە پشتگیری ئەم بۆجونە دەکەن، (د.ئەحمەد شڕباسی ئەزهەری)یە، کەنەک هەر مۆسیقا، هونەری سینەما و سەرجەم ژانرەکانی هونەر بە پێویست دەبینێت بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە، دەیبەستێتەوە بە نیەتی بەکاربەرو جۆری بەکار‌ێناوە، کە باشی باشە و نایاسایشی قەدەغەو حرامە، وەکو چەقۆ بۆ بەڕێکردنی ژیان پێویستەو بۆ لێسەندنەوەی ژیان لە مرۆڤێکیش حەرامە.(فتاوا المعاصرة / د. احمد شرباصي) هەرچی د.یوسف قەرزاویشە، بە ڕێبازی زانستی دەیسەلێنێت، هونەرە جوانەکان حەڵاڵەو بەڵگەو بیانوی سەلەفیسکان هەڵدەوەشێنێتەوە( الحلال و حرام في الاسلام / د.يوسف القرزاوي) لەژێر رۆشنای ئەم ئایەتە پیرۆزەدا فتوای حەڵاڵ بوونی گۆرانی و مۆسیقا دەدات " يسالونك ماذا اوحل لهم قل اوحل لكم الطيبات" المائدة/4. لەم سەرو بەندەدا دەچمە باسی وازهێنانی هەر یەک لە هونەرمەندان ( شیلان عوسمان و ڕێبوار مەلازادە) کە وازیان لە هونەر هێناوپابەندی ئاینی خۆیان دەربڕی و عەمرەیەکیان کردو خۆیان بێ ببەری کرد لەو هونەرە جوانەی کە چەندین ساڵە پێشکەشی گەلەکەیان کردووە! واشیان دایە قەڵەم ، کە هونەری گۆرانی حەرامەو چەند هونەرمەندێکی تریش بڕیاریان داوە وازبێنن و وەکو ئەوان بکەن. بەبۆچونی من بڕیاردانی لەو چەشنە، بڕیارێکی هەڵەیەو پابەند بوونی ئاینی و هونەرمەندی دژی یەکتر نین و بەهەڵەدا براون. ئەوان چەند هونەری جوانیان پێشکەش دەکرد خێریان بۆ دەنوسراو دڵخۆشکردنی خەڵکیش بە هونەری ڕەسەن، ترۆپکی خوداناسییە و بە پێچەوانەوە بەواز‌هێنانیان گوناهبار دەبن و ئەو بەهرە خودایەی پێیان بەخشراوە، بە خامۆشکردنی بەرپرسیاری لای خوداو خەڵک دەبن. ساڵی هەشتاکان هونەرمەندی گەورە (ئەحمەد شەماڵ) لە گەڕەکی چوارباخی سلێمانی دراوسێمان بوو، دەهاتە مزگەوت و مامۆستا مەلا محەمەد و موسڵمانانی گەڕەک شانازیمان پێوە دەکرد و کەس داوای لێ نەکرد واز لە هونەرەکەی بێنێت و تۆبەبکات،چونکە حەرامە. حەمدی شاعیر دەفەرموێت: ڕەببی موی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بەدەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی