ئەوەی لەسلێمانی گوزەرا ڕوداوێکی باشنەبوو بەپێوەرەکانی دونیای مۆدێرنی سیاسیی، بەڵام گوزەراو گەڕانەوەیەک بونی نییە، لەوە گرنگتر ئەوەیە ئەم پێشهاتە نابێت کۆتایی پڕۆسەیەک بێت وەک لەوەی سەرەتایەک بێت بۆ چونە نێو دونیایەکی سیاسی نوێ لەکوردستان.
ڕوداوەکەی لالەزار گەر زۆرینە وەک تەسفیە حسابێکی سیاسی یاخود یەک لاکردنەوەیەکی ململانێیەکی ناوخۆی خێزانێک یاخود پارتێکی سیاسی لێی بڕوانن، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە ڕیشەیەکی دورتری هەیەو بەلایەنی کەمەوە بەرهەمی دەسەڵاتدارییو کایەیەکی سیاسی ناڕێکخراو پەرتەوازەیە کە زیاتر لە30 ساڵە لەم کۆمەڵگهیەی ئێمەدا بونی هەیە، بەوەی پارتی سیاسی، خێڵ، بنەماڵەو کۆمەڵگایەکی پڕ چەکمان هەیە.
لەبری ئەوەی کێبڕکێکان سیاسیو دیموکراتیانەبن، بەڵکو لەهەر چرکەیەکدا سروشتی کێبڕکێکان دەگۆڕێن بۆ ململانێو پێکدادانی چەکداریی، لەکێبڕکێ سیاسییو پەرلەمانیەکاندا هیچلایەک دۆڕان قبوڵنەکاتو دان بەبردنەوەی هیچ لایەنێکیشدا نەنرێت، چونکە هەموان بەهێزە چەکدارەکەیاندا دەنازن ئەمەش وادەکات هەرگیز ئێمە نەبینە بینەری شانۆی دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتو نە بینە خاوەن کۆمەڵگایەکی دیموکراتو دەسەڵاتێکی یاسا سەروەر.
بەڵێ ئەوەی لەسلێمانی ڕویدا، باشنەبوو بەڵام گەر ئەم پێشهاتە وەک گۆڕانکاریەک لێی بڕوانین دەشێت دەرگای وەرچەرخانێکی گەورەمان لێبکاتەوە کە لەداهاتوو بمانکاتە خاوەن کۆمەڵگایەکی دیموکراتو دەسەڵاتێکی چەسپاوتر لەسەروەریەکانی یاساو ئازادییە سیاسییو کەسیەکانی تێدا پارێزراوبن، ئەمەش چۆن ڕودەدات؟ بەڵێ ئەمە پرسیارێکی سەختو ئاڵۆزە، لەکوردستان ئێمە واقێکی سیاسیمان هەیە کە پێکهاتوە لەدوو پارتی فەرمانڕەوا بەهەموو جۆرێک لەپاوەرەوە لەگەڵ بونی چەند پارتێکی سیاسی تر لەبەرگی ئۆپۆزسیۆنێکی بۆشدا، ئەم پارتانەی دەرەوەی پارتیو یەکێتیی هێندەی لەدوکانۆچکەی سیاسی دەچن لەپارتی خاوەن ئایدیاو ئۆپۆسیۆنی ڕاستەقینە ناچن، چونکە واقعی سیاسیانو پێشخانی کارکردنیان جگەلەوەی پێمان دەڵێن ئەمانە کۆپی خراپی پارتەکانی دەسەڵات بەولاوە هیچی ترنین، هیچی نوێش ناخەنەسەر کایەی سیاسی لەکوردستانو بگرە سەربارو ڕێگریشن لەوەی کۆمەڵگهی ئێمە هەنگاوبنێت بەرەو ئەزمونکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی خاوەن ڕوئیا، هەروەها دەسەڵاتێکی مۆدێرن.
ئەوەی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی پێی هەستاوە بەگەڕاندنەوەی مەرکەزیەت لەنێو پارتەکەیو لادانی باڵو تەکەتولی خاوەن هێزی چەکدار لەڕواڵەتدا دەشێت کارێکی تاکڕەویانەو ناتەندروست بێت، بەڵام لەبنەڕەتدا کارێکی زۆر دروستو ڕەوایە، دروستو ڕەوایە لەبەرئەوەی بەلایەنی کەمەوە لەزۆنێکی حوکمڕانیدا دەبێت یەکلایەنی خاوەن چەکو هێز بونی هەبێت ئەمە چ دۆزەخێکە هەر پارتێک، خێلێک، بنەماڵەیەک، عەشیرەتێک خاوەن هێزی چەکداربنو ڕۆژانە نمایشی هێزەکەیان بکەنو دەسەڵاتو حکومەتیش ئیرادەی ئەوە نەکات پێیان بڵێت پشتی چاوتان ئەبرۆیە.
ئەوەی پێویستە بافڵ تاڵەبانی بیکات وەک بەردەوامیەک لەوەی دەستیپێکردوە لەزۆنی دەسەڵاتەکەیدا ئەوەیە هەموو پارتو چینو توێژەکان لەچەک دابماڵێت چەک تەنها لەدەست دامەزراوە یاساییو ئەمنیەکاندا بمێنێتەوە، هەروەها لەڕێگەی دامەزراوە حکومیەکانەوە مۆڵەتی هەندێک دوکانۆچکەی سیاسی، زۆر ڕێکخراوو دامەزراوەی ڕاگەیاندن (تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە، ماڵپەڕ، پەیج، هتد…) هەڵبوەشێنرێنەوە کە ئاسایشی سیاسیو کۆمەڵایەتی کۆمەڵگهی کوردیان تێکداوەو بونەتە سەرچاوەیەک بۆ پارەدارکردنی خاوەنەکانیان بێ ڕەچاوکردنی هەر بەهایەک.
هەروەها لەنێو پارتەکەی خۆشیدا بونی هەر هێزێکی تایبەتو کەسی قەدەغە بکات، ڕێگربێت لەبەرپرسانی پارتەکەی لەبونی میدیای تایبەتی ئاشکراو سێبەر، پابەندیان بکات بەوەی تەنها کاری سیاسی ئەنجامبدەنو دەستوەردان لەدامەزراوەکانی حکومەت نەکەن، دیارە ئەمەش بەبێ هەماهەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان ناکرێت، چونکە ئەو پارتە هاوشێوەی یەکێتیی نیشتمانی خاوەنی زۆنێکی دەسەڵاتە، لەهەمانکاتدا لێکچوی یەکترین لەسترەکچەرو بیرکردنەوەدا، بتوانێت ئەوانیش قایل بکات بەکارکردنی پێکەوەی بەهەمان گۆڕانکاریی کە دەشێت لەداهاتودا ئەم پڕۆسەیە درێژبێتەوە بۆ ڕیفۆرمێک لەهەموو جومگەکانی حوکمڕانی بەوەی چەک تەنها لەدەستی دامەزراوە سەربازیەکانی حکومەتدابێت تەنانەت یەکێتییو پارتیش دوو پارتی بێ چەک بنو پێکەوە هاوکاربن لەبونیادنانی کەشێکی سیاسی تەندروستو دیموکرات کە تێیدا گرەنتی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بکرێت، دواجار گەر ئامانجی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی ئەنجامیدەدات ئەمە بێت هیوا زۆرە بگەینە کەنارێکی ئارام، گەرنا داهاتویەکی تاریک.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی