تۆقینەرترین و بەدناوترین ناوی جەلاد، لای ئەو کەسانەی لەئەنفالدا برابوونە نوگرەسەلمان، ناوی ((عەجاج))ە. ئەو ئەفسەری بەرپرسی گرتوخانەی قەڵای نوگرەسەلمان بووە، کەسێکی (سادی)و رەفتاری لەگەڵ خەڵکەکەدا لەو پەڕی دڕندەیی و بێ بەزەییدا بووە.
چەند کەسێک لەنوسەرانی بواری ئەنفالو جینۆساید، لەمانگی 10ی ساڵی 2006 وەک میوانی چاودێر بانگهێشتکراین بۆ ئامادەبون لەچەند دانیشتنێکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەبەغدا كه لەسەر دۆسیەی ئەنفال بەڕێوەدەچوو، بریتیبوین لە(لەتیف فاتیح فەرەج، تەها سلێمان، محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، عومەر محەمەد، مەجید ساڵحو عەبدوڵڵا کەریم مەحمودو سالار مەحمود).
لەدانیشتنی یەکەمی ڕۆژی دوەمی ئامادەبونی ئێمە لەهۆڵی دادگادا کە ڕێکەوتی 11ى 10ى 2006 بوو، یەکێک لەژنە ئازاو پاکیزە شایەتحاڵەکان، ناڕەحەتی دۆخو گوزەرانی خۆییو بەسەرهاتەکانی لەو ماوەیەی لەنوگرەسەلمان بوو بۆ دادگا دەگێڕایەوە، زیاتر لەجارێک ناوی عەجاجی هێنا، لەگەڵ ناوهێنانیشیا ئاهێکی قوڵیشی هەڵدەکێشا.
بەهەستێکی پڕ لەخەمەوە کەوتە باسکردنی شێوازەکانی دەستدرێژییکردنەسەری، لەلایەن ئەو جەلادەی قەڵای نوگرەسەلمان، لەکاتی قسەکانیدا، دادوەر محهمهد العریبى دەستیخستەسەر سویچە سورەکەی بەردەستی؛ بۆ ئەوەی پەخشی دانیشتنەکە کە ڕاستەوخۆ بوو نەگوازرێتەوە بۆ کەناڵەکانی تەلەفزیۆن.
کچەکە باسی ئەوەیکرد؛ کە چۆن عەجاجو یەک دوو کەس لەپاسەوانەکانی، شەو هاتونو لەکچەکانیان هەڵبژاردوەو بردویانە بۆ لای خۆیان، بەبیانوی جیاجیا، ئیتر خۆی پێڕانەگیراو بەدەم گریانەوە وتی، "منیش بەو دەردە برامو زۆر دڕندانە سوکایەتیان پێکردومو بێ شەرمانە دەستدرێژیان کردوهتە سەرم".
لەو گێڕانەوەیەدا ھۆڵی دادگا پڕبوو لەبێدەنگی، خودی محەمەد العریبی عارەق بەناوچاوانیدا دەهاتە خوارەوەو سەری خۆی پێڕانەدەگیراو شۆڕیکردەوە بەسەر مێزەکەی بەردەمیداو، لەحەسرەتو شەرمدا بەدەستە ڕاستی ئارەقی ناو چاوانی دەسڕی.
ژنەکە لەقسەکانی بەردەوامبوو، دادوەر بەبێدەنگیو دوای چەند دەقیقەیەکی تر بەهەردوو دەست ئارەقەی سڕی، داوەرەکەی تری دەستەچەپی محەمەد العرێبی لەژێر عەینەکەکەیەوە فرمێسک بەچاوەکانیدا دەهاتە خوارەوەو ئەویش زوزوو فرمێسکەکانی دەسڕی.
شێوازی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکە زۆر کاریگەربوو، بەتایبەتیش بەعەرەبی ئیفادەی دەداو، زمانەکەی زۆر پاراوبوو، بەجۆرێک عەرەبیەکەی ئەتوانم بڵێم لەباشترین عەرەبی زانەکان بوو، کچەکە جگە لەزانینی زمانی عەرەبی بەباشی، پێدەچوو ئاگایەکی باشیشی لەئەدەبیاندا هەبوبێ، چونکە بەزمانێکی پاراوی ئەدەبیش گوزارشتی لەمەینەتیەکانی نوگرەسەلمان دەکرد.
ئەمە وایکرد لەڕوی دەرونیو ویژدانیەوە زۆر کاربکاتەسەر سۆزی ئامادەبوانی هۆڵەکەو گریان خەمگینیەکی قوڵ ھەمووانی داگرت، جگە لەسەدام حسێنو هاوقەفەسەکانی نەبێت.
لەیەکێک لەدانیشتنەکانی دواتردا، شایەتحاڵ عەبدوڵڵا سەعید ئەحمەد خەڵکی گۆپتەپە بوو، باسی لەوەکرد، لەنوگرەسەلمان لەبەر ھەلاکەتو خراپی ژیانو گوزەرانیان، وتی: ڕۆیشوینەتە لای عەجاج ئەو (بەحەجاج ناوی دەهێنا) باسی ئەوەمان بۆی کردوە، کە ژیانمان لەبەر نەخۆشیو نەبونی خواردنو پیسی بەتەواوی لەکولەمەرگیو مەترسیدایەو، وا بڕوا هەمومان دەمرین، وتی: عەجاج لەوەڵامدا پێی وتین: ئێوە بۆ ئەوە هێنراونەتە ئێرە کە بمرن، ئێوە بۆ ژیان نەهێنراونەتە نوگرەسەلمان.
عەجاج ناوێکە لەدادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، چەندین سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن شایەتحاڵە سکاڵاکارەکانی زیندانی قەڵای نوگرەسەلمانەوە.
ئەو دوو سکاڵایەی لەعەجاج کرا تەنها لەیەک دانیشتنی دادگادا بوو، دۆسیەی ئەنفال 61 دانیشتن بوە لەیەکەم دانیشتنەوە تا دوا دانیشتنی بڕیاردانی دادگاکە، بەدڵنیاییەوە چەندین سکاڵای تر لەدانیشتنەکاندا لەو تاوانبارە تۆمارو تەوسیق کراوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە کە عەجاج ئەحمەد حەردانیان دەستگیرکردوە، ڕۆژی 29ى 7ى 2025 لەشارۆچکەی ظلوعیە، دوای ئەوەی چەند کەسێک لەقوربانیانی تاوانی ئەنفال سکاڵایان لەسەری تۆمارکردوە لەدادگای پارێزگای موسەنا، جگە لەسکاڵی نوێ کە لەسەر ئاستی تاکو گروپی کەسی تۆمارکراون، پێویستە پشت ببەسترێت بەو سکاڵایانەش کە لەدادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەکاتی لێکۆڵینەوە لەدۆسیەی ئەنفال، شایەتحاڵو سکاڵاکارەکان تۆماریانکردوە، لەسەر ناوبراوو تاوانبارانی تر.
ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕوی عەجاج کراون لەدادگای باڵای تاوانەکان، کوشتنو ئەشکەنجەدانو دەستدرێژیکردنەسەر ژنانو کچانی پاکیزەو مردوو خستنەبەر سەگی ڕەشو هی تریشن، کاتی ئەوەیە ڕێکار بگیرێتەبەر بهگوێرهى یاسای دادگاکە ژمارە (10)ی ساڵی 2005و بڕیاری دەستەی دادەوەرانی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق ڕێوشوێنی یاسایی ئەنجامبدرێتو یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕوی ئەو جەلادە کراونەتەوە بەپێی ئەحکامەکانی دادگاکە.
سکاڵاکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمی بەعس و دەکەوێتە چوارچێوەی ویلایەتی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە، گرتنی ئەو جەلادە دوای سی و حەوت ساڵ لەئەنجامدانی تاوانەکەو، بیست و سێ ساڵ لە روخانی رژێمی بەعس، گەرچی درەنگ وەختە، بەڵام سروشتی تاوانی نێودەوڵەتی کات و زەمەن هیچ لە پرسەکە ناگۆڕێ، عەجاجی بەعسی ئێستا لەبەردەم عەدالەتی یاسادایە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ گێڕانەوەی نەختێک لە مافی قوربانیان و، بیرهێنانەوەی تاوانی ئەنفال.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی