*بەو درووشمەی سەرەوە دایکانی شەممە خەباتی چەند ساڵەیان لە مەیدانی گەڵتەسەرای ئەستەنبۆلەوە گواستەوە بۆ ھۆڵی پەرلەمانی تورکیا، کۆمسیۆنە پەرلەمانیەکەی تورکیا دیداری لەگەڵ ئەنجام دان.
دایکانی شەممە، کە پێکھاتوون لە کەسوکاری قوربانیانی بێسەروشوێنکراونی ساڵانی (1980-1990) لە تورکیا لە چوارچێوەی ڕێکخراوێک ھەموو ڕۆژانەی شەممەیەک بە ئامانجی فشارخستنە سەر دەسەڵاتداران لە تورکیا بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسوکاریان لە مەیدانی گەڵەتە سەرای چالاکیان ئەنجامدەدا، فشارە بەردەوامەکانیان وای لە دەسەڵاتدارنی تورکیا کردبوو کە ژمارەیەک لەو دایکانەش بخاتە زیندان و بە فەرمیش چالاکیەکانیان قەدەغە بکات.
دوای ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی (تورکیا – ئیمرالی) کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بە ناوی "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک - برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی" دامەزرا، ئەو کۆمسیۆنە لە پێنجەمین کۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ چین و توێژەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، دواین کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێکخراوی دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی و رێکخراوەکانی سەر بە مافی مرۆڤ ئەنجام داوە.
شایانی باسە، داخوازی ئەم ڕێکخراوانەی کە کۆمسیۆنەکە دیداری لەگەڵ کردوون داخوازی سیاسی و یاسایی بوونە ئەگەر دەسەڵاتدارانی تورکیا بچێتە ژێرباری ئەو داخوزیانە ئیدی لە تورکیا ھیچ کەس بە بێ ھۆکار یان بە تۆمەتی ھەڵبەستراو ناخرێتە زیندان.
دایکانی شەممە لەو دیدارەدا بە پەرۆشەوە داواینکرد دەبێت ئیدی ڕێگری لە ڕژانی خوێنی ڕۆلەکانی کورد و تورک بگیرێت، لەو بارەیەوە دواینکرد ئەوەی کە پێویستە بخرێتە ژێر خاک چەکە نەک لاشەی ڕۆڵەکانیان.
شایانی باسە، خەباتی مەدەنی لە باکووری کوردستان ھەموو چین و توێژێک لەخۆدەگرێت لە نێو ئەو چین و توێژانەدا (دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی) ھەن، کە ساڵانێکی زۆرە بۆ ئاشتی و دژ بە شەڕ تێدەکۆشن، بۆیە دیداری کۆمسیۆنییە پەرلەمانیەکە لەگەڵیان، وە وەرگرتنی سەرنج وتێبینی ئەوان بە مەبەستی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان گرنگن.
لەو دیدارەدا دایکان پڕۆژە پێشنیارێکی شەش خاڵیان ڕادەستی کۆمسیۆنەکە کردووە، بەجێبەجێکردنی پێشنیارەکان، پڕۆژەکەیان دەکرێت ببێتە نەخشە ڕێگای دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی و یاسایی بۆ پرسێک کە ساڵانێکە دەریایەک خۆێنی بۆ ڕژاوە.
دواجار دەڵێین ڕێکخراوی دایکانی شەممە 30 ساڵ لە دامەزراندنی و خەباتی بێوچانیان بۆ ئاشتی بۆ یەکەمینجارە لە لایەن دامەزراوەیەکی فەرمی پێشوازیان لێدەکرێت و پێشنیارەکانیان دەخرێتە چوارچێوەی پڕۆسەیەک کە پێ دەوترێت پڕۆسەی ئاشتی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی