گومان لەوەدانییە کە ئەوەی لەسلێمانی ڕویدا بەئاگاداریی پێشوەختەی پارتی بوە؛ هێزێک بەناوی حکومەتەوە بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگیو براکانی لەئێوارەوە لالەزاریان تەوقکردوە، کەچی بەناو سەرۆکی حکومەت وەکو ئەوەی ئاگای لەهیچ نەبێ داوادەکات شەڕەکە رابگرن!
*
لە8ی تەمموزی 2021وە بافڵ تاڵەبانی هەمان نەخشەو پلانی دوێنێ شەوی هەبوو، بەڵام تەدەخولی سەرۆکی هەرێمو ئەمریکییەکان ڕێگربون لەوکارە، هەربۆیە بافڵ چەندینجار داوایکرد کە لاهور شێخ جەنگی سلێمانی بەجێبهێڵێت.
*
لەڕوداوی 8ی تەمموزی ئەمساڵ لەهەولێر پارتیو هێزە ئەمنییەکانی، لەلایەن خورشید هەرکییەوە هەتککرانو خورشیدو هەرکییەکان بونە سیمبولی بەرخۆدان لەبەرامبەر ئەو زوڵمو ناهەقییەکەی کە پارتی دەرهەق بەخەڵک دەیکات.
*
نە ئەمڕۆشو نە لەداهاتوشدا، پارتی ئەو شکستەی پێ هەزم ناکرێ، (ئەوەش بەدور نابیندرێ کە جارێکی دیکە هەڵبکوتنەوەسەر هەرکییەکان)و ئەوەشی لەبیر ناچێتەوە کە ڕۆڵی میدیاکانی سلێمانی لەڕوماڵکردنی ڕوداوەکەدا، چەندە شانوشکۆی دەزگا فیشاڵە ئەمنییەکانی پارتییان تەفروتونا کرد.
*
پارتی سەرباری واڵاکردنی دەستی بافڵ تاڵەبانی بۆ قەڵاچۆکردنی هەموو ئەوانەی لەمپەری بۆ دروستدەکەن، لەدڵیشەوە تەمەننای دەکرد، هەمان سیناریۆی خورشید هەرکی، ئەمجارە لەسلێمانی دوبارەبێتەوە، ڕەنگبێ ئەوەشیان بەلاهور شێخ جەنگی وتبێت کە خۆی نەدا بەدەستەوەو دوای ماوەیەکی کورت کۆتایی بەشەڕ دەهێندرێو بەمەش هەیبەتی هێزەکانی بافڵ تاڵەبانی دەشکێندرێ!
*
ڕێک پێچەوانەکەی ڕویدا.
*
پلانەکەی پارتی سەرینەگرتو هێندەی دیکە پێگەی بافڵو قوباد تاڵەبانیی لەسلێمانی قایمترکرد، تەمەنی سیاسیی لاهور شێخ جەنگیو حزبەکەی کۆتاییانهات، ئیتر لالەزاریش ڕەنگبێ بەدەردی قەڵای کوێخا دێرین بچێ.
*
بافڵ بەدەستێکی ئاسنین چەمکی زۆنی ڕەنگاوڕەنگی سڕییەوەو ئیتر زۆنەکە سەوزێکی تۆخەو جێگەی ڕەنگی دیکەی دژ بەیەکێتیی تێدا نابێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی